دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار مانگ بەسەر دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، پارێزەرەکەی ڕایدەگەیەنێت، بە هۆی بێهیوابوونیان لە دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان لە دیاریکردنی چارەنووسی ڕۆژنامەنووسەکە، پەنایان بردۆتە بەر حکومەتی ناوەندی و دەیانەوێت لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیەوە فشار لەسەر حکومەتی هەرێم دروست بکەن و چارەنووسی ئاشکرا بکرێت.
نەریمان ئەحمەد، پارێزەری ڕاسپێردراو لەلایەن خێزانی سلێمان ئەحمەدەوە بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەکەی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ناچارین کە داواکەمان ببەینە دادگای فیدڕاڵی، چونکە بێهیوابووین و دام و دەزگاکانی هەرێم بەشێوەیەکی یاساییانە بەڕێوە ناچن، بەتایبەت دام و دەزگاکانی جێبەجێکردنی دادوەری و دەزگا ئەمنیەکان بەپێی یاسا و بڕیاری دادوەر ناکەن، پێشێلکردنی بڕیاری داوەریش پێشێلکردنی ماددەی 40ی ئوسوڵی مەحاکەماتە، کە دەبێت پەیوەست بن بە بڕیاری دادوەرەوە."
وتیشی،" ئەوە هەوڵێکە دەیدەین، نازانین دەتوانین دۆسیەکە ببەینەوە یان نا، بەڵام پێمان وایە بەم ڕێگەیە دەتوانین فشار دروست بکەین و تەواوی دام و دەزگاکانی عێراق لەوە ئاگادار بکەینەوە کە بەرامبەر هەموو هاوڵاتیان نەک هەر سلێمان ئەحمەد پێشێلکاری دەکرێت."
سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەوانی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز و دانیشتووی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 25ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو، کاتێک لە ڕۆژئاواوە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە سیمێلکای سەر سنور دیارنامێنێت، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار مانگ لە دیار نەمانی، تا ئێستا چارەنووسی نازانرێت.
ڕۆژی 30ی مانگی 10ی 2023 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک ڕایگەیاندراوێکی لەسەر ئەم کەیسە بڵاوکردوە کە تێیدا هاتووە، "هێزەکانی ئاسایش کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد، کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتووچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە."
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە ئاشتی مەجید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئاسایشی گشتی هەولێر، دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان، ڤیان عەباس سکرتێری لقی دهۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.
بەڵام سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، دۆسیەکە بە "سیاسی" ناو دەبات و دەڵێت گرتنەکەی "پەیوەندی نییە بە کاری ڕاگەیاندنەوە".
کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دۆسیەی سلێمان سیاسیە نەک راگەیاندن، هەرچەندە سلێمان ئەندامی سەندیکاکەی ئێمە نەبووە، بەڵام ئێمە لێرەوە چەند هەوڵێکمان بۆ ئازادکردنی داوە."
وتیشی،" دەبوایە تا ئێستا چارەنووسی دیاری بکرایە، هەر دۆسیەیەکی لەسەرە بدرایە بە دادگا، بەڵام ئەوەی ئێمە ئاگادارین تا ئێستا دادگایش نەکراوە."
دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ و بیست ڕۆژ لە دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد، تا ئێستا نە هیچ ئەندامێکی خێزانەکەی و نە پارێزەرەکانی لە نزیکەوە نەیانتوانیوە ئەو ڕۆژنامەنووسە ببینن. دەزگا بەرپرسەکانیش جگە لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی 30ی مانگی 10 هیچ لێدوانێکیان نەبووە لەو بارەیەوە. پارێزەرەکەشی ئەمە بە "پێشێلی یاسایی و دەستوری" ناو دەبات.
نەریمان ئەحمەد دەڵێت،" بە پێی یاسا مستەحەقی بینینە، بەڵام ئاسایش نەیهێشت بیبینین، لە دوای ئەوە تیمەکە بیرمان لەوە کردەوە ئەمە پێشیلی ماددەی 19 فەقەرە 11ی دەستوری عێراقە، کە هەموو تۆمەتبارێک بۆی هەیە پارێزەری هەبێت، لەسەر ئەو بنەمایە گەشتینە ئەوەی حکومەت پێشێلی ئەو فەقەرەیەی دەستوری کردووە، لەو چوارێوەیەدا هەوڵەکانمان لە بەغداد چڕکردۆتەوە."
وتیشی،" دوو ڕۆژ پێش ئێستا یەکێکی تر لە پارێزەرانی ئەو دۆسیەیە بە ناوی محەمەد جاسم حەنتوشی سەردانی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی کرد، بە مەبەستی درکاندنی ئەو دۆسیەیە لەلای سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پەیوەندیدایە لەگەڵماندا، لە کاتێکی نزیکدا، جگە لە گواستنەوەی سکاڵاکە بۆ نوسینگەکە هەوڵدەدەین لە دادگای فیدڕاڵی ئەو سکاڵایە تۆمار بکەین، ئێستا لە وردبینی ئەوەداین بزانین شێواز و ڕێکارە یاساییەکان بە چ شێوازێک بکەین."