Accessibility links

دەمیرتاش لە زیندانەوە داوایەک پێشکەش بە ئەردۆغان دەکات


سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەسەر ڕووداوەکانی وان، لە زیندانەوە داوای لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کرد "لە دژی پێشێلکردنی یاسا بوەستێت."

ڕۆژی سێشەممە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی وان ڕایگەیاند، براوەی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان، عەبدوڵا زەیدان، کاندیدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، ناتوانێت ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت و پۆستەکە دەدرێتە کاندیدەکەی پارتی داد و گەشەپێدان، (ئاکەپە) عەبدولاهەت ئەرڤاس کە لە هەڵبژاردنەکاندا لە پلەی دووهەمدا بوو.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە نامەیەکدا لە زیندانی ئەدیرنەوە ڕایگەیاندووە، دەیانەوێت ئەردۆغان بە پێی وتارەکەی پاش هەڵبژاردنی مامەڵە بکات.

دەمیرتاش دەڵێت "داوا لە بەڕێز سەرۆک کۆمار دەکەم. شەوی هەڵبژاردن وتت ڕێز لە ئیرادەی گەل دەگریت و پەیامەکەت پێگەیشت. بەداخەوە ئەو ڕووداوانەی لە وان ڕوودەدەن بەپێی پەیامەکانی ئێوە نین. ئێمە دەمانەوێت هەر لەسەرەتاوە ڕێگری لەم دۆخە بکەن."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەردۆغان سەرۆکی وڵاتەکەیە و پێویستە ڕێگری لە هەوڵەکانی داخستنی دەرگای دیالۆگ بکات.

دەمیرتاش بەردەوام بوو لە داوا کردن لە خەڵک و لایەنگرانی دیموکراسی و لایەنە سیاسییەکان کە دژی "پێشێلکردنی یاسا" بوەستنەوە.

ئەو سیاسەتمەدارە دێرینە ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا کاتی توندوتیژی و ململانێ نییە و داوای ئاشتی دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، شاندێکی فەرمی ڕەوانەی شاری وان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان.

هەریەک لە پەرلەمانتارانی جەهەپە سێڤدا ئەردان کیلیچ، سێزگین تانریکول و مەحمود تەنال لە شاندەکەدان.

ئۆمەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) سەبارەت بە ڕووداوەکانی شاری وان ڕایگەیاند، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان (ی.س.ک) بڕیاری کۆتایی دەدات.

چەلیک ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی وان بەهۆی سنووردارکردنی مافەکانی هەڵبژاردنەوە بڕیارێکی لەو شێوەیەی داوە و ڕایگەیاندووە کە حکومەت ناتوانێت ڕاستەوخۆ دەستوەردان لەم بابەتەدا بکات.

XS
SM
MD
LG