Accessibility links

دەزگای ئاسایشی هەرێم: تەنها لە مانگی یەکدا لە سلێمانی و دەوروبەری 116 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون


بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیە گشتیەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تەنها لە مانگی یەکی ئەمساڵدا سەد و شانزە کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبەجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش پەنجا کەسیان فرۆشیارن.

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیە گشتیەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە مانگی یەکی ئەمساڵدا 116 کەیسی ماددەی هۆشبەرمان هەبووە، لەنێویاندا 50 کەسیان فرۆشیار و 64 کەسیش بەکارهێنەرن.

وتیشی،" لە مانگی دووشدا بارزگانی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەرمان هەبووە و دەستگیرمان کردووە، بازرگانەکان ئەوانەن لە سەرووی کیلۆ گرامەوە داخڵی هەرێمی دەکەن و لە ڕێگەی کەسانی ترەوە دەست دەکەن بە دابەشکردنی."

دەزگا ئەمنیەکانی هەرێم بەردەوام، دەست بەسەردا گرتنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنن، بەرپرسانی هەرێم دەڵێن هەرێم بووەتە ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانی ئێران و ئەفغانستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەشێکی زۆر لە بازرگانەکانیش لە نەتەوەی کوردن، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری زیاتر بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناوخۆی هەرێمیش دەدەن.

عەمید سەلام وتی،" بەشێکی زۆر لە بازرگانەکان کوردن، بە تایبەت ئەوەی ناو شارەکان هەموویان کوردن و هەرێمیش وەک ترانزێت بەکار دەهێنرێت بۆ هەناردەی ماددەی هۆشبەر. "

وتیشی،" لە هەموو تەمەنەکان هەیە و خوار 18 ساڵیشی تێدا بووە، بە چەندین شێوازی نەشیاو لەلایەن فۆشیار و بازرگانانەوە زەختیان لێکراوە. چونکە پێتان وایە یاسا نایانگرێتەوە، بەڵام ئێمە هەر دەستگیریان دەکەین و دەیان نێرین بۆ بەشی نەوجەوانان."

ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە هەرێم بڵاوبوونەتەوە، زیاتر ماددەکانی تلیاک، حەشیش، دەرمانی بێهۆشکەر، هیرۆیین و کریستاڵن، سەرچاوەی داخڵ کردنیان ئێران و ناوچەکانی خوارووی عێراقە.

بە پێی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 دا، 991 حاڵەتی دەستگیرکردن وەک بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر هەبووەو 398 کیلۆ ماددە جۆراو جۆرەکانیش دەستی بەسەرداگیراوە.

لە 24ی 11ی 2023شدا، دەزگای ئاسایش ڕایگەیاند، توانیویانە بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق، دەست بەسەر 51 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا بگرن. هاوکات دەڵێن، ڕێوشوێنی توندیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ماددەی هۆشبەر گرتۆتە بەر.

عەقید سەلام وتی،" بە دڵنایییەوە ڕێکارەکان لە مانگی 6 و 7 ەوە زۆر زیاد کراون، ئێمە زیاتر تەرکیزمان لەسەر بازرگان و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەرە، بەڵام بخۆریش دەستگیردەکرێت، بە پێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020 مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."

وتیشی،" سیستەمی زۆر پێشکەوتوومان هەیە لە فڕۆکە خانە و سنورەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ماددەی هۆشبەر."

XS
SM
MD
LG