Accessibility links

هاوسەرۆکی شارەوانی مەخمور: هێرشەکەی ئەمشەوی تورکیا بۆ سەر مزگەوتی مەخمور بووە و 5 کەسیش بریندار بوون


تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەوی بێفڕۆکەوانەوە، ڕۆژی شەممە،7 ی مانگی دە هێرشی کردە سەر کەمپی مەخمور و لە ئانجامی هێرشەکەشدا چەند کەسێک برینداربوون و مزگەوتی گوندەکە و چەندین خانووش زەرەر و زیانیان بەرکەوتووە.

بەدران پیران هاوسەرۆکی شارەوانی مەخمور لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، "هێرشەکە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و یەک جار لە کەمپەکەی داوە، لە ئەنجامی هێرشەکەشدا 5 کەسی سڤیل برینداربوون."

ڕاشیگەیاند، "هێرشەکە لە ناوچەی دوو بووە و ڕاستەوخۆ لە مزگەوتی گوندەکەی داوە، بەو هۆیەشەوە نزیکەی 40 خانووی هاوڵاتیان زیانی بەرکەوتووە."

هەرچەندە تورکیا بە بەردەوامی لە ڕێگەی درۆنەوە هێرش دەکاتە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێکە هێرشەکانی چڕتر کردۆتەوە، لە ناوچەکانی بناری قەندیل و شارباژێر چەندین هێرشی ئەنجامداوە، بیانووی تورکیاش هەبوونی گەریلاکانی پەکەکەیە لە هەرێمی کوردستاندا.

بەڵام هاوسەرۆکی شارەوانی مەخموور ڕەتی دەکاتەوە هێرشەکەی شەوی شەممە بۆسەر هیچ بنکەو بارەگایەکی پەکەکە بوبێت، بەدران گوتی، "هێرشەکە بۆسەر خەڵکی سڤیل و ماڵی خودا بووە، تورکیا دەست لە ماڵی خوداش ناپارێزێت، نەک هاوڵاتیانی کورد."

دێرسیم کە یەکێکە لە دانیشتوانی کەمپەکەیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند و گوتی "هێرشەکە تەنیا یەک مەتر لە ماڵی ئێمەوە دووربوو، بەو هۆیەشەوە ئێمە ماڵمان بەجێهێشتووە، چونکە خوشک و براکانم منداڵن و زۆر ترساون لە هێرشەکە."

وتیشی،"فڕۆکەکانی تورکیا هێشتا بە ئاسمانی کەمپەکەدا دەسوڕێنەوە و ترس و دڵەڕاوکێیان لە دڵی دانیشتوانی کەمپەکەدا دروستکردووە."

XS
SM
MD
LG