سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت لە دوای دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و دڵنیابوونەوە لە گونجاوی ئەو کاتەی کۆمسیۆنی عێراق پێشنیاری کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرۆکی هەرێم مەرسوومی سەرۆکایەتی دەردەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیش پێی وایە سەرۆکی هەرێم لە چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیدا بێت بۆ دەرکردنی مەرسوومەکەی سەرۆکایەتی.
ڕۆژی 16ی مانگی 1ی 2024 شاندێکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە. سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێن ئامانج لە کۆبوونەوەکە دیاریکردنی کاتێکی گونجاو بووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" وەفدی کۆمسیۆن لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دانیشتن و جەدۆلێکیان خستە ڕوو تایبەت بە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن."
وتیشی،" پێویستمان بە هەڵسەنگاندنێکی ئەو جەدۆلە هەیە لە ڕووی تەکنیکی و گونجان لەگەڵ وەزعی هەرێم، وادەکە لەگەڵ کۆتایی خوێندن لە هەرێمەکەی خۆمان دەبێت مشاوەرە بکەین و لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانیش خۆمان یەکلا بکەینەوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرۆکی هەرێم بە پێی هەڵسەنگاندن ڕۆژێک دیاری دەکات و مەرسومی بۆ دیاری دەکات."
پێشتر 25ی مانگی 2ی 2024 دیاریکرابوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە هۆی چەند کێشەیەک کە دیارترینیان بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و نەبوونی بودجەی پێویست ناتوانن لەو وادەیەدا ئەرکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بگرنە ئەستۆ.
بە پێی خشتەکەی کۆمسیۆن بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، 19 بۆ 30 مانگی 5ی 2024 پێشنیارکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
دڵشاد شەهاب وتی،"حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم هەموو هاوکاریەکی پیشاندا کە دەکەوێتە سەر شانی ئێمە. "
وا بڕیارە سبەی یەک شەممە 21ی مانگی 1، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیار لەسەر ئەو تانەیەی یەکێتی بدات، کە سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردبوو.
ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" من پێم وایە سەرۆکی هەرێم چاوەڕێی یەکلابوونەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیە سەبارەت بە سکاڵاکەی یەکێتی، ئەو کات بڕیار لەسەر وادەی هەڵبژاردنی هەرێم بدات."
وتیشی،" ڕەنگە ئەگەر سبەی بڕیارەکە یەکلا ببێتەوە دوو سبەی مەرسوومی سەرۆکایەتی دەربکەن، هەرچەندە دەبێت لەگەڵ سەرۆکی حزبە سیاسیەکان کۆببنەوە و مشاوەرەی پێویست بکەن. تا ئێستا یەکێتی بۆ ئەو بابەتە بانگهێشت نەکراوە."