Accessibility links

ئەمڕۆ 3 مانگ بەسەر دەستپێکی خوێندن لە هەرێمی کوردستان تێپەڕی بەڵام بایکۆت لە سەدان قوتابخانە بەردەوامە


ئەمڕۆ سێ مانگ بەسەر کاتی کردنەوەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت، بەڵام چارەنووسی خوێندن لە بەشێک لە شارەکانی هەرێم بە هۆی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە نادیارە، لە کاتێکدا وەرزی یەکەمی خوێندنیش بەرەو کۆتایی دەچێت.

بەم شێوەیە لە مێژووی هەرێمی کوردستان و 9 ساڵی ڕابردووداکە لە دوای هاتنی داعش و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆناوە ساڵانە بۆ چەند ماوەیەک خوێندن پەکی کەوتووە، ئەمساڵ ڕۆژەکانی بایکۆت ژمارەی پێوانەییییان تۆمار کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 13ی مانگی 9 2023 لە قوتابخانەیەکی شاری هەولێر زەنگی دەستپێکی ئەمساڵی خوێندنی لێدا.

بایکۆتی قوتابخانە حکومییەکان سنووری سلێمانی و پارێزگاری هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و کۆیەی گرتۆتەوە لەکاتێکدا خوێندن لە پارێزگای هەولێر و دهۆک بەردەوامە.

سەردار عەلی، سەرپەرشتیاری یەکەمی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، دەڵێت هیچ داواکاریەکی مامۆستایانی ناڕازی جێبەجێ نەکراوە بۆیە کردنەوەی قوتابخانەکان نادیارە.

سەردار عەلی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەگەر مامۆستایان بایکۆت بشکێنن، ئەوکات پێسنیارمان دەبێت لەوەی چۆن دەستبکرێتەوە بە خوێندن. بەڵام داواکاری مامۆستایان کە سەرەتاییترینیان دابینکردنی مووچەیە دابین نەکراوە و هیچ ئاسۆیەکیش نییە، بۆیە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان نادیارە."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی کرد بە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بەڵام سامان سیوەیلی ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

بەهۆی دواکەوتنی مووچەی سێ مانگ لە ئەمساڵدا، وا دەخەمڵێندرێت کە نزیکی 58 هەزار مامۆستا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردبێت. بەم هۆیەوە، ژمارەی ڕۆژانی لەدەستچووی خوێندن گەشتە 3 مانگ و بە درێژترین ماوەی بایکۆت دادەنرێت لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا. لەساڵەکانی 2016 و 2017 دا ماوەی بایکۆت گەشتە 52 ڕۆژ .

مامۆستایان ڕۆژی 26ی 11 بەمەبەستی "گەیاندنی داواکاریەکانیان" بڕیاریاندا ڕووبکەنە بەغداد. بەڵام لە یەکەم بازگەی حکومەتی عێراق ڕێگریان لێکرا و ڕێگە نەدرا بچنە سنوری حکومەتی عێراق.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن لە پرسی بایکۆتی مامۆستایان قوتابیانی ناوچەکە زەرەرمەندی سەرەکین و دەڵێن هۆکاری کێشەکە حکومەتی عێراقە.

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ‌هەڕەشەی ئەوەی کرد کە "سەبر و تەحەمولی حکومەتی هەرێم لە کۆتایی نزیکە" و سەبارەت بە مامۆستایان وتی، "هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە خوێندن پەکینەکەوێت. کە وتیشم سەبری خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سنورداردەبیت پەیوەندی بەوە ئەبێت کە نابێت هیچی تر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بکرێتە یارییەکی سیاسی وە خەڵکی ئێمە بخرێنە زەحمەت و ناڕەحەتییەوە و ماف و شایستەکانی ئەوان تێکەڵ بە بابەتی تر بکرێت."

مامۆستایانی نارازی دەڵێن سورن لەسەر بایکۆت تا داواکاریەکانیان جێبەجێ دەکرێت، کە خۆی لە پێدانی مووچەی سێ مانگ و پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژدا دەبینێتەوە.

مامۆستا سامان عەلی، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانی مامۆستایان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ناکرێت هەموو ساڵێک حکومەتی هەرێم چەند مووچەیەکمان بخوات و مامۆستاش دەوام بکات."

وتیشی،"ئەمساڵ دەمانەوێت ساڵی چارەسەر کردنی ڕیشەیی کێشەکانی مامۆستایان بێت، بۆیە بە هیچ جۆرێک ناگەڕێێنەوە هۆڵەکانی خوێندنن. ساڵانە ئەم سیناریۆیە دووبارە ببێتەوە."

وێرای بایکۆتی مامۆستایان، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، بە ناوی خوێندکارانی ناڕازی زانکۆ هەڵوێستی خۆیان راگەیاند، کە خۆی لە پێدانی دەرماڵەی 11 مانگ، کەمکردنەوەی کرێی خوێندن، دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی بەشە ناوخۆییەکان و پێدانی مووچی مامۆستاکانیاندا دەبینێتەوە، بە پێچەوانەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن.

XS
SM
MD
LG