ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی لایەنەکانی ناو چوارچێوەەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق، پێدەچێت بڕیاری خۆیان دابێت کە بە هیچ شێوەیەک دەنگ نەدەن لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەماندا و هەروەهاش لە هەموارکردنەوەی یاسای پەسەندکراوی بودجەی عێراقدا.
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وەها ناسراون، نزیکن یان سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن.
لە دوای دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەگەرەکانی سەرهەڵدانەوەی تایفەگەرایی لە عێراقدا سەریانهەڵداوەتەوە.
ئەفسەرێکی باڵا کە سەرکردەی یەکەیەکی هێزی ئاسایشی نیشتمانی عێراقە لە باکوری بەغدا، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ، "زۆر بە ڕاشکاوانە دەڵێم، سەرهەڵدانەوەی تایفەگەرایی لەنێوان هاووڵاتیاندا ئێجگار قورسە جارێکی تر ئەو دیاردەیە دووبارە ببێتەوە، بەڵام سیاسییەکان هەوڵدەدەن تایفەگەرایی بگەڕێننەوە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا و ئەو دیاردەیەش دەخەنە خزمەتی خۆیانەوە؛ بێگومان ئەوانەش ئەو سیاسیانەن کە سەر بە دەوڵەتی ئێرانن."
ئەو ئەفسەرە باڵایە، لەو بڕوایەشدایە ئەو سیاسییانەی ئاماژەیان پێدەکات هەموو شتێکی خۆیانیان خستۆتە سەبەتەی ئێرانەوە وبەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە دەپارێزن و کاریگەریشیان لەسەر هاووڵاتیانی نزیک بە خۆیان دروستکردووە و دەڵێت "کەوتوونەتە هاندانی تایفەیی خۆیان و تەنانەت پێیان دەڵێن زیانمەندی یەکەم و سەرەکی لە بۆردومان و هێرشەکانی ئەمەریکادا تەنها شیعەکانن و سوننەکانیش تەنها بینەری ئەو هێرشانەن و پێیشیان خۆشە؛ جا ئەم بابەتانە بریتین لە خۆشکردنی ئاگری تایفەگەرایی و ئەو سیاسیانە و ئێرانیش هەموو هەوڵێک دەدەن و هەموو میکانیزمێکیش بەکاردەهێنن تا تایفەگەرایی سەرهەڵبداتەوە."
لە دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە کۆی 329 پەرلەمانتار کەمتر لە یەک لەسەر سێی ئەندامان ئامادەی دانیشتنەکە بوون، ئەڵبەت ئەو بەشداری نەکردنەش لە نێوەندە عێراقییەکاندا وەک ئاماژەیەک لێکدراوەتەوە بەوەی تەنانەت زۆرینەی هێزە شیعەکانیش لەگەڵ دەرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکادا نین. دوای ئەو کۆبوونەوەیە ئەو ئەندامانەی بەشداربووبوون لەو کۆبوونەوەیەدا، لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا و لە لێدوانەکانیشیاندا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەوڵیان دەدا گۆزەکەی ڕۆژی شەممەیان لە سەری پێکهاتەکانی عەرەبی سوننە و هەروەها کورددا بشکێنن.
جگە لە سێ یان چوار ئەندامیان نەبێت، کورد و سوننەکان بە گشتی بەشدارییان نەکرد لەو کۆبوونەوەیەی پەرلەماندا.
ئەفسەرە باڵاکەی هێزی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت هەر پێکهاتەیەکی عێراق دیدی جیاوازیان هەیە لەسەر بابەتی چوونەدەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و دەشڵێت "شیعەکان بەهۆی ئێرانەوە دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت هێزەکانی ئەمەریکا بچنە دەرەوە و لە عێراقدا نەمێنن و ئەوەش زانراوە سیاسەتی ئێران ڕۆ چۆتە ناو هەموو جومگەکانی دەوڵەتی عێراقەوە و تارانیش نایەوێت ئەمەریکا لە عێراقدا بێت وەک پەندە عەرەبییەکە دەڵێت چەقۆیەکە و لە کەمەری گیربووە، چونکە بوونی ئەمەریکا لە عێراقدا ڕێگرە لەوەی بەرنامە و پیلانەکانی ئێران سەربکەون بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەرچی سوننە و کوردیشە، نایانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا عێراق جێبهێڵن چونکە بە سەرچاوەی دڵنیایی و پارێزراوی خۆیان سەیری ئەو هێزانە دەکەن لەبەردەم مەترسییەکانی ئێراندا."
بەر لە ساڵی 2003 و ڕوخانی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین، زۆربەی هەرە زۆری سەرکردە شیعەکانی ئەمڕۆی عێراق نیشتەجێی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و ڕۆڵی ئۆپزسیۆنیان دەگێڕا.
ئەفسەرە باڵاکەی هێزی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، با کەس خۆی لانەدات لەو ڕاستییەی ئەگەر ئەمەریکا نەبووایە، ئەوا ئەم سەرکردە شیعانەی ئەمڕۆی عێراق نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە وڵاتەکە و دەشڵێت "ئەوەی لە ساڵی 2003وە تا ئێستا، ئەم توێژە سیاسییە فەرمانڕەوایەی عێراقی هێناوە، بریتین لە ئەمەریکا و هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و لە دوای 2003وە کردوونی بە کاربەدەستانی باڵای عێراق و هەموو وڵاتەکەیشیان داوەتە دەستی ئەو سەرکردانە، بەڵام ئەوەتا ئێستا سەرکردە شیعەکان بە فرمانی ئێران لە ئەمەریکا هەڵگەڕاونەتەوە و هەرگیزیش ناتوانن دەستبەرداری ئێران و سیاسەتەکانی ئێرانیش بن، نوقتە سەری دێڕ."
ڕۆژی 19ی مانگی 3ی ساڵی 2003دا هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی ئەوکاتەی عێراق و ڕۆژی 9ی مانگی چواری هەمان ساڵ هێزەکان چوونە ناو شاری بەغداوە و دوژمنە سەرسەختەکەی شیعە ئاینزاکانی عێراقیان لە دەسەڵات لادا.