Accessibility links

پرسی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری حاجیان لە ئەمساڵدا


حەج
حەج

بەپێی وەزیری تەندروستی عەرەبستانی سعودییە، ژمارەی ئەو حاجییانەی لە ئەمساڵدا لە کاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 1300 حاجی. دەشڵێت 83%ی ئەو حاجیانەی گیانیان لەدەستداوە، مۆڵەتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجیان نەبووە و سەرئەنجام بۆ ماوەیەکی درێژ لە بەردەم تیشکی خۆردا ڕۆیشتوون و پشوویان نەداوە. ئەو ژمارەیە لە ئەمساڵدا، بووەتە جێی پرسیار و بابەتی میدیاکان.

سەبارەت بە حاجیانی هەرێمی کوردستانیش، هەتا ڕۆژی شەممە ژمارەی ئەو حاجیانەی کە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 24 حاجی، هەروەها 18 حاجیش بێ سەروشوێنن، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژی 22ی مانگی شەش پاسێکی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە نێوان شاری مەککە و مەدینە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەمان ڕۆژ پێنج حاجی هەرێمی کوردستان لە کاتی گەڕانەوەیان بە ڕێگای ئۆتۆمبێل لە شاری ڕومادی توشوی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و چواریان گیانیان لەدەستدا.

please wait

No media source currently available

0:00 1:16:59 0:00

دەپرسین :

هۆکاری ئەو گومان و دەنگۆیانەی لەسەر ژمارەی گیان لەدەسدانی حاجیان لە مەراسیمەکانی حەجی ئەمسال بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئایا حکومەتی عێراق و هەرێم و لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت بە هۆکاری چونی هاووڵاتیان بۆ مەراسیمی حەج بە ڤیزای گەشتیاری بەرپرسیارێتی هاووڵاتیانی هەڵنەگرێت؟

بۆچی هاووڵاتیان پەنایان بردە بەر ڤیزای گەشتیاری بۆ ئەنجامدانی حەج؟

بۆچی ئەو ڤیزایە لە بازاڕی ڕەش مامەڵەی پێوە کراوە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەو پرسە کرا بە میوانداری ئەم بەڕێزانە:

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینەکان.

دکتۆر دلێر شینە، یەکێک لە زیارەتکارانی حەج لە ئەمساڵدا.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پێشوو لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینەکان.

نەبەز ئیسماعیل:

لەکۆی ١٢٠هەزار داواکاری حەج، ٤٦٨٦هەزار کەس ناویان بۆ مەڕاسیمی حەج هاتبوەوە، دەرچونی ناوی ئەو کەسانەش لە پڕۆسەیەکی تیروپشکی شەفافدا بوو، چەندین لیژنەی جیاواز بۆ گواستنەوە و سەرپەرشتی ئەم زیارەتکارانە پێکهێنرا، هەموویان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک گوازرانەوە بۆ شاری مەککە و مەدینە، ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو لەکاتی گواستنەوەی ئەم حاجیانە بەشێوەی فەرمی ئێمە گوێمان لەوە دەبوو کە خەڵک دەچن بۆ حەج بە ڕێگای نایاسایی و ڤیزای جیاواز، وەک ڤیزای یەک ساڵی و ڤیزای عەمرە و ڤیزای گەشتیاری، ئەوانە هەمووی حەجی نایاسایین، پێشتر هۆشداریمان دابوو کە بەو جۆرە ڤیزایانە حەج نەکرێت چونکە ئەو کەسانە کەس نابێت سەرپەرشتییان بکات و توشی گرفت دەبن چونکە بە نایاسایی لەو وڵاتەن وەتائێستاش خەڵک توشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت لەو وڵاتە، ئەم چونەی خەڵک بەوجۆرە ڤیزانە و بەو لێشاوە بۆ حەج هۆکاری سەرەکی مردنی ئەو ژمارەی زۆرەی حاجیانی ئەمساڵ بوو لەحەجی ئەمساڵدا کە بەشێکی ئەو حاجیانە خەڵکی هەرێمی کوردستانن، چونکە جوگرافیای کێوی عەرەفە و مینا دیاریکراوە بەرگەی ئەو هەموو حەشاماتە خەڵکەی نەدەگرت کە ڕووبکەنە ئەو وڵاتە، وایکرد کە شوێنی سێبەر کەم بێت، خواردن و خزمەتگوزاری کەم بێت، لەبەرئەوەیە سعودیە پشکی بۆ هەر وڵاتێک داناوە، بۆیە بۆ ئێمە وەک وەزارەتی ئەوقاف مردنی ئەو ژمارە زۆرەی حاجیان لە ئەمساڵدا پێشبینی کراوبوو نەک گوماناوی.

ڕۆژی یەکشەممە 10 حاجی هەرێمی کوردستان کە بەڤیزای یەکساڵی و گەشت چوبونە حەج لە بنکەی پۆلیسی عەزیزیە دەستبەسەربوون ئێمە وەک وەزارەتی ئەوقاف چوین بەدەمیانەوە، وەزارەتی ئەوقاف و حکومەتی هەرێم زۆر مرۆڤانە و بەرپرسانە هاتۆتە سەرخەت و بەدەم هەموو هاووڵاتیەکانی خۆیەوە دەچێت بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی چۆن ئەو حاجیە چۆتە سعودیە، وە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵای پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەوکەسانەی بەناوی ڕێبەر و کۆمپانیا یا هەرناوێک ئەو حاجیانەی بەوجۆرە نایاساییە بردووە، دوای لێکۆڵینەوە توندترین سزا دەدرێن، ئەوەی کاک دکتۆر دلێر شینە باسی دەکات زۆر لەوە خراپتر بەسەر حاجیاندا هاتووە، باسیان نەکردووە.

وەزارەتی ئەقاف و خودی جەنابی وەزیر لە خەمی ئەو حاجیانەدایە، ٢٤کاتژمێر لەسەر هێڵە.

مەریوان نەقشبەندی:

بەڕاستی دەستەواژەی پێشبینی کراو بۆ مردنی ئەو ژمارە زۆرەی حاجییان، جا بە هەر پاساوێک بێت بەهەر ڤیزایەک بێت ئەمە بەڕاستی گونجاو نیە، ناکاتە ئەوەی حکومەتێک ڕابوەستێی هیچ ئیجرائاتێک نەکات چونکە مردنی ئەو کەسانەی پێشبینی کردبوو، ڕاستە ئەوانە لەبەرپرسیارێتی هەرێمی کوردستان نەڕۆیشتوون بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی هەڵبگرتنیایە، هەرچۆن و بە هەر ڤیزایەک ڕۆیشتبێتن ئەوانە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن، ناکرێت حکومەتی هەرێم خۆیانی لێ بێ بەری بکات بڵێ پێشبینی مردن و ونبوون و ئیجرائاتی یاسایمان دەکردن، چونکە هاووڵاتی هەرێمن، ڕاستە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نیە، هەندێک شت بەرپرسیارێتی عێراقە، بەڵام دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و چاودێریکردن و خزمەتگوزاری بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمە، من چەند ساڵ لەمەوبەر پێشنیاری ئەوەم کرد کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم هەروەک چۆن لە ئێران و وڵاتانی زۆر هەیە دەبێت حکومەتی هەرێم نوێنەرایەتیش لە سعودیە بکاتەوە چونکە ساڵانە حاجیانی هەرێم و خەڵک بۆ عەمرەش سەردانی ئەو وڵاتە دەکات بۆ ئەوەی هەر گرفتێک بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بێتەپێش ڕوویان بکردایە نوێنەرایەتییەکان، ئەوەش ڕاستە کەموکوڕی سەرەکی لای حکومەتی سعودیەوە بووە.

دەبوو حکومەتی هەرێم چۆن دەستبەجێ بۆ نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەران نوێنەرایەتی شاندی ناردە ئیتاڵیا و شوێنی ڕووداوەکە هەم بۆ لێکۆڵینەوە هەم بۆ یارمەتیدانی قوربانیەکان، و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیتاڵیا دەبوو دەستبەجێ بۆ گیانلەدەستدان و ونبوون یاخود دەستگیرکردنی حاجیانی هەرێم لەمساڵدا جا بەهەر ڤیزایەک ڕۆیشتوون، شاند و نوێنەر و لیژنەی بناردایە بۆ سعودیە بۆ بەدەمەوەچونی هاووڵاتیانی خۆی، نەک چاوەڕێی حکومەتی عێراقی بکات هاووڵاتی خۆمانمان کە هەرێمی کوردستانە بۆ بدۆزێتەوە.

هەرێمی کوردستان و هیچ کەسیش لە هەرێم بۆی نیە بڵێ ئەوانە حەجی نایاساییان کردووە، یا هەر ناوێکی تری وەک قاچاغ و نایاسایی لەو حاجیانە بنێ، تەنها بۆ سعودیە هەیە کە وڵاتی خۆیەتی وابڵێ ، دەکرێت بوترێت ناشەرعی ئەویش لەو حاڵەتەی کە خوای گەورە بە دەقی قورئان مەرجی حەجی داناوە.

لە تونس سەرۆکی وڵاتەکە دەست بە وەزیری ئەوقاف کێشایەوە، لە میسر بەهەمان شێوە ڕێوشوێنی توند گیراوەتەبەر و داوای قەرەبوو بۆ ئەو حاجیانە دەکرێت لەو کۆمپانیا و شوێنەی ئەو حاجیانەیان بەوجۆرە بردووە، دوای ئەوە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت لیژنەی باڵای پێکهێناوە، بەڕاستی ئەوە بەلیژنە ناکرێت دەبێت لەسەر .

من بومایە لەبری وەزیری ئەوقافی هەرێم دەستم لەکاردەکێشایەوە، وەک ڕێزێک بۆ گیانلەدەستدانی ئەو هەموو حاجیەی هەرێم کە ئەمساڵ لە مەراسیمی حەج گیانیان لەدەستدا ئیتر بەهەر هۆکارێک و بە هەر ڤیزە و ڕێگایەک چوبێتنە حەج ئەوەم لەبەرچاو نەدەگرت، بەڵکو دەستم لەکاردەکێشایەوە وەک ڕێزێک تا خەڵکی خۆمان ببینین بەرپرسەکانمان لە خەمی هاووڵاتیاندان لەهەر کوێیەک ڕووبەڕووی هەر گرفتێک دەبنەوە.

هیوادارم و دڵنیام سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دێنە سەر خەت وە کەمتەرخەممان و هەموو ئەوانەی هۆکاربون و دەستیان هەبووە بەئاسانی دەناسرێنەوە چونکە شاهێدەکان زۆرن.

دکتۆر دلێر شینە:

حکومەتی سعودیە سەرانەیان لە خەڵک دەساند، بە هەزاران ڤیزایان پێش مەڕاسیمی حەج فرۆشت و نرخیان گرانکرد، هەموو ئەوانەی ئێمە بەتکتی فڕۆکە چوین بە فەرمی، هۆتێلمان گرتووە خۆ سعودیە خۆی ئاگادارە، دوای ئەوە لەسەر ڤیزاکانمان نوسراوە بە تەنها بۆ کارکردن نیە، نەنوسراوە بۆ حەج نابێت یا بۆ مەککە و مەدینە نابێت، کاتێک پێییان وتین ئەو ڤیزایە حەج نابێت کە ١٠ ڕۆژ پێش مەراسیمی حەج بوو، ڤیزاکانیان بە هەموومان فرۆشتبوو و پارەیان لە هەموومان وەرگرتبوو، خۆ ئێمە هەرنەچوین بۆ کونسوڵیە پاسپۆرتان دەدایە نوسینگەکان ئەوان بە لەزگە ڤیزاکانیان پێوە دەنا و دەچوین پارەمان دەدا و وەرمانگرتووە حەقە حکومەتی هەرێم لەکونسوڵیە بپرسێتەوە ئەو هەموو ڤیزایەی چۆن فرۆشت بەو نوسینگانە؟ دەبێت کەسوکاری ئەو حاجیانەی ئەمساڵ لە حەج شەهیدبوون لەکوردستان بچن سکاڵا لەسەر کونسوڵی سعودیە تۆمار بکەن و داواکاری گشتی و وەزارەتی ئەوقافی هەرێمیش بێتە سەر خەت و داوای فیدیە بکەن، چونکە یەکەم لەکوردستانەوە کونسوڵ ئەو ڤیزانەی بەفێل فرۆشت و نوسیبووی تەنها ناتوانی کاری پێبکەی.

دووهەم لەسعودیە ئەو حاجیانە توشی ڕاوەدونان و تۆقاندن دەبونەوە، ئەو حاجیانە بەوە شەهید دەبوون لەترس و ڕاکە ڕاک و تۆقاندن، سعودیە بەئاشکرا ڕەشوەی وەردەگرت، حاجیانی دەستگیردەکرد بەئۆتۆمبێل دەیناردنە شوێنی تر کە زۆر نزیک بوو بەڵام کرێی ئۆتۆمبێلی چوار وەرەقە زیاتری وەردەگرت لە حاجیەکان، دوای ئەوە خەڵک چی بکات پەنا بۆ کوێ ببات چەند ساڵ ناو بنوسێ من وەک هاووڵاتی وەک پزیشک چەندین ساڵە ناو دەنوسم ناوم نایەتەوە بۆ حەج، وە ئەگەر لەکاتی وەرگرتنی ڤیزاکان بیانوتایە بۆ حەج نابێت وەکو چۆن نوسیویانە بۆکار نابێت، ئەوا نەدەچوم وەک شەخسی خۆم بەڵام سعودیە فێڵی لێکردین، ئەوەندە حاجیەکانیان ڕاودەنا تەنانەت کەسی واهەبوو نوێژی دەکرد دەهاتن دەستگیرییان دەکرد نەیاندەهێشت نوێژەکەی بکات، درۆیەکی گەورەیە ئەو حاجیانە لەبەر قەرەباڵغی نەمردن دەڵێن ئەوانەی بەڤیزای یەکساڵی چون قەرەباڵغیان کردووە و ڕێی حاجی تریان گرتوە، نەخێر لێنەدەگەڕان خەڵک سوار ئۆتۆمبێل بێت بەو گەرمایە ئەوانەی پیرو نەخۆش بون لەگەرما و ترس و تۆقاندن و ڕاوەدونان مردن، دەیاندا بەسەر ئۆتێلەکاندا دەرگایان دەشکانە، لەگەڕەکێک دەیانبردی بۆ گەڕەکێک بە سێ-چوار وەرەقە، خەڵک بەوجۆرە مردن کە ڕێگەیان نەدەدان سوار ئۆتۆمبێل بن ١٢ سەعات بەپێی ڕێیان کرد بەترس و دڵەڕاوکێوە بۆ کێوی عەرەفە، نەیانهێشت سوار پاسەکان بن.

XS
SM
MD
LG