بەردەوامی بایکۆت لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زۆرترین ماوەی لە 9 ساڵی ڕابردوودا تێپەڕاند. بەهۆی بایکۆتیشەوە نزیکەی یەک ملیۆن خوێندکار لە دەرەوەی خوێندنگاکانن.
بەهۆی دواکەوتنی مووچەی سێ مانگ لە ئەمساڵدا، زیاتر لە 58 هەزار مامۆستا ڕەتی دەکەنەوە بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، ژمارەی ڕۆژانی لەدەستچوونی خوێندن گەشتە 66 ڕۆژ و بە درێژترین ماوەی بایکۆت دادەنرێت لە ماوەی 9 ساڵی ڕابردوودا، کە لە دوای هاتنی داعشەوە ساڵانە خوێندن بە شێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام بووە. بە وتەی یەکێتی مامۆستایانیش بێت، بایکۆت تێكەڵ بە ململانێی سیاسی کراوە و داوا دەکەن مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەرگای قوتابخانەکان دوو مانگە داخراوە، چونکە داخلی ململانێی سیاسی بوە بەڕاستی چوونی مامۆستاش بۆ بەغداد بە سیاسی دەخوێندرێتەوە."
وتیشی،"بینیمان بەغداد چۆن پێشوازی لە مامۆستایان کرد، وایاندەزانی ئێستا بەگوڵ و باوەش پێشوازیان لێ ئەکرێت، هەر ئەو بەغدادەیە کە ئێمەی ئەنفال کرد هەر ئەوبەغدادەیە ئێمەی کیمیابران کرد هەر ئەوەیە کە بوو کەبودجەی ئێمەی بڕی."
ماوەی 9 ساڵە لە کاتی هاتنی داعشەوە پرسی بایکۆت بەشێوەی پچڕ پچڕ لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام ئەمساڵ درێژترین ماوەی تۆمارکرد، لەساڵەکانی 2016 و 2017 دا ماوەی بایکۆت گەشتە 52 ڕۆژ، بەڵام تا ئەمڕۆ 66 ڕۆژە هۆڵەکانی خوێندن نەکراونەتەوە.
لەدوای بێ هیوابوونیشان لە حکومەتی هەرێم، مامۆستایان ڕۆژی 26ی 11 بەمەبەستی گەیاندنی داواکاریەکانیان ڕووبکەنە بەغداد، بەڵام لە یەکەم بازگەی حکومەتی عێراق ڕێگریان لێکراو ڕێگە نەدرا بچنە بەغداد، مامۆستایان حکومەتی هەرێمیان تۆمەتبار دەکرد بە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەمەبەستی ڕێگری کردنیان، بەڵام پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و بەدەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند،"گەر ئێمە ڕێگریمان بکردایە، لە بازگەکانی خۆمان دەمانکردن."
لەدوای ڕێگریەکانی حکومەتی ناوەندی مامۆستایانی نارازی دەڵێن سورن لەسەر بایکۆت، تا داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت، کە خۆی لە پێدانی مووچەی سێ مانگ و پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژدا دەبینێتەوە.
عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بایکۆت وەک خۆی بەردەوام دەبێت و لەگەڵ توندکردنەوەی فشارەکاندا میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکان توندتر دەکەینەوە و ناچینە ژێر باری هیچ فشارێک."
دیار نییە ئەڵتەرناتیڤی حکومەتی هەرێم چیە لەبەرامبەر پرسی بایکۆت و لەدەستچوونی خوێندندا، هەرچەندە دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی کرد بە هەریەکە لە دکتۆر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون، هەرچی دڵشاد گەرمیانیە پێی وایە، تا قوتابخانەکان هەموو نەکرێنەوە ناتوانرێت بیر لە میکانیزمی نوێ بکرێتەوە.
دڵشاد گەرمیان ڕایگەیاند،"هەموو قوتابخانەکان بکرێتەوە، ئەوکات لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ ڕاوێژکاری لەگەڵ یەکێتی مامۆستایان، ئەنجومەنی وەزیران و پەروەردەکان، بەتایبەت ئەوانەی بایکۆتیان کردووە و پرس و رایان پێبکرێت کە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە ئایە قوتابخانە درێژبکرێتەوە یاخود نا."
لە ڕابردوودا چەندین جار هۆشداری لە ئەگەری حساب نەکردنی خوێندنی ئەمساڵدراوە، بەڵام مامۆستایان سورن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و دیاریش نیە حکومەتی هەرێم دەتوانێت مووچەی مووچە خۆران دانین بکات یاخود نا.
لەگەڵ ئەوەی دوێنێ شاندێکی حکموەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی وەزیری دارایی تایبەت بە چارەسەر کردنی کێشەی بەشە بوودجەی هەرێم سەردانی بەغدادیان کرد و باس لەوە کرا حکو مەتی ناوەندی پارەی تر بۆ هەرێم بنێرێت بە مەبەستی دابینکردنی مووچە، بەڵام بە پێی قسەی میدیا کوردیەکان ئەمڕۆ لە کۆبووبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی بەغداد پرسی ناردنی پارە بۆ هەرێم"باسی لێوە نەکراوە."
مامۆستا دڵشاد دەڵێت،"بایکۆتی سلێمانی هیچ کاریگەری لەسەر خوێندنی هەولێر و دهۆک نابێ تەنانەت کەریگەری لەسەر پۆلی 12ش نابێت لەسەر قوتابخانە ئەهلیەکانیش نابێت."
وتیشی،"دەبێت دەوام دەست پێبکاتەوە، لەبەرئەوەی مناڵەکان خەڵکیان بێزارکردوە لە ماڵا خۆشیان بێزاربون. بەداخەوە درەنگە بۆ لەبەر ئەوە کاتی ئاڵتونی دەوامکردن ئەوەی کە من ئەیبینم لە 15/9 بۆکۆتای مانگی 11 یە ئەمە کاتە ئاڵتونیەکەیەتی، لوتکەکەیەتی ئیتر ئەو حەماسە بۆ خوێندن کەم دەبێتەوە و وەرزی دووەم هەموو یادەکاتی تێدایە و درێژکردنەوەش دەگاتە کاتی گەرما."