Accessibility links

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق: پێنەدانی پارە بە دۆلار لە بانکەکاندا پێچەوانەی بڕیاری بانکی ناوەندیە


سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێنەدانی پارە بە دۆلار بە هاووڵاتیان لەلایەن بانکەکانەوە پێچەوانەی بڕیاری بانکی ناوەندیە، چونکە بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بۆ حەواڵەی دەرەکی بە دۆلار لە مانگی 1ی ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

شارەزاییەکی ئابوریش پێی وایە ئەوەی لە بەشێکی زۆر لە بانکەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕوودەدات "دەستبەرسەراگرتنی پارەی خەڵکە " و خەریکە سەردەکێشێت بۆ "تاوانی دارایی."

لە دوای بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار و ناجێگیریەکەی لە عێراق و هەرێم و کوردستاندا، حکومەتی عێراق چەندین ڕێوشوێنی جیاوازی گرتۆتە بەر بە مەبەستی ڕێگری کردن لە هەڵئاوسان و جێگیرکردنی نرخی دینار. لە دوا هەنگاویشدا بانکی ناوەندی بڕیاریدا کە لە ڕێکەوتی 1- 1-2024 بەدواوە بانکەکان تەنها بە دینار لە بەری دۆلار مامەڵە لەگەڵ بەشداربواندا بکەن. بەڵام لە ئێستادا بەشی هەرە زۆری بانکەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە، رێگە نادەن بەکاربەرەکانیان دۆلار رابکێشن، یان بڕەکەیان سنور دارکردووە بۆ 2 هەزار دۆلار یان کەمتر لە رۆژێکدا ،کە ئەمەش گرفتی بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە.

سۆرن عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو بانکانەی ئێستا ئەوکارە دەکەن، پێچەوانەی بڕیاری بانکی ناوەندیە. بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بۆ ساڵی 2024ە، کە حەواڵەی دەرەکی بە دۆلار بۆ ناوخۆش بە دینار دەبێت."

پێنەدانی پارە بە دۆلار لەلایەن بانکەکانەوە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کار بۆ کۆمپانیا و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکەن و حەواڵەی دەرەکیان بە دۆلار بۆ دێت. سەرەنجامی ڕێوشوێنەکانی بانکەکانی هەرێم، خەڵکانێکی زۆر کە موچەکەیان بە دۆلارە یاخود ئەو کەسانەی پارەیان لە بانکەکاندا هەڵگرتووە ناتوانن پارەکانیان بە دۆلار وەربگرنەوە، بە بیانووی نەبوونی دۆلار لە بانکەکاندا.

شارەزایەکی ئابووریش پێی وایە ئەمە دەستبەسەراگرتنی پارەی هاووڵاتیانە و بە مەترسی بۆ ئایندە لە قەڵەمی دەدات.

محەمەد حسین شارەزای ئابوری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی ئەم بانکانە دەیکەن دەستبەسەراگرتنی پارەی خەڵکە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر ئەو کەسانەی کە پارەکانیان لەم بانکانەدایە. پارە بەکەڵکی چی دێت ئەگەر تۆ نەتوانیت شتی پێ بکڕیت لەو کاتانەی کە خۆت دەتەوێت. هەر بۆیە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، لەراستیدا دەستبەرسەراگرتنی پارەی خەڵکە و خەریکە سەردەکێشێت بۆ تاوانی دارایی لە لایەن بانکەکانەوە."

بانکی ناوەندی عێراق هۆکاری بڕیارەکەی بۆ سنوردارکردنی مامەڵەی بانکەکان بە دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرزبکاتەوە. بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەم ڕێوشوێنە و جێگیرنەبوونی نرخی دینار بووەتە هۆی زیادبوونی گەندەڵی لە پرسی گۆڕینەوەی دۆلار و دیناردا.

محەمەد حسێن شارەزای ئابووری دەڵێت، "هەندێک لە بانکەکان دۆلاری ئەو خەڵکە دەبەن و لە بازاڕدا دەیگۆڕنەوە بە نرخی بازاڕ. بۆ نمونە 100 دۆلار بە 160 هەزار دیناری عێراقییە، ئینجا دواتر خەڵک ناچاردەکەن بە نرخی ئاڵوگۆڕی فەرمی بانکی ناوەندی پارەکەیان وەربگرنەوە، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە."

وتیشی،"لە راستیدا تا ئێستا ئەم ڕێکارە دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبووە. ئەم بڕیارە بەشێکی ئەو دۆلارە کەم دەکاتەوە کە رۆژانە دەهاتە ناو بازاڕەکانی عێراقەوە. لە کاتێکدا خواست لەسەر دۆلاری کاش هەمیشە زیاترە لەو بڕەی کە بانکی ناوەندی دەیخاتە ڕوو. هەربۆیە نرخی بازاڕی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ئەمڕۆ بە رادەی 20% زیاترە لە نرخی ئاڵوگۆڕی بانکی بانکی ناوەندی."

سەرەتای ئەم مانگە کاتێک بەرپرسێکی بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە رێگە نادرێت کەس دۆلاری حەواڵە رابکێشێت و هەموویان بۆ دەکرێت بە دیناری عێراقی و بە نرخی فەرمی، لەو کاتەوە لە ماوەی تەنها 2 رۆژدا نرخی 100 دۆلار لە 151 هەزار دینارەوە هەڵکشا بۆ 152 هەزار دینار.

لە دوای بڕیاری بانکەکانەوە بۆ پێنەدانی پارە بە دۆلار ناڕەزایی لە ناو خەڵکدا دروستکردووە، بە پێیەی ژمارەیەکی خەڵک زەرەرمەند دەبن لەو بڕیارە و بە تایبەتیش ئەوکەسانەی بڕە پارەیەکی زۆریان لە بانکەکان هەڵگرتووە.

یەکێک لەو کۆمپانیا بیانیانەی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبادا کۆمپانیای سمیسی ئەڵمانیە کە لە 8 تۆرباینە گەورەکەی کارەبا لە خورمەڵە بەرپرسە و کارەبا بۆ موسڵ و بەغداد دابین دەکات. سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاکە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،"لە ماوەی مانگێکدا سێ بانکیان پێ گۆڕیوین بە ناچاری. ئێستا کۆتا جار پێیان وتووین بڕیاری حکومەت و بانکی ناوەندیە ئەبێ بە دینار پارەکە وەربگرین بۆ هەر 100دۆلارێک بە 132 هەزار. مۆزەفەکان ئەڵێن قبوڵی ناکەین، بۆیە دەمانەوێت هەڵوێست وەربگرین بە مانگرتن بێت یاخود محەتەی کارەباکان بکوژێنینەوە. کارمەندەکان وتیان ئەگەر بە 132 بۆمان حساب بکەن دەزگاکان ئەکوژێنینەوە."

محەمەد حسێن لەو بارەیەوە دەڵێت،" کاریگەری ئەم گرفتە لەسەر تەواوی هاووڵاتیانی عێراق و کوردستانیش لەوێوە دەستپێدەکات کە ئەمە دۆلار لە بازاڕدا کەم دەکاتەوە، دواتریش بەهای دۆلار گران دەکات بەرامبەر دیناری عێراقی، ئینجا نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییە هاوردەکراوەکان گران دەکات. ئەمەش پێمان دەڵێت، کە ئەوەی بانکی ناوەندی کردی بۆ کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دینار لەگەڵ نرخی بازاڕیدا، دەرەنجامی پێچەوانەی هەبوو. کەلێنەکەی زیاتر کرد."

دەشڵێت،"لەبەرامبەر زەرەمەندی هاووڵاتیاندا، بانکەکان قازانجێکی خێرای کورتمەودای مشەخۆرانە دەکەن، بەڵام لە ئاستی دوور مەودادا هێندەی تر متمانەی خۆیان لاواز دەکەن و هێدنەی تر خەڵک دوور دەخەنەوە لەوەی کە پشت بە بانکەکان ببەستن. بۆ نمونە، تا مانگی 7ی ئەمساڵ، لە کۆی گشتی 98 ترلیۆن دیناری عێراقی کە تا ئەو کاتە بانکی ناوەندی چاپی کردبوو، نزیکەی 17 ترلیۆنی لە ناو بانکەکان و سوڕ بانکەکاندا بوو. ئەوی تری هەمووی لە لای خەڵکەو لە بەر بێ متمانەیی لە بانکەکاندا داینانێن، ئەمەش بۆتە گرفتێک بۆ ئابوری و سێکتەری بانکی عێراق. ئەو دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت هێندەی تر ئەم گرفتە و بێمتمانەیی بانکەکان ئاڵۆزتر دەکات."

هەرچەندە دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەم ڕیکارەی بانکەکان پەیوەندی کرد بەرپرسی یەکێک لە بانکە دیارەکانی شاری سلێمانی کە ئەو بڕیارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن لەو بارەیەوە.\

بە ڕای محەمەد حسێن، چارەسەری ئەو بابەتە لەلای بانکی ناوەندیە و دەڵێت دەبێت بڕیارەکەی بۆ ڕێگری لە ڕاکێشانی دۆلار هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەو ئابوری ناسە دەڵێت، "دەبێت ئەم بانکە و هەموو دەوڵەتی عێراق و هاووڵاتیانیش پێیان خۆش بێت خەلک دۆلار بهێننەوە عێراق و لێرە بە کاشی رایبکێشن و خەرجی بکات، ئەمە لە قازانجی هەموو لایەکە."

XS
SM
MD
LG