بەرپرسی سەنتەری میترۆ لەسەر دۆسیەی دیارنەمانی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بە هۆی ئەوەی ئەو دەزگایەی ڕۆژنامەنووسەکە کاری تێدادەکات لە پارتێکی سیاسی کوردی تورکیاوە نزیکە، ئەوان گومانیان بۆ دروستبووە کە دۆسیەکەی بە سیاسی کرابێت.
ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم کەسە کە لە ڕۆژنیوز ئیش دەکات وە تەماشا دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، کە ئەمە جهەتێکە نزیکە لە پارتێکی باکوری کوردستانەوە، بۆیە گومان دەکرێت بابەتەکە بە سیاسی کرابێت."
بە پێی سەنتەری میترۆ، سلێمان ئەحمەد لە یەكی تشرینی یەكەمی 2023، بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی باوكی "بەرێكاری یاسایی" سەردانی خانەوادەكەی لە حەلەب كردووە. هەر بەو رێكارە كە لە هەرێمی كوردستان بۆی كراوە لە 25ی تشرینی دووهەم 2023 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی خانەوادەكەی پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە.
سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، "سەنتەری میترۆ پەیوەندی بەدایكی سلێمان (سوڵتانە ئەحمەد) كرد، لە بارەی ئەم كەیسەوە، ووتویەتی، 'كوڕی من لەماڵ دەرچووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ شوێنی كاری بەڵام لە فیشخابور مۆبایلی داخراوە.' وتیشی، 'پێنج ساڵە لە هەرێم بێ كێشە كاردەكات، داوا دەكەین چارەنوسی بزانین.'"
بەڕێوەبەرابەتی ئاسایشی دهۆک لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەیتی "هێزەکانی ئاسایش ، کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە ."
بەڵام پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی دهۆک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو ڕۆژنامەنووسە لەلای ئێمە دەستگیرنەکراوە و ئێمە ئاگاداری گرتنی ئەو کەسە نین."
بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر، دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد بە پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بەڵام هەردوولا ڕایانگەیاند ئاگاداری ئەو دۆسیەیە نین.
سەنتەری میترۆ سەرەڕای داوا کردن بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی ڕۆژنامەنووسەکەی ڕۆژنیوز داواشدەکات، دۆسیەی ڕاگەیەندنکاران تێکەڵ بە ململانێ سیاسیەکان نەکرێت.
ڕەحمان غەریب بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "دەبێت ڕۆژنامەنووس لە هەموو حاڵەتەکان و ململانێکاندا پارێزراو بێت و نەچێتە ناو ململانێ سیاسیەکان و لە ناو ململانێ سیاسیەکان تەعریفی بۆ نەکرێت، وەکو ڕۆژنامەنووس مافەکانی پارێزراو بێت."
دەشڵێت، "هەم ئێمە هەم خێزانەکەی وا تێگەشتووین لێرە ئیجرائاتی لەگەڵ کرابێت بەو پێیەی لە حەلەبەوە هاتۆتەوە. بە هەر حاڵ بە هەموو شێوەیەک دەبێت ڕوونکردنەوە بدرێت لەسەر ئەم کەیسە. دەبێت هەرێم بڵێن لای ئێمە نییە، نەک وەڵام نەدرێتەوە، دەبێت قسە بکەن و وەڵامیان هەبێت، نابێت وا بە بێدەنگی بڕوات. ئێمە لە بەدواداچوونەکانمان بەردەوام دەبین تاکوو چارەنووسی بزانین. دەبێت ڕابگەیەندرێت کە دەستگیر کراوە یان چی؟"