Accessibility links

تێڕوانینی ڕاوێژکارێکی وەزارەتی پەروەردە و ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە بارەی تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ بەسەر بایکۆتی مامۆستایان


بایکۆتی مامۆستایان لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە سەد ڕۆژی تێپەڕاند، بەڵام زۆربەی قوتابخانە و خوێندنگاکان هێشتا نەکراونەتەوە، جگە لە پۆلی دوانزەکان، دوای دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندنیش وەزیری پەروەردە بڕیارێکی دەرکرد و بەپێی ئەو نوسراوە و قسەی وەزارەتی پەروەردە دوو داواکاری مامۆستایان جێبەجێدەکرا ، لەدوای هەمواری یاسای بودجەی عێراق، بەڵام مامۆستایان ڕەتیانکردەوە و جارێکی تریش دوێنێ یەکشەممە ڕژانەوە سەرشەقام و خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجامدا .

دەپرسین دوای ڕۆیشتنی وەرزێکی خوێندن بەتەواوی چارەنوسی خوێندن لەسنوری بایکۆت چی بەسەر دێت؟

چوار مانگی پڕۆسەی خوێندن بەچی و چۆن قەرەبوو دەکرێتەوە؟

تاچەند مەترسی فەوتانی ساڵێکی تەواوی خوێندن لەئارادایە؟

چارەسەری مامناوەند چیە کە هەم داواکاری مامۆستایان جێبەجێبکرێت هەم ساڵێکی خوێندنی نەوەی داهاتوو نەفەوتێ؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژی ڕادیۆی بەشی کوردی تاوتوێی پرسی لێکەوتەکانی فەوتانی چوار مانگی خوێندن دەکەین بە میوانداری بەڕێزان...

please wait

No media source currently available

0:00 1:02:39 0:00

١-مامۆستا نەجمەدین عەلی، ڕاوێژکار لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢-مامۆستا عەتا ئەحمەد ، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان

٣-مامۆستا هێرش شەفیق، جێگری سەرۆکی لقی هەڵەبجەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.

٤- مامۆستا بەرزان شەلال، سەرۆکی لقی کۆیەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.

مامۆستا نەجمەدین عەلی دەڵێت:

من پێمخۆش بوو وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکان دابخرانایە و ئەوان بهاتنایەتە سەرشەقام، چونکە ئەگەر ئەوان ڕۆژێک کار نەکەن دەتوانن ڕۆژێکی تر قەرەبووی کارەکانیان بکەنەوە، بەڵام مناڵی خەڵک لە 13ی مانگی نۆوە تا ئێستا چوار مانگ زیاتر چۆن قەرەبووی خوێندنییان دەکرێتەوە؟!

من کاتێک لەسەر داواکاری مامۆستایان قسەم لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کردووە، بەڵام وەڵامی وەزارەت بەمجۆرە بووە، سبەی ئەوان ئەو داواکارییانە جێبجێ بکەن، بودجەی وەزارەتی پەروەردە بەرز دەبێتەوە، بەیانیش وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات ، دوایش وەزارەتەکانی تر کە ئەمە لەتوانای حکومەتی هەرێم نیە، ناتوانین بچینە ژێرباری ئەو هەموو داواکاریانەوە.

مامۆستایان مافی خۆیانە کە ئەو داواکاریانەیان هەیە، من دەسەڵاتدار نیم، ئەگەر من لەجێی حکومەتی هەرێم بوومایە هەموو شتێکم دەفەوتان نەمدەهێشت پڕۆسەی خوێندن بوەستێت،هەموو موڵک و ماڵی حکومەتم دەفرۆشت نەمدەهێشت پڕۆسەی خوێندن بوەستێت.

ڕاشکاوانە قسە بکەین کێشەی نەبوونی موچەی مامۆستایان هی ئەمساڵ نیە بڵێین ئەم سێ\چوار مانگە موچە نەبووە مامۆستایان بۆ ئەم سێ \چوار مانگە بایکۆتییان کردووە، دڵنیام ئەگەر هەر ئەم سێ \چوار مانگە بووایە مامۆستایان چاوپۆشییان دەکرد.

مامۆستا عەتا ئەحمەد:

هیوادارین حکومەتی هەرێم بەزوترین کات واز لە عینادی بهێنێت، من لەوبڕوایەدام بەشێک لە چارەسەرنەکردنی کێشەی مامۆستایان مەسەلەکە تەنها عینادییە، سەرۆکایەتی حکومەتی عینادی لەگەڵ هاوڵاتی خۆی دەکات، دەستشکانەوەیەکە دەیەوێت بەمامۆستایان بڵێ من هیچیشتان بۆ ناکەم و واجبی سەرشانتانە بڕۆنەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن، واتە شتەکە ئەوەندە قورس و ئاڵۆز نیە حکومەت پێی نەکرێت، ئێمەی مامۆستایان لەهەموو کەس پەرۆشترین بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان.

کێشەکە ئەوەیە ئەم سەرۆکایەتیەی حکومەتی ئێستا بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەوە زۆر خۆیان بەگەورە دەزانن و نەمانبینیوون ڕۆژێک بێنە ناو مامۆستایانی ناڕازی یا لەگەڵییان کۆببنەوە بڵێن کێشەتان چیە و دانوستان بکەن بڵێن ئێمە هەرئەوەندەمان پێدەکرێت لەمکاتەدا هەر بەزمانی شیرین دەتوانن ئەمە بکەن، بەڵام بەداخەوە وایە وەک پێشتریش هەر لەدەنگی ئەمەریکاوە وت، بەداخەوە ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایان بەفەرمی بەیاننامەیەکی چوار خاڵیمان ئاڕاستەی حکومەت کرد سەبارەت بەداواکاری مامۆستایان، کەچی بەیەک وشەش جوابیان نەدا و خۆیان زۆر بە زل دەزانن تەنانەت بە تەنها نەخێریش وەڵامیان نەداین، لەکاتێکدا ئێمە مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەمو لایەک دەکەین، ئەمە سەرەڕئی خەمساردییەکەی حکومەت لە فەوتانی ئەو ماوە درێژەی خوێندن، تائێستا نەمانبینیووە و نەمانبیستووە لەماوەی ئەم چەند مانگەی پڕۆسەی خوێندن یەک کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی تەرخ نەکردووە بۆ کێشەی مامۆستایان و پڕۆسەی خوێندن، ئەی ئەمە بێ باکی و خەمساردی نەبێت چیە؟!

مامۆستا هێرش شەفیق:

ماوەی نۆ ساڵە هەردوو کابینەی هەشت و نۆ ستەمێکی زۆریان لە موچێخۆران و میللەتەکەی خۆیان کردووە، دەکرێت حکومەتی هەرێم وەفای بۆ میللەتەکەی خۆی هەبێت.

سەبارەت بەقەرەبووکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن ئێمە وەک مامۆستایان بەئەرکی ئەخلاقی و ئینسانی و پەروەردەیی خۆمان دەتوانین قەرەبووی خوێندن بکەینەوە، بەڵام خۆ ئەم کارەساتە ئێمە وەک مامۆستایان بەسەر ئەم میللەتە و مامۆستایان و خوێندکاران نەهێناوە، بەڵکو ئەوە حکومەتی هەرێمە کەوای بەسەر ئەم میللەتە هێناوە.

مامۆستا بەرزان شەلال:

ئەوەی حکومەتی هەرێم دەیەوێت بەڕێکردنە نەک دەوامکردن، واتە دەیەوێت خوێندنی ئەمساڵ تێپەڕێنێت ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێکیش بووە، ئەمەش لەبەر دوو هۆکارە ئەگەر بەبێ ئاگایی بێت کەنەزانێت داخستنی ناوەندی خوێندن چ کارەساتێکە، وە ئەگەر بەبێ باکیش بێت ئەوە کارەساتترە و ئەو چەند ڕۆژەشی کە دەویەوێت دەوام بکرێتەوە و ئەمساڵ بەڕێبکات لەسەر حسابی مامۆستایان هەر لەبەر ئەو عینادیەیە کە دەیکات و دەیەوێت قسەی خۆی سەربکەوێ.کە ئەوە کارەساتێکی زۆر گەورەیە لەهیچ وڵاتێک ڕێگای پێنادرێت، دەکرێث پەروەردە و خوێندن وەک گرنگی دڵ بۆ مرۆڤ بچوێنین کەبەداخەوە لە هەرێمی کوردستان خەریکە ئەو دڵە لەکار دەکەوێت، ئێمە مامۆستایین لەکارخستنی پڕۆسەی خوێندن چ کاریگەرییەکی لەسەر خوێندکارەکان هەیە، جا حکومەتی هەرێم باکی بەوە نیە تەنها دەیەوێت ئەو عینادیەی هەیەتی سەربکەوێ جا بۆ مانگێکە یا وەرزێکە دەرگای خوێندنگاکان بکاتەوە و خوێندکاران بپەڕنەوە بۆ پۆلەکانی داهاتوو.

XS
SM
MD
LG