ڕۆژی 24ی مانگی شەش بە ڕۆژی جیهانی ژنان لە بواری دیپلۆماسیدا ناسراوە. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2021دا ئەم ڕۆژەی تەرخان کرد بۆ تیشک خستنە سەر گرنگی بەشداری ژنان لە سیاسەت و دیپلۆماسیدا.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژنان لە ڕۆژئاوا یان ناوچە کوردییەکانی سوریادا، ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاویان هەبووە لە نێو دامەزراوە و ئۆرگانەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا.
نوێنەری ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)، لە واشنتۆن سینەم محمد، سەرنج دەخاتە سەر بۆ گرنگی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە سیاسەتدا. هەروەها ئەوەش بە گرنگ دەزانێت کە کاری هاوسەرۆکی ژنان تەنها سنووردار نەبێت بۆ کاروباری ژنان.
سینەم خاتوون دەڵیت " زۆر گرنگە ژنان لە بواری سیاسی و دیپلۆماسیدا جێگەی خۆیان بگرن و خۆیان نیشان بدەن کە دەتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەرکانەدا بکەن، ساڵانێکە لە پێناو ئەم کارەدا خەبات دەکەین و ئێستا گەیشتوینەتە ئەو ئاستەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دابنیشین و بڕیاری گرنگ بدەین."
نورشان حسێن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاوێژکاری دیپلۆماسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باس لەوە دەکات کە چۆن ڕۆڵی ژنە چەکدارەکان یان یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە تێکشکاندنی داعشدا دەرکەوت و دەنگی دایەوە لە سەرانسەری جیهاندا، بەهەمان شێوەی کاریگەر ژنان بەشداربوون لە کاری سیاسی و دیپلۆماسیدا.
دەشڵێت "ژنان هەمیشە لە پرسە سەرەکی و چارەنووسسازەکاندا، لە دیدارە فەرمییەکان لەگەڵ وڵاتان، هەروەها لە پەیوەندی و ڕێکخستنە گرنگەکاندا ئامادەبوون و پێشەنگ بوون. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژاڤا دیپلۆماسییەکی سەربەخۆش بەڕێوەدەبات".
نورشان خانم هەروەها باس لەوەش دەکات کە لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریدا، ئازادی ژنان هاوکات لەگەڵ پاراستنی ژینگە و دیموکراسی فاکتەری سەرەکییە و لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە کاری سیاسی و دیپلۆماسی بەڕێوەدەبەن.
گوتیشی " دانوستان لەگەڵ هەموو زلهێزەکانی جیهان دەکرێت، چ سەرمایەداری و چ دژە سەرمایەداری، ئێمە دەڵێین پێویستە پەیوەندی لەگەڵ هەمووان و هەموو لایەک هەبێت، بەڵام پەیوەندییە تاکتیکییەکان لە ستراتیژییەکان جیابکرێنەوە، بۆ ئەوەی بتوانین پرەنسیپ و بەرژەوەندییەکانمان بپارێزین."
لەم چوارچێوەیەدا خاتوون سینەم محەمەد باس لە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات (1325) کە جەخت لەسەر ڕۆڵی پێشەنگی ژنان دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی ئاشتی و سەقامگیری، فراوانکردنی بەشداریکردنیان لە پرۆسەکانی ئاشتی و دامەزراوە سیاسییەکاندا.
گوتی " ژنان دەتوانن بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆیە پێویستە لە ڕۆژاڤا و لە سوریا بە گشتی جێگەی خۆیان بگرن. ژنان دەتوانن ڕۆڵێکی گەورە بگێڕن، بۆیە پێویستە لە هەر دانوستان و دیالۆگێکدا ئامادەبن، بۆ بەرەوپێشبردنی چارەسەر و ئاشتی، بۆیە پێویستە پاڵپشتی زیاتر بۆ ڕۆڵی ژنان لە ڕۆژاڤا و سوریا بکرێت."
لە ڕۆژی جیهانی ژنان لە بواری دیپلۆماسیدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سیاسەتدا ڕێگری دەکات لە پەرەسەندنی یەکسانی جێندەری.
لە ڕۆژاڤا کە زیاتر لە سەدا 50ی ژنان پۆستیان لە ئیدارەی خۆسەردا هەیە، بەشداریی خۆیان لە کاری سیاسی و دیپلۆماسیدا بە باشی دەبینن و زۆر کەس پێیان وایە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پرۆسەی سیاسی و ئایندەی وڵات دەبێت.