شێرپەنجە یەکێکە لەو نەخۆشییە مەترسیدارانەی تووشی مرۆڤ دەبێت کە هەتا ئێستا زانایانی بواری پزیشکی و تەندروستی نەیانتوانیوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزنەوە. گرفتی سەرەکی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە لە سەرەتاوە نیشانەکانی لەسەر مرۆڤ دەرناکەوێت، مەگەر بە ڕێکەوت لە ئەنجامی پشکنینێکی پزشکی پێی بزانرێت.
دەپرسین:
- پێویستە مرۆڤ چی بکات بۆ ئەوەی زوو لە تووشبوونی بەم نەخۆشییە ئاگاداربێت.
- نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە چین؟
- جۆرەکانی شێرپەنجە چین؟
- هۆکارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە چین؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ ئەم پرسە خرایە بەر باس بە میوانداری بەڕێزان:
- دکتۆر چنار سنجاوی، لێپرسراوی بەشی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی.
- دکتۆر جەنگی ساڵەیی، پزیشکی ڕاوێژکار لە بواری شێرپەنجە و گوێ.
- دکتۆر چەكدار احمد داود، پزیشکی تایبەت لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.
دکتۆر جەنگی ساڵەیی:
"پێویستە مرۆڤ چەند زانیارییەک بزانێت هەتا بەدوور بێت لە زیانەکانی شێرپەنجە. ئەوەی کە پێویستە پێش هەموو شتێک بزانێت ئەوەیە کە شێوازی ژیانی چۆن بێت، جۆر و ستایلی ژیانی خۆی لە خواردن و وەرزش و خەو ڕێکبخات، ئەگەر هۆکارەکانی توشبوونی شێرپەنجە بزانین ئەو کات ئاسانە خۆپارێزی، بەگشتی شێرپەنجە نیشانە و ئاماژەیەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام ئەگەر کەسێک بۆ ماوەیەکی درێژ کۆکەیەکی نائاسایی هەبوو، یاخود پیساییەکەی خوێنی لەگەڵ بوو، دەبێت بۆ دڵنیابوونەوە سەردانی پزیشک بکات و پشکنین بکات، چونکە ئەگەر شێرپەنجە زوو دەستنیشانکرا ئەوا لە مردن و ئێش و ئازاری زۆر ١٠٠% دوور دەخاتەوە. نیشانەی دیاریکراوی نییە شێرپەنجە زۆر کات کەسەکە بە سوتفە بۆ نەخۆشیەک دێت ئەو نەخۆشیەی نییە و لە دوای پشکنین دەردەکەوێت شێرپەنجەی هەیە، مەرجیش نییە ئەوەی کۆکە یان یەکێک لەو نیشانانەی هەبێت کە باسمان کرد شێرپەنجە بێت ڕەنگە پەتای وەرزی یان هەستیاری و هۆکاری تر بێت."
"ئێستا ئەوەی دەیبینین گەنجان لە خوار بیست ساڵ تووشی شێرپەنجە دەبن کە بۆ ئێمە جێگای سەرسوڕمانە، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە، بوونی ئامێرەکانی پشکنین و چارەسەرە لە ٩٠%ی چارەسەرەکان لەکوردستان هەیە سەرەڕای بوونی چەندەها پزیشک و پسپۆڕ و شارەزا، کە ئێمە ساڵانە لە کۆنفرانسەکان شان بە شانی پزیشکانی وڵاتانی ئەوروپا و دەرەوە بەشدارین لەگەڵیان، بە ڕاستی بەداخەوە چونە دەرەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە یان لە نەزانیە یان چاولێکەرییە، ئەگەرنا لەکوردستان پزیشکی زۆر باش و پسپۆڕمان لە هەموو بوارەکاندا هەیە."
"زۆر شت هەیە ڕاگەیاندن و کەسانی دەوڵەمەند دەتوانن هاوکارمان بن هاوشێوەی وڵاتانی تر، هەر وەک چۆن کاک ئەحمەد ئیسماعیل هاوکاری نەخۆشخانەی نانەکەلی دەکات، هیوادارم ئەو ڕۆشنبیرییە بچێتە ناو خێرخوازان و خەڵکانی سەرمایەداران هاوشێوەی وڵاتان هاوکاری نەخۆشخانەکانی چارەسەری شێرپەنجە بکەن لە میسر و ئیمارات و سعودیەش ئەمە دەکرێت."
دکتۆر چەكدار ئەحمد داود:
ئێستا چارەسەرەکانی شێرپەنجە لە کوردستان زۆر بە باشی دەکرێت، زۆربەی چارەسەرەکان هەن، هەر لە نەشتەرگەری و ئامێری تیشک و کیمیایی، نەشتەرگەری و چارەسەری وەهامان کردووە کە نەخۆشەکە چووەتە دەرەوە پزیشکەکانی دەرەوە پێییان وتووە ئەم چارەسەرە زۆر باش کراوە، جگە لەوەی سندوقی هاوکاری شێرپەنجەمان هەیە کە هاوکاری هەزاران نەخۆش دەکات ساڵانە لە وەرگرتنی چارەسەرە جۆراوجۆرەکانی شێرپەنجە، بەڵام هێشتا خوازیارین کە چارەسەرەکان باشتر بکەین، ئەو مریشک و گۆشتانەی ئێستا بە هۆڕمۆنات و عەلەفی هۆڕمۆناوی بەخێودەکرێن، ئەمانە هۆکارن بۆ قەڵەوی و شێرپەنجە لە تەمەنی بچوکدا، ئێستا نەخۆشی مێیینە هەیە تووشی شێرپەنجەی مەمک یان منداڵان بووە کە تەمەنی ١٤یان ١٥ساڵە."
دکتۆر چنار سنجاوی:
نەک لە کوردستان لە هەموو جیهان ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد بووە، بەهۆی گۆڕانی ستایڵی ژیان و پیسبوونی ژینگە هەر لە دوکەڵی زۆری ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل هەتا دەگاتە دووکەڵی موەلیدەکان و کارگەکانی پاڵاوتن، بەڵام هێشتا عێراق و هەرێم ڕێژەی شێرپەنجە ڕێژەی ستاندەردی تێنەپەڕاندووە، بۆ نمونە ئامارێک وەرگیرا لە ١٠٠هەزار کەس بینرا ١٨٩کەس تووشی شێرپەنجە بووە، بەڵام لە عێراق ئەم ژمارەیە واتە لە ١٠٠هەزار ، ١٤٩کەس تووشبوون، یانی هێشتا نەگەیشتۆتە ستاندەردی جیهانی، ساڵانە زیادبوون هەیە، بەڵام زیادبوونەکە بەو جۆرە نییە لە هەرێمی کوردستان کە ئیتر خەتێکی سوور هەڵبدەین ئێستا لە هەموو جیهان بەو جۆرەیە، لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢ ، ٩٠٦٣ کەس تووشی شێرپەنجەبوون، لە عێراق توێژینەوە کراوە کە جێی دڵخۆشییە، ئەویش ئەوەیە شێرپەنجە هۆکاری سەرەکی مردن نەبووە، وە مەرج نییە ئەوەی شێرپەنجەی هەبێت بمرێت، نەخێر ئێستا پزیشک و دەرمان و چارەسەری باشمان هەیە."
"کێشەمان لە چارەسەری شێرپەنجە بەو ڕادەیە نییە، هێندەی کێشەمان لەوەدایە کە دەستنیشانکردنی پێش وەختەی شێرپەنجە توانامان نییە یان کەمە."
"هیوادارم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هاوشێوەی وڵاتانی تر لەگەڵ ڕیکلامەکاندا تووششبووانی شێرپەنجە پیشان بدەن و داوای کۆمەکیان بۆ بکرێت هیوادارم، ئەمە هەموو ڕاگەیاندنەکان جێبەجێی بکەن، هیوادارم وەک تەلەفزیۆنە میسرییەکان کە لە چەند خولەکێک جارێک داوای کۆمەک و هاوکاری دەکرێت بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری داوای کۆبوونەوەمان کردووە هەتا بکرێتە بڕیار بۆ هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە بە شێوەی ڕیکلام هەموو کەناڵەکان داوای کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بکەن هیوادارم ئەو کۆبوونەوەیە بکەین و ئەو بڕیارەش بدرێت چاوەڕێی کۆبوونەوەکە دەکەین."