Accessibility links

وتەبێژی تەڤگەری ئازادی: نزیکەی 50 کەسمان لە لایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیرکراون


وتەبێژی تەڤگەری ئازادی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە کاتی خۆپیشاندانی ئەمڕۆیاندا بۆ ئازادی ئۆجەلان، لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە نزیکەی 50 کەسیان دەستگیرکراون کە لە ناویاندا هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیشی تێدایە. وتیشی ئاسایشیان لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا ڕێگریان لێکراوە و ئەندامەکانیان دەستگیرکراون.

جومعە کەریم، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەمڕۆ 15ی شوبات ڕۆژی پلانگێڕیە لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان، بەم بۆنەیەوە کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجەلان ویستی خۆپیشاندان ئەنجامبدات لە سەهۆڵەکەبۆ باخی گشتی، کە پێکهاتبوون لە هەڤاڵانی ئێمە و کۆمەڵێک خەڵکی وڵاتپارێز و ڕۆشنبیرو ڕاگەیەندنکار، بەڵام ئاسایش ژمارەیەکی زۆری لەو کەسانە دەستگیرکرد."

وتیشی،" نزیکەی 50 کەس لەخۆپیشاندەران دەستگیرکراون، کە لە ناویاندا هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی و ڕۆشنبیر و ڕاگەیەندنکار و کەسانی بێ لایەن هەیە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد، بە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەو بارەیەوە سەلام عەبدولخالق، ڕایگەیاند،" ئەوان ویستبوویان خۆپیشاندان بکەن، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی شوێنەکەیان گونجاو نەبوو، ئاسایش دووری خستوونەتەوە و ژمارەیەکیشیان پێدەچیت دەستگیرکرابن."

وتیشی،" لە ڕاستیدا مۆڵەتیشیان نەبووە ،باوەڕناکەم زۆریش بمێیننەوە لە ئاسایش."

وتەبێژی تەڤگەری ئازادییش دەڵێت خۆپیشاندانەکەیان مەدەنی بووە و بە پێی یاسا مۆڵەتی پێویست نییە، تەنها ئاگادار کردنەوە نەبێت.

جومعە کەریم ڕایگەیاند،" خۆپیشاندانەکە مەدەنیە و تەنها ئاگادار کردنەوەی پێویستە، ئەویش پێشتر کردوومانە."

ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا لە دژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تۆمەتباری کرد بە پشتیوانیکردن لە " تیرۆر".

لە دەمی گەڕانەوەی لە میسر لە ناو فڕۆکەکە لە لێدوانیدا بۆ پەیامنێران، ئەردۆغان ڕایگەیاند " بەداخەوە ئیدارەی یەکێتی بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)، سەرەڕای هۆشدارییە دووبارەکانمان."

هەتا ئامەدەکردنی ئەم هەواڵە ئیدارەی سلێمانی هیچ شتێکی لە بارەی قسەکانی سەۆرکی تورکیا نەوتووە.

XS
SM
MD
LG