سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هۆکاری بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم پەرتەوازەیی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمە، بڕیارەکەش کاریگەری خراپ لەسەر هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵێت و نە دەبوو دادگای فیدڕاڵی، هەرێمی کوردستانی بێچاودێری بهێشتایەتەوە و لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بدات. دەشڵێت، بەڵام بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیەوە پەیوەست دەبین، لە بەرامبەردا ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت بۆ ئەوەی هەیبەت بۆ دامەزراوەکانی عێراق بگێڕێنەوە ئەم داوایەمان تۆمار کردووە و بڕیارەکەش بە پێویست ناو دەبات.
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عێراق دەوڵەتێکی فرە حزبی و فرە نەتەوەو فرە مەزهەب و زمانە، ئەمانە بە ئاسانی یەکناگرنەوە، تا بڵێین دەوڵەتێكی یەک دەنگ و یەک ڕەنگە، ئەوە مەحاڵە، لە بەرامبەردا لە هەرێمی کوردستان لایەنە سیاسیەکان و حزبەکان ئەوەندە لەیەک دوورن، یەک ڕیزیان تێدا بەدی ناکرێت، ئەمانە لێرەدا کاریگەری کردۆتە سەر ئەوەی عێراق بە ئاسانی ئەو بڕیارانەی کە دەیەوێت بەشێکیان بە ڕێگەی یاسایی وبەشێکیان بەڕێگەی سیاسی دژی هەرێمی کوردستان بیاندات، هەرێم ئەگەر یەکگرتووبێت و لایەنە سیاسیەکان یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بن پێم وایە، قانونیش زەفەرمان پێنابات."
دەشڵێت،"من پێم وایە دەبوو دادگای فیدڕاڵی عێراق حسابی ئەوەی بکردایە کە پەرلەمانی کوردستان کە دەزگایەکی قانوونی چاودێری بووە هەڵی وەشاندەوە. نە دەبوو ئەنجومەنیش هەڵبوەشینێتەوە و هەرێمی کوردستان بێ چاودێری بهێشتایەتەوە، کاریگەری زۆر خراپی هەیە لەسەر شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان."
دوێنێ ڕێکەوتی 24/9/2023 دادگای فیدڕاڵێ عێراق بڕیاریدا، بە نادەستوریبوونی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکەش دوای داوایەکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دێت بە ژمارە 124 ی ئیتیحادی 2023 لە دادگای فیدڕاڵی کە لەسەر ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆماری کردبوو، داوای کردبوو کە دادگای فیدڕاڵی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پاریزگاکانی هەرێم بە نا دەستوری لە قەڵەم بدات.
لەو بارەیەوە ڕێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت،"دەعواکە چەند مانگێکە تۆمار کراوە، بە پشت بەستن بەوەی درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەن نا دەستوری و ناقانونیە. بابەتەکە ئەوەندەی پەیوەندیدارە بەوەی ئێمە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن باس لە دەوڵەتێکی موئەسەساتی دەکەین، ئەوەندە پەیوەست نیە بە بارگرانی داراییەوە، هەر هێزێک باس لە دروستکردنی دەوڵەتی موئەسەساتی بکات، بە ڕێزگرتن لە تەوقیتە دەستوریەکان و تەمەنی موئەسەسەکان دروستدەبێت ئەوە یەکەم هەنگاوە کە دەبێت ڕێزی لێبگیرێت، ئەمە بۆ هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕاستە، ئەنجومەنێک بۆ چوار ساڵە مانای نیە خۆی تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە."
دەشڵێت،"دەبێت هەیبەت و ڕێز بۆ دامەزراوەکان بگەڕێتەوە."
پێشتریش دادگای فیدڕاڵی لە ڕێکەوتی 30/ 5/ 2023، لە سەر داوای یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کودستان بڕیاری نادەستوری بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی داو پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە. چاودێرانیش پێیان وایە ئێستا هەرێمی کورستان لە بۆشاییەکی دەستوریدایە، هەرچی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیشە، دەڵێت،"هیچ دامەزراوەیەکی تر ناتوانێت جێگەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بگرێتەوە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2009 یاسای پارێزگاکانی هەرێم کاری کردووە، ئەمە یاساییە وە جگە لە ئەنجوومەن هیچ لایەنێکی تر ناتوانێت ماددەو بڕگەکانی ئەم یاسایە پەیڕەو بکات."
دەشڵێت،"باشترین چارەسەر وبەدیل ئەوەیە کە بیر لە هەڵبژاردن بکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ماوەیەکی کەمدا."
ئازاد محەمەد ڕاشیگەیاند،"ئێستا بڕیارکە دەرچووە ، بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی قابیلی تەعن نییە، بۆیە چاوەڕێدەکەین کە بزانین ڕێنمایی و وردەکاری بڕیارەکە چیە، دوایش سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران لەدوای ڕای خۆیان ئەبێ بینێرنەوە بۆ ئەنجوومەنەکان چی بڕیارێک بێت جێبەجێی دەکەین."