بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دوێنێ بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا دوورخستنەوەی لە ڕیزەکانی ڕاگەیاند، بڕیاری دوورخستنەوەکەی بە کارێكی "هەڵە" ناودەبات، چونکە چەندین بەڵگەو دیکۆمێنتی لەلایە لەسەر ئەو حزبە. دەڵێت، ئەمە یەکەم هەنگاوی بانگەشەی هەڵبژاردنە لەلایەن گۆڕانەوە و گۆڕان ڕای وایە بەم بڕیارە دەتوانن دەنگ بهێنن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا. دەشڵێت، لە ڕێگەی دەنگی ئەمەریکاوە هەواڵی دوورخستنەوەی پێگەشتووە و پێشتر کەس لە حزبەکەی لەم بڕیارە ئاگاداری نەکردۆتەوە.
دوێنێ 3ی مانگی 11ی 2023 بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیانامەیەکدا ڕایگەیاند،'بە هۆی دووبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دکتۆر سەیوان عەلی ڕەزا، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی گۆڕان.'
دوابەدوای بەیاننامەکەی گۆڕان دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە بریکاری وەزارەتی پەروەردە دکتۆر سەیوان عەلی ڕەزا، ئەو بێ ئاگایی خۆی لە بڕیارەکە ڕاگەیاند و وتی،"من تا ئەم دەقەیەش کەس بە منی نەوتووە تۆ دوور دەخرێیتەوە، من لە ڕاگەیاندنەوە بیستوومە، کە شەو ئێوە تەلەفۆنتان بۆ کردم زانیم، وەک ڕێکخستن پێم نەوتراوە. دوورتان خستومەتەوە کەیفی خۆتانە سەرچاوم مەرحەبا."
دەشڵێت،"گۆڕان زەرەری کرد لە دوور خستنەوەی من، بەڵام درەنگە تازە، ئەنواع و ئەشکاڵ شتم لەلایە، ئەوە نییە کابرایەک بم هیچ نەزانم بزوتنەوەی گۆڕان دورم بخاتەوە، ئەنواع و ئەشکاڵ شتم لەلا هەیە هەر لە مەسج و تەلەفۆنەوە هەتا دەکاتە دیکۆمێنت کە بۆ من نێردراوە، بەڕای من بزوتنەوەی گۆڕانم شتێکی خراپی کردووە."
بە ڕای دکتۆر سەیوان هەرێمی کورستان و ناوچەکە بە قۆناغێکی ئاڵۆز و شەڕدا تێدەپەڕێت، چەندین بڕیاری گرنگ و چارەنووس ساز هەیە کە دەبوو گۆڕان بیدات.
دکتۆر سەیوان دەڵێت،"ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا تێک دەچێت، کێشە لە ناو خۆی عێراق هەیە، دە بوو بزوتنەوەی گۆڕان گرنگی بدات بە شتە چارەنووس سازەکان ئەوەی پەیوەندی بە تاک تاکی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بڕیارێکی بدایە چۆنیەتی لەسەر داهاتووی کوردستان بدایە، نەک وەڵا سەیوانمان دوور خستۆتەوە."
دەشڵێت،"ئەمەی گۆڕان یەکەم هەنگاوی بانگەشەیە بە دوور خستنەوەی من، بە دەرکردنی من گۆڕان هیچ زیاد ناکات، بە پێچەوانەدە دەنگی کەم دەکات."
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی کرد بە دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام ئەو ڕایگەیاند،"قسەی تر ناکەم لەو بارەیەوە، ئەوەی هەیە بەسە لەسەر ئەو پرسە بێ زیاد و کەم."
دوورکەوتنەوەی کادرانی باڵا یەکەم جار نییە لە ناو ئەو حزبەدا ڕوودەدات، ڕێباز حەملان وەزیری دارایی لە کابینەی پێشووی حکومەت و مەسعود حەیدەر دوو لەو دەمووچاوە دیارانەن کە لە ڕابردوودا لە بزوتنەوەکە دوور کەوتوونەتەوە و چوونەتە ناو پارتی، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە، تا ئێستا ئەو حزبە بە فەرمی هیچ بەیاننامەیەکی نەبووە لەو بارەیانەوە.
چاودێرێکی سیاسیش داوای وەڵام لە بزووتنەوەکە دەکات سەبارەت بە بێدەنگ بوونیان لەسەر دوورکەوتنەوەی هەردوو ناوبراو. بڕیاری بزوتنەوەی دکتۆر سەیوانیش بە "بانێکەو دوو هەوا" وەسف دەکات.
پشدەر بابەکر چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بۆ بزوووتنەوەکە تا ئێستا بەیاننامەی فەرمی نیە لەسەر بوونی ڕێباز حەملان بە پارتی؟بۆچی تە ئێستا قسەی لەسەر ناکەن کە لەلای چاودێران جێگەی پرسیارە."
دەشڵێت،"سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان بانێکەو سەد هەوایە، خۆیان بەشدارن لە حکومەت کە دەزانن حکومەتەکە تەمەنی بەسەرچووە، ئێستاش ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە بزووتنەوەی گۆڕان دەوام دەکەن، پارێزگارو قائم قامەکانیان کە شەرعیەتیان نەماوە دەوام دەکەن، دامەزراوەکان بەڕێوە دەبەن، لە بنەڕەتەوە دەبێ وەڵام بدەنەوە چۆن و کێ و بۆچی دکتۆر سەیوان کاندید کرا کاتی خۆی؟، ئایە تەنها دکتۆر سەیوانە لە بزووتنەوەکە ئەم هەنگاوەی ناوە؟."
لە دوای ئەوەی دوو ساڵ بەر لە ئێستا دکتۆر سەیوان لەگەڵ وەفدێکی پارتی سەردانی گۆڕی بارزانیەکانی کرد لە دەڤەری بارزان، لەو کاتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وا بڵاو بۆوە کە دکتۆر سەیوانیش وەک بەشیکی تر لە کادرەکانی گۆڕان بووە بە پارتی، بەڵام دکتۆر سەیوان سەرەڕای ئەوەی بە مافێکی ئاسایی خۆی دەزانێت، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە بووبێت بە پارتی.
لەو بارەیەوە دەڵێت،"پارتی نەبووم و نیم، نە گۆڕانبوونم تا دوێنێ بە عەیبە دەزانم، نە ئەندام بوون لە پارتی بە عەیبە دەزانم نە ئەندامبوون لە حزبی تریشدا بە عەیبە دەزانم، من لە 78 ەوە پێشمەرگە بووم، من تەنەزولم بۆ ڕژێمـی بەعس نەکردووە بە ئەوجی قوەتی خۆیەوە."
دەشڵێت،"من چەنێکە ئیش دەکەم وەزیرەکەمان وەک تەنزیم پارتییە، بەڵام وەکو ئیش، ئیش بۆ پەروەردە دەکات، ڕۆژێک لە ڕۆژان بە من نەوتراوەو لە کەسم نەبیستووە بڵێن تۆ نابیت بە پارتی؟ یان بۆ نابیت بە پارتی؟ ئێمە ئیشمان کردووە وەک کادری حکومەت نەک وەک کادری تەنزیمی، لە وەزیرێکەوە تا مۆزەفێک لە وەزارەت نەمبیستووە باسی حزب بکرێت، بڵێن ئەم کەسە حزبیە ئیشی بۆ بکە یان بۆی مەکە. کەس بە منی نەوتووە فڵان کەس پارتیە یارمەتیەکی نادەیت."
بریکارەکەی وەزارەتی پەروەردە بزووتنەوەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی لەماوەی کارکردنیدا حزبەکەی نە چاودێری کارەکانی کردووە و نە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردووە، و نە پرسیاری میکانیزمی کارەکانی لێکراوە وەک بەرپرس لە وەزارەتی پەروەردە.
دکتۆر سەیوان دەڵێت،"لە ماوەی کارکردنم یەک جاریش کەس بە منی نەوتووە تۆ چی دەکەیت؟ خۆم بە پێچەوانەوە وتوومە هەموو ئەو ئیشانەی دەیکەم با لە ڕێگەی ژووری حکومەتەوە بێت، بۆ ئەوەی ژووری حکومەت بتوانێت ساڵانە ڕاپۆرتی خۆم بدەم بە بزوتنەوەی گۆڕان، ئیشەکانم ئاوایە و ئاوا کار دەکەم و ئەمە وردەکاری و کارەکانی وەزارەتە، من سەربەخۆ، ئەوەی بە پێویستم زانیوە لە خزمەتی قوتابی و خەڵکی کوردستاندایە ئاوا ئیشم کردووە."
وتیشی،" گۆڕان نە گەورەی کردم نە بچوکی کردوومەتەوە من سەیوانی عەلی ڕەزا هاواریم، لەوەتەی هەم وا ئیش دەکەم کە بە پێویستی بزانم، بزوتنەوەی گۆڕان بڕیارێکیان داوە تەواو بووە و سوپاسیان دەکەم."