Accessibility links

دەزگای ئاسایشی هەرێم بۆVOA:مامۆستایانمان لەسەر داواکاری وەزارەتی پەروەردە بانگهێشتکردووە


دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی دەستگیرنەکراون، بەڵکو لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە بانگهێشتکراون بۆ ئاسایش بۆ ئەوەی گفتووگۆیان لەگەڵدا بکرێت و بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن، چونکە ئەو مامۆستایانە کاریگەریان هەیە لەسەر دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ و لەدەستدانی ساڵێکی خوێندن باجەکەی قورس دەبێت بۆ خوێندکاران.

دوای نزیکەی چوار مانگ لە داخستن و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایان بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیانەوە، وا بڕیاربوو سبەی 21 ی مانگی 1 مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام بەشێک لە سەرپەرشتیاران و ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشەوە بانگکراون و تا ئێستاش لە ئاسایش ماونەتەوە.

لەو بارەیەوە سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێـم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم مامۆستایانە لەسەر داواکاری وەزارەتی پەروەردە بانگهيشتکراون بۆ ئاسایش، بۆ ئەوەی دەستبکەنەوە بە دەوام کە ماوەیەکی زۆرە دەوامیان نەکردوە و غیاباتیان هەیە و کاریگەریان خستۆتە سەر دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ."

وتیشی،" دەزگای ئاسایش جێبەجێکاری یاسایە، پاڵپشتی بە داوای وەزارەتی پەروەردە بانگهێشتکراون بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت تاوەکو بگەڕینەوە بۆ دەوام وە کاریگەریان لەسەر خویندن نەبێت چونکە ساڵێک زۆرە نابیت بفەوتیت کە باجەکەی قورس دەبێت بۆ خوێندکاران."

لە پارێزگای سلێمانی 11 مامۆستا و لە پارێزگای هەڵەبجەش 3 مامۆستا بانگهێشتکراون بۆ ئاسایش، بە وتەی خۆیان قسەیان لەگەڵداکراوە بەوەی واز لە بایکۆت و نارەزایەتیەکان بهێنن.

عوسمان گوڵپی، مامۆستای ناڕازی بانگهێشتکراو لەلایەن ئاسایشەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئاسایش پەیوەندی بە هەر مامۆستایەکەوە کردووە کە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانی کردبێت، یان دەرکەوتبێت لە خۆپیشاندانەکان، بەڵام 13 مامۆستامان بەدەم داواکاریەکەی ئاسایشەوە چوین و دوای نزیکەی 8 کاتژمێر ڕیگەیاندا بێینە دەرەوە."

وتیشی،" ئێمە ڕاگیرابووین و مامەڵەی گرتنمان لەگەڵدا نەکرا، تەنها بۆ گفتووگۆکردن بوو بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان، بەڵام ئێمە پێمان وتن سورین و سبەی خۆپیشاندانی خۆمان بەشیوەی مەدەنی ئەنجام دەدەین."

وەزارەتی پەروەردە لەڕێگەی بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکانەوە فشاریان لەسەر مامۆستایان دەستپێکردووە بە مەبەستی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، بەڵام بەشێکی زۆر لە مامۆستایان پەیوەست نین بە کاتی دەوام، بڕیاریشە سبەی مامۆستایان خۆپیشاندان بکەن، دەڵێن "سورن لەسەر هەڵوێستی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێند."

تەها ئەحمەد مامۆستای ناڕازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند،" ئێمە سورین لەسەر بایکۆت و ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن تا داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکرێت، بۆیە سبەی خۆپیشاندانی خۆمان ئەنجام دەدەین."

مامۆستایان چەند داواکارییان لە حکومەتی هەرێم هەیە، لەوانە پێدانی مووچەکانیان وپلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.

وا بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 8 مامۆستایانی ناڕازی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ببەستن و هەڵوێستی فەرمی خۆیان ڕابگەیەنن، سەبارەت بە مانەوەی هاوڕێکانیان لە ئاسایش و خۆپیشاندانی سبەی ڕابگەیەنن.

XS
SM
MD
LG