لەکاتێکدا ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی نزیک دەبێتەوە چالاکوانان ئاماژە بەوە دەکەن هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران باری ئاسایشیان توند کردووە و چەندین گەنجیان دەستگیرکردووە.
یەکێک لەو گەنجانەی ڕۆژی دووشەممە لە شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە سارۆ موستەئجێرە کە گوایە لەسەر چالاکییەکانی ژیلا موستەئجێری خوشکی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەستگیرکراوە.
ژیلا موستەئجێر لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەستگیرکردنی برا بچووکەکەی پشتڕاست کردەوە و دەشڵێت ئەمە یەکەم جار نییە " پێشتریش چەندین جار بانگکرابوو، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرابوو و دیارە بەڵگەنامەیان پێ واژۆ کردبوو کە لە دژی ئێمە، ڕێکخراوی هەنگاو و من، ناچاریان کردبوو قسەبکات و فیلمیان لێ تۆمارکردبوو."
بەڵام خاتوو موستەئجێر دەڵێت لە ڕابردوودا پاش چەند کاتژمێرێک ئازاد کراوە و جگە لەوەش شێوازی دەستگیرکردنەکەی جودا بووە " تەلەفۆنیان بۆ دەکرد بانگیان دەکرد، پێیان دەگوت وەرە بۆ دائیرەی ئیتڵاعاتی شاری سەقز ئەوەیش چونکە هیچ کارێکی هەڵەی نەکردووە زۆر بە ئاسایی دەڕۆشت." بەڵام دەڵێت ئەم جارە " شێوازی دەستگیرکردنەکەی وەکو هێرش بووە. چەند ئۆتۆمبێلێک چوونەتە سەر ماڵی ئێمە دەستبەسەریان کردووە و وەڵامی بنەماڵەکەشمانیان نەداوەتەوە لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی."
خاتو موستەئجێر ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی هەنگاو کە لە هەرێمی کوردستانەوە قسەی بۆ دەنگی ئەمەریکا کرد گوتیشی بنەماڵەکەی هەتا ئێستا نازانن براکەی بۆ کوێ براوەو نەیانتوانیوە هیچ هەواڵێکی بزانن.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بنەماڵەی هاوکارانی ڕێکخراوی هەنگاو لە ناوخۆی وڵات چەندین جار لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکان و بەتایبەت ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بانگ کراون و وێڕای ئەوەی کە گوشاریان خستووەتە سەریان، لەلایەن ئەو ناوەندە حکومەتییانەوە هەڕەشەشیان لێ کراوە."
ڕێکخراوەکە دەشڵێ" ئەم گوشار و هەڕەشانەی حکومەت تەنیا لە ناوخۆی ئێراندا سنووردار نەبووە و ئەندامانی هەنگاو لە ئەوروپاش لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە و لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتانی نیشتەجێبوونیانەوە لە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاگادار کراونەتەوە."
هەر لە ڕۆژی دووشەممە دوو هاووڵاتی تری کورد بە ناوی ئەمیر ئەرژەنگی و ستار ئەرژەنگی خەڵکی شارەدێی نێ سەر بە شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە دەستگیر کراون.
بە پێی سەرچاوە هەواڵییەکان هەردوو هاووڵاتییەکە خێزاندارن و منداڵی بچووکیان هەیە، پاش بانگکردنیان بۆ دەزگای ئیتڵاعاتی مەریوان دەستبەجێ دەستگیر کراون وبراون بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کوردی تر لە لایەن هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون لە ناویاندا ڕەحمان ئەحمەدی و عادل ئەحمەدی کە هەردووکیان ئامۆزان چەند ڕۆژێکە لە گوندی سویچی سەر بە بانە دەستگیرکراون و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بنەماڵەکانیان ئاگاداری ڕەوشیان نین و نازانن بۆ کوێ براون.
ژیلا موستەئجێر دەڵێت " لەسەروبەندی ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی، کۆماری ئیسلامی ئێران فشارەکانی بە تایبەتی لە کوردستان زۆر زیاد کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دەستگیر کردووە لەوانەدا کەسوکاری شەهیدەکانیش."
ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی سەقز لە کاتێکدا بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە تاران لەلایەن گەشتی ئیرشاد (پۆلیسی ئاکار)ەوە دەستگیر کرابوو، لە دەمی دەستبەسەریدا لە 16 ی مانگی 9ی 2022 گیانی لەدەستدا، کە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن گیانلەدەستدانەکەی بەهۆی لێدانەوە بووە.
مەرگی ژینا بووە هۆی خۆپیشاندانی دژی بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرانسەری ئێران و لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیش بۆ پشتیوانیکردن لەو خۆپیشاندانانەی ئێران کە بە شۆڕشی ژینا ناسرا، ڕێپێوان و چالاکی جۆراو جۆر سازکرا.
لە خۆپیشاندانەکانی نێو ئێراندا سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش برینداربوون بێجگە لە دەستگیرکردنی دەیان هەزارکەسی تر لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.