Accessibility links

دکتۆر غالب ئەلدەعمی: هەڕەشەکانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل تەنها بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە


دکتۆر غالب ئەلدەعمی
دکتۆر غالب ئەلدەعمی

پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت تۆڵەسەندنەوەی کوژرانەکەی قاسم سولەیمانی بەردەوام دەبێت.

دکتۆر غالب ئەلدەعمی، لێکۆڵەری سیاسی دەڵێت "ئەو جۆرە لێدوانەی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی تەنها بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە و هیچی تر، چونکە ئێران بەهۆی ڕەوشی ناوخۆیی خۆیەوە، ناتوانێت و بۆی ناکرێت هیچ هەنگاوێک بەرامبەر ئەمەریکا یان ئیسرائیل بگرێتەبەر؛ ئەگەر ئاوەها هەنگاوێکیش بنێت ئەوا ڕاستەخۆ نایکات بەڵکو وەک بارێکی باو دۆستەکانی خۆی لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و تەنانەت حەماسیش بەکاردەهێنێت بۆ هەر کارێکی بیەوێت بیکات دژ بە ئەمەریکا یان ئیسرائیل."

هاوکاتی نزیکبوونەوە لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، سەرکردەی پێشووی هێزەکانی قودسی سەر بە پاسداران لە نزیک فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغدا، ڕەمەزان شەریف، وتەبێژی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەڵێت "زریانی ئەقسا، یەکێکە لە تۆڵەسەندنەوەکانی کوژرانی قاسم سولەیمانی."

دوابەدوای کوژرانەکەی قاسم سولەیمانی لە (3ی مانگی 1ی ساڵی 2020) لە بەغدای پایتەختی عێراق، تاران جەختی لە تۆڵەکردنەوە دەکرد و ژمارەیەک هێرشی کردە سەر بنکەکانی هاوپەیمانانی بەسەرکردایەتی ئەمەریکا لە عێراق. ئەو هێرشانە زیانێکی ئەوتۆی گیانییان نەبووە.

دکتۆر ئەلدەعمی دەڵێت، ئەو جۆرە لێدوانانەی ئێرانییەکان نابنە هۆکاری ئەوەی بەرەنجامی خراپیان هەبێت بەسەر ئێرانەوە بەتایبەتیش لەلایەن ئەمەریکاوە، دەڵێت "لەوانەیە لەپشت پەردەوە یان لە ڕێی دۆستەکانی هەردوو وڵاتەوە جۆرێک لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆ هەبێت لە نێوان تاران و واشنتندا، بە بەڵگەی لادانی سڕکردنەکەی لەسەر چەندان ملیار دۆلاری ئێران هەبوو و دانەوەی ئەو بڕە پارەیە بە ئێرانییەکان و هەروەهاش لادانی بەشێک لە سزاکانی لەسەر ئێران بوون."

زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان گەیشتنی ئەمەریکا و ئێران بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ناوکییە مشومڕ لەسەرەکەی کۆماری ئیسلامی، دەشێت یارمەتیدەرێکی گەورەبێت بۆ هێورکردنەوەی ئەو پشێوی و ئاڵۆزیانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن؛ هەروەها ئاگاهیش دەدەن بەوەی نابێت ڕێگەبدرێت لایەنی سێهەم (وەک ئاماژەیەک بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان) هیچ جموجۆڵێکیان هەبێت لەو ناوچەیەی جیهاندا.

هاوکات دەشگوترێت هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکرێت ئەوا دەبێتە مایەی بەهێزبوونی ئێران و نزیک بوونەوەی زیاتری دەسەڵاتدارانی تاران لە دروستکردنی بۆمبی ناوکیی و پەرەسەندنی زیاتری بەرنامەی موشەکی باڵستیکی و زیاتر کردنی پشتیوانییەکانی ئێرانیش بۆ ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە.

لە ڕۆژی 7ی مانگی یەکەوە کە حەماس دەستیکرد بە زریانی ئەقسا دژ بە ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی وەزارەتی دەرەوەیەوە جەختی دەکردەوە لەوەی بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی نییە بەو هێرشەوە و ئاگاداریشی نییە و هەرگیز هانی ئەو جۆرە هێرشەی حەماسی نەداوە.

زوو بە زوو دوای لێدوانەکەی وتەبێژی پاسداران، ڕێکخراوی حەماس نکوڵی لەو لێدوانە کرد.

باڵی سیاسی حەماس کە سەر بە هزری ئیخوانییە و نزیکە لە تورکیاوە و وەک ئاماژەی پێدەکرێت بڕیارە سیاسییەکانی لەژێر کاریگەرییەکانی ئانکەرەدا دەدرێن؛ هەرچی باڵە لەشکرییەکەی حەماسیشە، زیاتر لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نزیکە و تاران هەموو جۆرە پشتیوانییەکی لەشکریی و دارایی و لۆژیکیی دەکات.

دکتۆر غالب ئەلدەعمی، دەڵێت ئەو نکوڵی کردنەی حەماس هیچ شتێک لە ڕاستیی پەیوەندییەکانی حەماس و کۆماری ئیسلامی ناشارێتەوە و هەروەها دەشزانین کە ئێران پێویستی بەو جۆرە ڕێکخراوە هەیە بۆ دژایەتی کردنی دەوڵەتی جوو؛ دەشڵێت لەبیرمان نەچێت "شەڕی لێدوانەکان لە کۆماری ئیسلامیدا، سیاسەتێکی کۆنە و ئێران پشتی پێدەبەستێت و لێدوانەکانی سبەینێی تاران جیاواز دەبن لە لێدوانەکانی ئەوڕۆ و دوێنێی تاران؛ ئەمەش جۆرێکە لە زیرەکیی مانۆڕکردن یان نومایشت کردن لە ڕێی لێدوانەکانییەوە، بۆ نمونە تاران دەڵێت هیچ پەیوەندییەکی نییە بە زریانی ئەقساوە، کەچی چەک و دارایی دەدات بە حەماس و دواتریش دێت و دەڵێت زریانی ئەقسا بۆ تۆڵەکردنەوەیە لە بەرامبەر کوژرانی قاسم سولەیمانی."

XS
SM
MD
LG