Accessibility links

سەرچاوەیەک لە حزبەکانی کۆمەڵە: سوپای پاسداران هاتوونەتە کەمپەکانمان و داوایان لە ئەندامەکانمان کردووە خۆیان تەسلیمی ئێران بکەنەوە


چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ڕایانگەیاند، هێزێک کە پێیان وتراوە سەر بە حکومەتی عێراقن، بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێم چوونەتە کەمپەکانی زڕگوێز و کۆیە پشکنینیان بۆ کەمپەکان کردووە، بەڵام دەرکەوتووە ئەو هێزە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە.

فەرماندەکەی سوپای پاسداران داوای لە ئەندامەکانیان کردووە، بگەڕێنەوە بۆ ئێران و خۆیان تەسلیمی ڕژێمی ئێران بکەنەوە. پێشی وتوون "شتێک نەماوە بە ناوی شۆڕش". لەو بارەیەوە بەرپرسێکی کۆمەڵەی زەحمەت کێشانیش دەڵێت سەرەڕای تێگەشتن لە دۆخی هەرێم، بەڵام "نیگەرانین لەم کردەیە، ئەمە سوکایەتیە بە خوێنی شەهیدەکانمان."

لە دوای ڕێکەوتنی حکومەتی عێرا ق و ئێران بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی چالاکی حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و کۆتایی هاتنی ئەو وادەیەی کە ڕژێمی ئێران دەستنیشانی کردبوو بە مەبەستی بێچالاکی کردنی ئەو حزبانە، چەند جارێک وەفدی ئەمنی حکومەتی عێراق سەردانی کەمپەکانی ئەو حزبانەی کردووە بە مەبەستی دڵنیا بوونەوە لە چەکدانانیان، بەڵام بە قسەی چەند سەرچاوەیەک سەردانەکەی ئەمجارە کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 18ی مانگی دەی 2023 بووە جیاواز لە جارەکانی تر، بینیویانە کە یەکێک لەو کەسانە فەرماندەیەک بووە لە سوپای پاسدارانی ئێران.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە حزبەکانی کۆمەڵە کە ناو و دەنگی لە لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سێ ڕۆژ پێش ئێستا بە ناوی وەفدی عێراقی، وەفدێک سەردانی کەمپی ئێمەیان کرد لە زڕگوێز، بەڵام زانیمان فەرماندەی سوپای قودس بوون یان بڵێین نوێنەرانی سوپای قودس، یان قەرارگای ڕەمەزانن سەردانی بارەگای حزبە ڕۆژهەڵاتیەکانیان کردووە، بە حزبی دیموکرات و هەرسێ کۆمەڵەکەوە، وە زیاتر بە تورکی قسەیان کرد، تورکی ئازەربایجان."

وتیشی"شەڕی دەروونیان لەگەڵ ئەندامانی ئێمە دەکرد، لێیان پرسین چی دەکەن و بەچیەوە سەرقاڵن، وتیشیان بۆ نایەنەوە باوەشی کۆماری ئیسلامی ئێران، شتێک بە ناوی شۆڕشەوە بوونی نەماوە، لەوێ کورد لە ژێر حوکمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەحەسێتەوە، ئەوان وتیان ئاغای باقڕی چاوەڕێتان دەکات، ئاغای باقڕی یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانە، بۆیە بەداخەوەین. چونکە لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانیەوە پارێزگاریان لێدەکرا، عادەتەن ئەوان هێزەکە دەهێنن و دەبەن."

بەڵام دەزگای ئاسایشی هەرێم، هەواڵەکە ڕەت دەکاتەوە، سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو کەسانەی سەردانەکەیان کردووە پێکهاتووە لە وەفدێکی هاوبەش، لە لیژنەی ئەمنی عێراقی و دەزگای ئاسایش هەماهەنگی کردوون." بێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات لەو بارەیەوە.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی کرد بە یەکێک لە بەرپرسەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لەو بارەیەوە ئەمجەد حسێن پەناهی بەرپرسی پەیوەندیەکانی هەولێر لەو حزبە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە ئەوەمان پێ خراپە. ئۆردوگاکانی ئێمە یان بارەگا و کەمپەکانی ئێمە سڤیلن و ژن و منداڵی تێدایە، ئێمە داوامان کردووە یوئێن سەرپەرشتی کەمپەکانمان بکات، ئێمە ئەوەمان پێباشترە.

ئەم کردارەش کاردانەوەی زۆری دروستکردووە لەناو تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتدا، زۆر خراپە بۆ ئێمە، کوردانی ڕۆژهەڵات باوەڕیان وایە حکومەتی هەرێم زیاد لە حەدی خۆی مۆڵەتی داوە بە دەستگا ئەمنی و عەسکەریەکانی ئێران و سوپای پاسداران کە بێن بەو جۆرە ئێمە تاقیر بکەن."

وتیشی،"داواشمان لە یەکێتی و پارتی ئەوەیە زۆرتر تەنسیق لەگەڵ یوئێن بکەن و ئەوان بناسن، کەمپەکانمان واڵایە بۆ یوئێن، با بێن خۆیان چاودێری بکەن و خۆیان سەرپەرشتی بکەن، نەک ئەوەی فەرماندەکانی سوپای پاسداران بێن ژن و منداڵی کەمپەکانی ئێمە تەقیر بکەن. پێشتریش وتوومانە و ئێستاش ڕایدەگەیەنین ئێمە قوربانیمان بۆ ئەم هەرێمە داوە، خۆمان بە بەشێک لە مەنزومەی دیفاع لە هەرێم دەزانین، دڵنیابن قەت سەر ئێشە نەبووین بۆ هەرێم و ناشبین، هەموو هەوڵێکمان داوە بیانوو نەدەینە دەست کۆماری ئیسلامی کە هێرش بکاتە سەر هەرێم."

بە پێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئەو وەفدە سەردانی حزبی دیموکرات، کۆمەڵەی کۆمەنیست، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کردووە، لە زڕگوێز و بەکرەجۆ، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە دوو حزبی تر لەو بارەیەوە، یەکێکی تر لە حزبەکانی کۆمەڵە لە سەرچاوەیەکەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وێڕای نیگەرانی حزبەکەی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.

سەرچاوەکەی کۆمەڵە ڕایگەیاند،"وەفدەکە بۆ لای ئێمەش هاتن، تەنانەت کامێرایان پێ بوو ڕەسمیانگرت هی هەموو شوێنەکان، وەفدەکە کەسی ئێرانیشیان لەگەڵدا بوو، چوونە ناو خەڵکی زرگوێزیش، بەڵام ئێمە نازانین کێ بوو، پێشمان وایە سوکایەتیە بە هەرێمی کوردستان، هەموومان بەو کردەیە بریندارین."

وتیشی،"هەر کەس لە بەرپرسانی یەکێتی و حکومەتی هەرێم بێت کێشەمان نییە، بەڵام بگاتە سوپای پاسداران شەرمە."

بەڵام حزبی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند،"ئامادەنین لێدوان بدەین لەو بارەیەوە."

لە ڕابردوودا دەنگی ئەمەریکا لەسەر زاری بەرپرسانی ئەو حزبانە زانیاری ئەوەی بڵاو کردەوە، کە بە پێی بەشێکی تر لە ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ئێران سێ کەمپ بۆ ئەو حزبانە دروست دەکرێن و دەبرێنە ناوچەی موسڵ و ئەندامەکانیان لەو کەمپانە لەژێر چاودێری یوئێندا دەمێننەوە.

لەو بارەیەوە ئەمجەد حسێن پەناهی دەڵێت،"داوا لە یوئێن دەکەین خۆیان بێن و کەمپەکان بپارێزن، وە ڕێگە بە ئێران نەدەن بەو جۆرە ژن و منداڵ و خەڵکی ئێمە لە دانیشتوی کەمپەکان تەقیر بکەن."

وتیشی،"ئێمە وەک لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمیش نەمێنین، کۆماری ئیسلامی بیانوویەک دەدۆزێتەوە هێرش بکاتە سەر هەرێم و تۆپبارانی مەرزەکان بکات، لانیکەم بێتە هەرێم و دەستی ئاژاوە وەربداتە هەرێمی کوردستان ئەوەی دیارە ئاساییە کە تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا چاویان بە کورد هەڵنایە، هەمیشەش یەکگرتوو بوون و لە پلاندا بوون کورد نەبێتە خاوەن کیان، ئێستا کە ئەم هەرێمە هەیە کوردانی چوارپارچەی کوردستان تێیدا بحەسێنەوە و بە ماڵی خۆیانی دەزانن، بۆیە ئەمە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە چاویان پێی هەڵنایە، لە هەوڵدن پلانی لە دژ بگێرن، بە بەرپرسانی هەرێمیش دەڵێین ئێمە هەمیشە پاڵپشتیان بووین و دەبین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:06 0:00

XS
SM
MD
LG