وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە دەڵێت، زیانمەندی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقە، هاوکات کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە کوردستان تۆمەتبار دەکات بە هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، دەشڵێت، کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە عێراق بۆ بەرمیلێک نەوت بڕی 6.9 سەنت وەردەگرن، بەڵام لە هەرێم داوای سێ هێندە دەکەن، ئەم ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری دادگای پاریس بوو سەبارەت بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و هاوکات وەڵامیش بوو بۆ کۆمەڵەی پیشەسازی کوردستان (ئەپیکۆر) کە ڕایگەیاندبوو، چاوەڕێی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقن بۆ ئەمەریکا هەتا لە ڕێگای ئەمەریکاوە فشار لە عێراق بکرێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێم.
دەپرسین:
کێ بە کرداری ڕێگرە لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە لە کاتێکدا عێراق دەڵێت زیانمەندی یەکەم منم و هەرێم و تورکیاش جەخت لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکەنەوە؟
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، حکومەتی عێراق داوای گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کردووە بەڵام پێیان نەدراوە، بۆچی ئەو گرێبەستانە نادرێن بە حکومەتی عێراق؟
چۆن نەوتی هەرێم فرۆشراوە، کە دەوترێت لە 2016وە هەتا ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان 8ملیار قەرزی ئەو پرۆسەیەی هاتووەتە سەر؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
١- دکتۆر ڕێبین سەمەد، شارەزای بواری نەوت، هەروەها سەرۆکی بەشی ئەندازیاری ڕووپێوان لە زانکۆی پۆڵەتەکنینکی هەولێر.
٢- سەرکۆ ئازاد، بڕیاردەری لیژنەی سامانەسروشتییەکان لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم.
٣- یادگار سدیق گەڵاڵی، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕونبین بۆ شەفافیەتی پرۆسەکانی نەوت و گاز.
دکتۆر ڕێبین سەمەد:
دوای ساڵێک تائێستا هیچ بەرەو پێشچونێک ڕوینەداوە سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە بە بۆری، بەپێی گرێبەستەکان هەرێمی کوردستان جۆرێک لە تەنازولی لە سیادەی خۆی کردووە بەرامبەر کۆمپانیاکانی نەوت، بەپێی دەستوری عێراقیش ماددە 111 و 112 ئەو گرێبەستە نەوتانەی لە هەرێم کراوە نادەستورییە، چونکە یەکلایەنە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت کار لە کێڵگەکانی نەوت دەکەن لە هەرێم.
ئەگەر سەیری بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی بکەین، دەردەکەوێت کە حکومەتی عێراقی دانی بەخۆدا گرتووە لە ماوەی ڕابردوودا بەرامبەر کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێم، ئەو بەیاننامەیە جۆرێک ل ەهەڕەشەی تێدایە، عێراق پێویستی بەو بڕە نەوتەی هەرێم نیە کە ڕەوانەی دەرەوەی بکات بیفرۆشێت، ئێستاش کۆمپانیاکانی نەوت ڕۆژانە 220هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن و لە بازاڕی ڕەش دەیفرۆشن بۆ خۆیان، بۆیە بە بڕوای من هەنگاوی داهاتووی حکومەتی عێراقی تۆمارکردنی سکاڵایە لەسەر کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێم کە تەجاوزی کردۆتە سەر سیادەی هەرێم و عێراق بەوەی نەوت لە هەرێم بەرهەمدەهێنێت و لە بازاڕی ڕەش بۆخۆی دەیفرۆشێت.
ئەگەر سەیری توێژینەوەکان بکەین سەبارەت بە کاری کۆمپانیاکانی نەوت لە وڵاتان بکەین بەهیچ جۆرێک ڕێگا نادرێت ئەو کۆمپانیایانە تەجاوز بکاتە سەر سیادەی وڵات و هەرێمەکە ئەوە تەنها لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە.
عێراق کار بۆ دەرپەڕاندنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە ئەو کۆمپانیایانە پێچەوانەی بڕیاری دادگای پاریس وەبەرهێنانی نەوت دەکەن و دەیفرۆشن، بۆیە عێراق هەڵدەستێت بە چەند هەنگاوێک دژی ئەو کۆمپانیایانە، جا یا بلکۆک کردنیانە، یا لە ڕێگای فڕۆکەخانەکانەوە بۆ ئەوەی ڤیزاکانیان لێ وەربگرێتەوە یا کۆمەڵێک هەنگاوی تر بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت هەرێمی کوردستان جێبهێڵن، چەند جاری تر کۆمپانیاکانی نەوت هەوڵیانداوە لە ڕێگای دەرەوە فشار لە عێراق بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، وەک خۆیان دەڵێن چاوەڕێی سەردانەکەی سودانین بۆ ئەمەریکا تائەمچارەش لە ڕێگای ئەمەریکاوە فشار لە عێراق بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام بە بۆچونی من ئەمجارەش سەرکەوتوو نابن چونکە عێراق ناچێتە ژێر مەرج و داواکاری کۆمپانیاکانی نەوت، وە چەند هۆکارێک هەن کە هەناردەی نەوتی هەرێم ئەمساڵ دەستپێنەکاتەوە، بۆری نەوت یەکێکە لە هۆکارەکان کە عێراق ڕازی نابێت لە ڕێگای ڕۆزنەفت و کارگروپ بەو بۆرییانە نەوتی هەرێم هەناردە بکرێنەوە، بەبڕوای من هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێناکاتەوە چونکە هەموو خاڵە لاوازەکانی هەرێم لەئێستادا عێراق دەتوانێت لە ڕێگای دادگاوە تێکبکێشێنێت.
سەرکۆ ئازاد:
بەپێی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت یەک ملیار و چوار ملیۆن دۆلار بداتە کۆمپانیای کرۆکی کۆری لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە بەرامبەر پاشەکشەکردنی لە مافەکانی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، کە دەبێت لە ٢٠٢٣ تا ٢٠٣٠ ئەو بڕە پارەیە بدات، تائێستا ڕوون نیە گرێبەستی ئەو کۆمپانیایە چۆنە؟ بۆچی پاشەکشەی کردووە؟ ئایا بۆچی دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیە بدات و ڕاستی ئەو بڕە پارەیە چۆنە؟ بۆچی حکومەتی هەرێم قەرزاری کۆمپانیایەکی کۆرییە تا ساڵی ٢٠٣٠ دەبێت بڕی یەک ملیار و چوار ملیۆن دۆلار بداتە ئەو کۆمپانیایەیە!
ئەو کۆمپانیا کۆرییە لە خولی ئێمەدا هاتووە ٢٠١٩-٢٠٢٠ کەچی ئێمە نەبینیومانە نەزانیومانە تەنانەت سەیرەکە ئەوەیە بەشێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش ئاگادار نەبووە.
یەکێک لە پێشبینییەکان ئەوەیە کە حکومەتی عێراقی لە ڕێگای هێزەوە دەست بەسەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵەی هەرێمدا بگرێت تا ڕێگا لە فرۆشتنی ئەو سێ سەد هەزار بەرمیل نەوتە بگرێت کە ئێستا هەرێم ڕۆژانە دەیفرۆشێت و داهاتەکەشی دیار نیە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر عێراق ئەمە بکات بەریەککەوتنی سەربازی ڕوودەدات لەگەڵ حکومەتی هەرێم، هەربۆیە چوار ساڵیش دەبێت حکومەتی عێراق دەستی بۆ ئەم کارتە نەبردووە تەنها بۆ ئەوەی بەریەککەوتنی سەربازی لەگەڵ هەرێم ڕونەدات و دەیەوێت لەڕێگای دانوستانەوە ئەمە بکات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کەلەسەر نەوتفرۆشتنی هەرێم چ هی دیلیۆت یا ڕونبین و ڕێکخراوەکانی تر سەبارەت بە فرۆش و داهاتی نەوت بڵاودەبێتەوە کەچی هێشتا حکومەتی هەرێم ئەو هەموو پارەیە قەرزارە ئەوا بەدڵنیاییەوە حکومەتی هەرێم کای بفرۆشتایە بەدڵنیاییەوە قازانجی زیاتر دەبوو وەک لەوەی نەوتی بفرۆشتایە و هێشتا قەرزاریش بێ.
یادگار سدیق گەڵاڵی:
عێراق پێویستی بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم نیە، بەڵام ئەوەی عێراق دەیکات فشارە بۆ ئەوەی سێکتەری نەوت لە هەرێم بخاتەوە ژێر دەستی خۆی، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بۆ ماوەیەکی کەم وەستا ئەگەرنا لەبەرهەمهێناندایە، پێش بڕیاری وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕۆژانە هەرێم ٤٠٠هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا 300 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت ڕۆژانە، تەنها لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم لە فرۆشی نەوت بڕی 250ملیار دۆلاری دەستکەوتووە دوای لێدەرکردنی هەموو خەرجییەکانیش ئەو بڕەی دەستکەوتووە، بەڵام ئەو داهاتە بۆ کوێ چووە؟! ئەوە نازانین!
خاڵێکی تر لە کۆتا ڕاپۆرتی دیلیۆت کە هی چارەکی کۆتایی 2023یە، کە بەنزیکەیی یەک ملیار و 750ملیۆن دۆلار دراوە بەکۆمپانیا نەوتییەکان کەچی کۆمپانیا نەوتییەکان خۆیان دەڵێن بەهیچ جۆرێک ئەو پارەیەمان نەدراوەتێ. کە ئەو بڕە پارەیە پارەی سێ موچێی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات بەڵام کەس نازانێ ئەو پارەیە بۆ کوێ چووە لەکاتێکدا کۆمپانیاکان خۆیان دەڵێن وەرمان نەگرتووە، حکومەتی هەرێم دەیەوێت ئەو خەرجی و پارەیە بخاتە سەر حکومەتی عێراقی بەڵام حکومەتی عێراقی بەهیچ جۆرێک نایەوێ بچێتە ژێر باری ئەو خەرجییانە، ئێمە چەندین جار پرسیارمان داوای ڕونکردنەوەمان کردووە کە ئەم داهاتە زۆرە بۆتە نیقمەت بەسەر هاوڵاتیانەوە، بەداخەوە وەڵاممان دەستنەکەوتووە، دەبوو چەندین چاودێری بەسەر کۆمپانیاکانەوە هەبێ بەداخەوە ئەوەنیە لەهەرێمی کوردستان، هەروەها لەکوردستان ٥کەس ئاگاداری بەرهەمهێنانی نەوتە، باشە لەکوردستان کەسی تر نیە جگە لەو پێنج کەسە؟خۆ ئەگەر ئەو پێنج کەسە سوپەرمانیش بن فریا ناکەون سەرپەرشتی ئەو کێڵگە نەوتیە بکەن کە لەزاخۆەوە تا خانەقین هەیە.
هەرێمی کوردستان نەوتی فرۆشتووە، بەڵام ئیدارەدانێکی خراپی کردووە، وە زۆرجار بەسەوزی فرۆشتویەتی واتە پێش وەختە پارەکەی وەرگرتووە، هەر ئەو خراپ ئیدارەدانە وایکردووە کەهەرێمی کوردستان قەرزار بێت لەسەر نەوت فرۆشتن، نەوتی نەفرۆشتایە باشتر بوو وەک لەوەی ئێستا ئەو هەمووە قەرزار بێ.