Accessibility links

گرفتی نەدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان


لە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگدا موچەی موچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها یەک موچەیان وەرگرتووە، هەرچەندە لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە ئەو بڕە پارەیە دابەش بکات و دەڵێت ئەو بڕە پارەیە ئەوەندە نییە کە هەرێم داوایکردووە، حکومەتی عێراقیش دەڵێت هەتا حکومەتی هەرێم لیستی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش نەنێرێت موچەی ئەوانی تر نانێرێت. کێشە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەر پێنەدانی موچە نییە، بەڵکو چەندین ساڵە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی وەستاوە، بۆیە ژمارەیەک لە فەرمانبەران بۆ ئەم بابەتە سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، بەڵام دادگاکە ڕۆژی یەکشەمەش 17ی مانگی سێی 2024 سکاڵاکەی ڕەتکردەوە. بە وتەی سکاڵاکاران سەرۆکی دادگاکە پێی ڕاگەیاندون دوای ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نیشتمانی دەکرێت پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەستپێدەکاتەوە.

دەپرسین :

کێ بەرپرسە لە دواکەوتن و پێنەدانی موچە؟

ئایا نیگەرانییەکانی هەرێم لە جێی خۆیدایە لە بەرامبەر پرۆژەی بە نیشتمانیکردن؟

ئایا سیستمی بە نیشتمانیکردن دەبێتە هۆی گێڕانەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری:

دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق.

مامۆستا نەجمەدین ساڵح، یەکێک لە سکاڵاکارانی داوای گێڕانەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دادگای فیدراڵی عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 1:04:48 0:00

دکتۆر ئەحمەد سەفار:

لە هەموو وڵاتێکدا حکومەت بەرپرسە لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی خۆی، نابێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا بکرێتە بابەتی ململانێ، هەرچەند حکومەتی هەرێم پاساوی خۆی هەیە،بەڵام لە ئەنجامدا ئەو بەرپرسە کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵە یا بە داهاتی ناوخۆیە پارە پەیدا بکات بۆ موچەی فەرمانبەرانی خۆی.

ناوی هێزی ئەمنی بۆچی دەبێت نهێنی بێت؟! باشە خۆ دەکرێت ناوی خوازراو بەکاربهێنن، مادام ئیتر لەسەر بودجەی عێراقیە و هەرێم ناتوانێت موچە بدات و نەقتی خۆی بفرۆشێت، باشترە وەفد بچنە بەغداد و لێکتێگەیشتن دروست بکەن، یاسای خانەنشین و موچە ڕێکبخەن، چۆن دەکرێت لە هەرێم بە جۆرێک بێت لە دەوڵەتی فیدراڵ بە جۆرێکی تر!؟ خۆ ئێمە دوو دەوڵەت نین!

بەپێی یاسا و دەستور دەبێت مانگانە هەرێمی کوردستان مانگانە بەشە بودجەی خۆی بۆ بێت، ئەگەر پشت ببەستن بەم لیست و بە نیشتمانیکردنە وەڵا دە ساڵی تر چارەسەر نابێت.

بەپێی یاسا هەر هاووڵاتیەک خۆی سەرپشکە لە چ بانکێک حساب دەکاتەوە و موچەی بۆ بێت، هەموو بانکێکی ئەهلیش جێی دڵنیایی نین، چونکە بەشێک لەوانە بەشدار نین لە گەشەپێدانی ئابوری و هاوکاری هاووڵاتی، بۆیە دەبێت هاووڵاتیەکە خۆی بانکەکە هەڵبژێرێت و بڵێ موچەکەی من بخەنە سەر ئەو حسابەم.

ئەو پارەیەی بەغداد ناردوویەتی دیاریکراوە بۆ موچەیە، بۆیە ڕەنگە حکومەتی هەرێم خۆی دەستی بۆ نەبات، وە لەوانەیە حکومەتی عێراقیش بڵێ حکومەتی هەرێم کاربەڕێکەرە و دەسەڵاتەکانی سنوردارن بڕیار لە بارەی ئەو پارەیەوە بدات، بۆیە هەرچی زووە پێویستە موچە دابەش بکرێت چونکە دۆخی بازاڕ و خەڵکی لەوە زیاتر تەحەمول ناکات.

شێروان میرزا:

هەر چۆنێک بێت فەرمانبەر، فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە دابینکردنی موچە بۆیان، لەئێستاشدا لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بەشێکی بەرپرسیارێتی خستۆتە سەر شانی حکومەتی عێراق بە (تەمویل-پارەدارکردنی) هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق هیچ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەناوە، ئەو پارەیەی بەغداد ناردویەتی دەکرا لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بەڕێککەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغداد خۆی وتویەتی ٣٣٠ملیارە، هی مانگی دووش حساب بکەین کە لەنیوەی مانگی ٣ ڕۆیشت، لەگەڵ پارەی هاوپەیمانان هەمووی بیست ملیارێکی فەرقە دەکرا حکومەتی هەرێم پڕی بکردایەوەو موچەی دابەش بکردایە بەم ڕەمەزانە.

ئەو پارەیەی عێراق ناردویەتی بە لیست و ناوی وەزارەتەکان هاتووە، دەستبەسەرداگرتن و دابەش نەکردنی جۆرێکە لە یاسا شکێنی و تێکدانی پەیوەندییەکان، لەڕاستیدا ئەگەر هەر بۆ موچە دابەش نەکرێت، ئەوا لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی خۆیەتی، لەوانەیە بلۆکی بکات، یا سەحبی بکاتەوە، یاخود بڕیار بدات کە هیچ کەس بۆی نیە دەستکاری بکات.

پێداگری حکومەتی هەرێم لەسەر هەژماری من، هەم ناواقعیە وە هەم نایاساییە، بەڕای من حکومەتی هەرێم نابێت ئەوەندە پێداگری لەسەر هەژماری من بکات، کیانی هەرێم بکاتە قوربانی هەژماری من.

ئەگەر حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت لەسەر ئەوە، من پێم وایە ئەوکات پارێزگاکان خۆیان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن، وەکو کادیرێکی یەکێتی بڵێم، یەکێتی هەنگاوی خێرا و نامەدروس نانێ، بەڵام چارەسەرکردنی موچە لە ئەولەویاتی کارەکانیەتی، هەروەها لەژێر فشاری خەڵکی ئەو ناوچانەدایە، بۆیە دەستبەسەرداگرتنی موچە لەلایەن برادەرانی پارتی و بەستنەوەی هەموو گرفتەکان بە هەژماری منەوە، یەکێتی خستووەتە بەردەم دووڕیانێک ئەوەتا لە ناوچەکانی ژێر یەکێتی بایکۆت دەستیپێکردۆتەوە، کێشەکان لێرە، لێرەیە فەرمانبەر و مامۆستا دەوام ناکات و زۆربەی فەرمانگەکان دوو ڕۆژە داخراون، چارەسەری بابەتەکە زۆر ئاسانە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە تەواوی لە بەرژەوەندی موچە خۆرانە و بواری گفتوگۆی داناوە، پێویست بەم هەموو هەڕەشەو پێداگریە ناکات، بەداخەوە لەبری چارەسەر و هەنگاوی ژیرانە بەبەیاننامەی بێ بنەما و بێ مانا خەریکی تەخوینکردنی لایەنەکان و هەڕەشەکردنن لەبەغدادن.

لەهەر وڵاتێک ئەگەر دادگا و دامودەزگای چاودێری بەهێزبووایە هەرگیز حکومەت نەیدەتوانی دەستبگرێت بەسەر موچەی فەرمانبەران، دادگای فیدراڵیش ئێستا پۆلیسی نیە، تەنها مەگەر بڕیارێکی تر دەربکات بۆ نمونە بڕیار دژی ئەو بەرپرسانە دەربکات کە دەستیان بەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا گرتووە و بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ ناکەن.

سەبارەت بە نەناردنی لیستی ناوی پێشمەرگە بۆ بەغداد، هێزێکی پیرۆزە هیچ مەنتقی تێدانیە ئەو لیستە نەنێرن، هیچ پەیوەندی بە ئەمنی قەومیەوە نیە، پێشمەرگە بەبێ منەتی پێشمەرگەیە بەهانەیەکی زۆر نامەعقولە کە دەڵێن، وەزارەتی دارایی عێراقی ناوی هەموو وەزارەتی بەرگری و سوپا و حەشدی شەعبیشی لایە، ئیتر چەند ناوەکان وەهمین یاخود نا بەڵام هەموو ناوەکانی لایە.

مامۆستا نەجمەدین ساڵح:

داوای ئێمە بۆ گێڕانەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر بنەمای ئەو ستەمەیە کە چەندین ساڵە لە فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت، چەندین جار ئەم چەند کەسە چوینەتە بەغداد، ئێمە هەژماری من ڕەتدەکەینەوە، چونکە ئەو هەژمارە بۆ ئێمە نیە تەنها بەرپرس و کوڕی بەرپرس سودی لێدەبینن، وەک نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوامان لە بەغداد کردووە لەسەر بابەتی موچەکانمان فرمانی قەدەغەکردنی سەفەر و بڕیار لە بارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری دارایی دەربکەن.

XS
SM
MD
LG