Accessibility links

دۆخی ناوچە ئێزدییەکان لە پاش دە ساڵ لە جینۆساید


ساڵی 2014 و لە سەرەتای مانگی هەشت داعش هێرشێکی لەناکاوی بێ پاساوی کردە سەر ئێزدییەکان لە شنگال و دەوروبەری. لەو هێرشە هەزاران ئێزدی کوژران و زیندە بە چاڵ کران و ژمارەیەکی بێ شومار لە ژن و منداڵیان وەک کۆیلە بران و بازرگانیان پێوە کرا. تاوانەکانی داعش بەرامبەر ئێزدییەکانی کرد هێندە گەورەبوون لەلایەن عێراق و چەندین وڵات، لەوانە ئەمەریکا بە جینۆساید ناسێنرا. ئێستا و لە پاش دە ساڵ لەو کارەساتە هێشتا ئێزدییەکان بە لێکەوتەکانییەوە دەناڵێنن و وەک باسی لێوە دەکەن کارێکی ئەوتۆ لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق نەکراون بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانیان و ساڕێژکردنی برینەکانیان. دەڵێن ئەوان بەر لە هەموو شتێک ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکانیان دەوێت، پاشان بنیادنانەوەی ناوچەکانیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەکو ئاو و کارەبا بۆیان.
دەپرسین:
هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەتا ئێستا چۆن توانیویانە یارمەتی ئێزدییەکان بدەن؟
چی کراون بۆ بنیادنانەوەی ژێرخانی ناوچە ئێزدییەکان؟
چی کراون بۆ باشکردنی باری ئابوری و ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە لێقەوماوە؟
ئایە گرنگی پێویست دەدرێت بە باری دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەو ژن و منداڵانەی بە دەستی داعش زیانیان پێکەوتووە؟
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم دواییانە کە لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی سیڤیلی ئێزدی لە واشنتن کۆبووەوە، وتی ئەمەریکا بە بەهای ملیاران دۆلار یارمەتی و کۆمەکی پێشکەشی ئەو خەڵکە کردووە کە بەدەستی داعش زیانیان پێگەیشتووە. لەو کۆمەک و یارمەتییانە چی بۆ ئێزدییەکان کراوە؟
چی پێویست لە ئەمڕۆدا بکرێن بۆ یارمەتیدانی ئێزدییەکان؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق.
حسێن قائیدی، بەرپرسی نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی و هەروەها ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
پیردان جەعفەر حەمۆ ، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک.

please wait

No media source currently available

0:00 0:54:29 0:00

ڤیان دەخیل:
لە دوای کارەساتی شنگال کە هەزاران ئێزدی کەوتنە ژێر دەستی داعش، بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵدا کرا، حکومەتی هەرێم مەکتەبێکی دانا بۆ ئازادکردنی ئێزدییەکانی ژێر دەستی داعش، ئەو مەکتەبە توانی بە هەزاران کچی ئێزدی ژێر دەستی داعش بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەوەی کە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی کردیان بۆ ئەو بابەتە بە بۆچونی من زۆر بە باشی نەکرا، چونکە هەندێک گەندەڵی تێدابوو، من ناڵێم هەموو ئەو ڕێکخراوانە، بەڵکو دەڵێم هەندێک لەو ڕێکخراوانە بە شێوەیەکی ناتەواوی لەگەڵ ئەو مەلەفە مامەڵەی کرد،کە بە شێوەیەکی زانستی و تەندروستی هاوکاری ئەو کچە ئێزدییانەی ڕزگاربووی دەستی داعش نەکرا لەلایەن هەندێک لەو ڕێکخراوانەوە، ئەگەر بەراورد بکەین لەڕێژەی ئەو فەندە، (هاوکارییە) داراییەی کە هی ئەو ڕێکخراوانە کراوە لەگەڵ ئەنجامی کارەکانی ئەو ڕێکخراوانە لەسەر ئەو کچە ئێزدییە ڕزگاربووانە ئەمن دەبینم جیاوازییەکی زۆرە و کاری بەو ئاستە پێویستە نەکراوە.

ڤیان دەخیل
ڤیان دەخیل

بەشێک لەو ڕێکخراوانە بە ناوی هاوکاری ئەو کچە ئێزدییە ڕزگاربووانەوە دەهاتن پارەیان لە وڵاتانی خۆیان بەو ناوەوە وەردەگرت، بەڵام لەبری هاوکاری تەندروستی و دەرونی چەند موحازەرە و ۆرک شۆپێکی سادەیان پێشکەش دەکردن، لە کاتێکدا ئەو کچە ڕزگاربووانە پێویستییان بە چارەسەری تەندروستی هەبوو، دەبوو چەند سەنتەرێکی تەندروستی و دەرونی بکەنەوە بۆ ڕاهێنانەوەی ئەو کچە ڕزگاربووانە، دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخساندنایە تاببونایە خاوەنی داهاتی خۆیان، نەک بە تەنها ئەو کچانە خودی کەسوکاری ئەو کچانەش پێویستیان بە هاوکاری بوو بەڵام ئەو ڕێکخراوانە هیچ کام لەوانەیان نەکرد.

ئێستا لە پەرلەمان لێکۆڵینەوە دەکرێت، ئەو دۆسێیەمان لەسەر هەندێک لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە گەورانەی یۆنامی کردووەتەوە کەگومانی گەندەڵییان لەسەرە، بەناوی پڕۆژەوە بۆ کچانی ڕزگاربووی ئەزیدی بەملیۆنان دۆلار لەسەر ئەو پڕۆژانە نوسراوە لەکاتێکدا ئەنجامی دیار نەبووە چونکە تەنها ۆرک شۆپ و موحازەرە بووە، ئەو ۆرک شۆپ و موحازەرانەش پێویستی بەملیۆنان دۆلار نییە، بابگەینە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە.

حکومەتی عێراقی هیچ کات مەلەفی ئێزدییەکانی بەلاوە گرنگ نەبووە، تەنانەت لەو بودجە زۆرەی هەیەتی هەتا ئێستا شنگالی ئاوەدان نەکردووەتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ ناکات، بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان کە کەمپی بۆ دوو ملیۆن ئاوارە کردەوە لەسەر بودجەی خۆی خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەو ئاوارانە دەکرد، بووە بارگرانی لەسەر بودجەی هەرێم کەچی هەر لەو کاتەدا حکومەتی عێراق بوجەی هەرێمی بڕی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش هەندێک جار لەو کەلوپەلانەی دابەشی دەکرد بەسەر ئاوارەکان گەندەڵی دەکرد، وە بەهیچ جۆرێک حکومەتی عێراقی نەک هیچ کچێکی ئێزدی ئازاد نەکردووە بەڵکو هەر پێی گرنگ نەبووە، ئەوەش تەنها هەرێم کردویەتی، هەروەها تەنانەت مەلەفی جینۆسایدی ئێزدییەکانی نەبردووەتە دادگای نێودەوڵەتی کە ئەرکی دەوڵەتە، تەنانەت هەر خودی حکومەتی عێراقی بە فەرمی نابیستی لێی دان بنێیت بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، بە جینۆساید ناوی ببات.

حسێن قائیدی:

حسێن قائیدی
حسێن قائیدی

هەر لە دوای کارەساتی شنگال، حکومەتی هەرێم جگە لە هاوکاری کردنی ئاوارەکانی شنگال، ئەوکات لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر فەرمانی کاک نێچیرڤان بارزانی ئۆفیسێک پێکهێنرا بۆ بەدواداچون و ڕزگارکردنی ئەو ژن و مناڵ و پیاوانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێنراون، لە ئەنجامی بەدواداچونمان بۆمان دەرکەوت کە ٦٤١٧کەس لە ژن و منداڵ و پیاوی شنگال کەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش، لەو کاتەوە کە ئەم ئۆفیسە دروستبووە ٣٥٧٩ لەدەست تیرۆریستانی داعش ئازادکراون، لەو ژمارەیە ١٢١٠کەسیان ژنن، ٣٣٩ کەسیان پیاون، ئەو ڕێژەیەی تر مناڵانن لە هەردوو ڕەگەزەکە.

بەداخەوە حکومەتی عێراقی کەمتەرخەمییەکی زۆری هەیە سەبارەت بە دۆسیەی ئێزدییەکان،بۆ ئاوارەکان هیچی نەکردووە هەتا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان گرنگترین شت کە بیکردایە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال بوو، بە تایبەت لە ڕووی ئەمنی نەهێشتنی هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی، وە لایەنی خزمەتگوزاری، بەداخەوە هیچی نەکردووە، بۆ دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی لە ژێر دەستی داعش چەندین جار داوامان لە حکومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی کردووە، بەداخەوە جگە لەو ئۆفیسەی لەسەر فەرمانی کاک نێچیرڤان بارزانی پێکهێنرا وە حکومەتی هەرێم هیچ لایەکی تر هاوکاری نەکردوین، هەتا ئێستاش ٢٦٠٠ڕفێنراو لە ژێر دەستی داعشدا ماون، کە شوێنی زۆربەی ئەوانە دیارن، بە ڕاستی ئەوە شەرمەزارییە بۆ حکومەتی عێراقی و نێودەوڵەتی کە هەتا ئێستاش مرۆڤی ئێمە ڕفێنراون و دەستبەسەرن، بەڵام خۆیانیان لێ لاداوە، لە کاتێکدا ئەگەر کەسێکی ئەوروپی یان ئەمەریکی بڕفێنرێت یان دەستگیربکرێت ئەوا هەموو دنیا و پۆلیسی ناوخۆ و ئینتەرپوڵ و میدیاکانی بۆ دەخەنە ئامادەباشیەوە هەتا ڕزگاری بکەن.

بۆ خۆم چەندین جار داوام لە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی پێشوتری پەرلەمانی عێراق کردووە کە هاوکارمان بن بۆ گەڕانەوەی ئەو ئێزدییە ڕفێنراوانەی ژێر دەستی داعش بەداخەوە هەتا ئەم ساتەش هیچییان نەکرد، هەروەها لە کاتی دامەزراندنی ئەو ئۆفیسەوە من بەرپرسی ئەو ئۆفیسەم، چومەتە جنێف، و چەندین وڵاتی تر داوای هاوکاریمان لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانە کرد بۆ ئەوەی هاوکارمان بن لە گەڕانەوەی ڕفێنراوانی ژێر دەستی داعش بەداخەوە ئەوانیش وەڵامیان نەداوینەوە، جگە لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم هیچ کەس هاوکارمان نەبووە لە ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراەوانەی ژێر دەستی داعش.


پیردان جەعفەر حەمۆ:
هەتا ئێستا لە ٨٠%ی شنگال و خانووی هاووڵاتیانی شنگال هەر بە ڕوخاوی ماونەتەوە، بۆیە خەڵک ناگەڕێتەوە شنگال، سەرەڕای نەبوونی ئەمنیەت و خزمەتگوزاری، کە هێزی چەکدار لەو ناوچانەدا هەن، ئەگەرچی هاوکاری گەڕانەوەی هاووڵاتیان دەکرێت، بەڵام هاووڵاتیانی شنگال لە ٢٠١٩وە هەتا ئێستا تەنها لە ٣٠%یان گەڕاونەتەوە، ٢٩٦٠٠خێزان هەتا ئێستاش لەناو کەمپەکاندا دەژین، ژمارەیەکی زۆریش کە بەتێکڕایی ئەوانەی ناو کەمپ و ئەوەی لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین نزیکەی ٣٣٧٠٠ هەزار خەڵکی شنگال لە سنووری دهۆک و زاخۆ دەژین، زیاتر لە ١٣٠هەزار کەسیش گەڕاونەتەوە شنگال، لەوانەش ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٧٠٠ خێزان دووبارە لەوانەی شنگال گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی ئەمنیەت و خزمەتگوزاری و کار.

هەرچەندە دەبوو حکومەتی عێراقی یارمەتی دابینکردنی خواردن و ئاوی خواردنەوەی بدانایە هەفتانە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراقی ئەوە ناکات، ئێستا هەموو خزمەتگوزارییەکی ئاوارە شەنگالییەکان و ئاوارەکانی تر لەسەر شانی حکومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازی بارزانیە، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری بە خۆڕایی دەدرێتە ئەو ئاوارانە.

بە ڕاستی ئاسان نییە بەڕێوەبردنی بیست کەمپ لە سنووری پارێزگای دهۆک و زاخۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وەک ئاماژەم پێیکرد هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کەمکراوەتەوە، سەرەڕای هاوکاری نەکردنی حکومەتی عێراق، لەپێشتردا بڕیاری دا هەتا ٣١ ئەم مانگی حەوتی ئەمساڵ ئەو کەمپانە دەبێت هەمووی دابخرێت، بەڵام حکومەتی عێراق بەهۆی ناڕەزایی هەرێم لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەتەوە هەتا کۆتایی ئەمساڵ ئەو وادەیەی درێژکردەوە ئەویش پاش ئەوەی گفتوگۆی نێوان هەرێم و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەستیپێکرد کەپێشتر ئەو گفتوگۆیانە نەبوو پەیوەندی خراپبوو.

بەداخەوە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم، حکومەتی عێراق بڕیاری دا کە هەر ئاوارەیەک لەو کەمپانە دەربچێت بڕی چوار ملیۆن دیناری بداتێ، ئەوە بوو چوار هەزار ئێزیدی ناویان نوسی و ئەو بڕە پارەیەیان وەرگرت، بەڵام تەنها ١٢٠٠ خێزان گەڕانەوە، ئەوی تر لە دهۆک مانەوە، دواتر بڕیارەکەی گۆڕی وتی، هەر کەس بەس لە کەمپەکە دەربچێت، ئیتر بگەڕێتەوە یاخود نا، یا بچێتە هەر شوێن تر گرنگ ئەوەیە لەو کەمپە دەربچێت ئەوا چوار ملیۆن دینارەکە وەردەگرێت، بەداخەوە ئەم بڕیارەش بەبێ دیراسە کردن و هەماهەنگی بوو لەگەڵ حکومەتی هەرێم، حکومەتی عێراقی مامەڵەی سیاسی لەبری ئینسانی لەگەڵ ئەو ئاوارانە دەکات ئەو مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی شنگالە کە سەنتەری ئێزدخانە، پێشتر بەڕێوەبەری گشتی دهۆک پێی وتم، لە ٤٠%ی سەردانیکارانی نەخۆشخانەکانی دهۆک ئاوارە و پەنابەرەکانن، بە ڕاستی ئەو ڕێژەیە زۆرە و قورساییە بۆ سەر خەڵکی پارێزگاکە، دەبوو حکومەتی عێراق کاری بکردایە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی چونکە خەڵکی ئاوارەی شنگال لەبەر ئەو هێزانە ناگەڕێنەوە کە نە ئەمنیەتی هەیە، نەخزمەتگوزاری و کار، خەڵکی شنگال دەیانەوێت پێشمەرگە لە شنگال بێت یان هێزی پۆلیس و ئەمنی لە خەڵکی ناوچەکە خۆیان بێت.

ئەوەی وەزیری کۆچبەران ڕایگەیاندبوو، ئاوارە و پەنابەران بەکارهێنراون بۆ دەنگدان، بەڕاستی ئەو قسەیە هیچ ڕاست نییە، خەڵکی شەنگال خۆی دەنگی داوە بە حکومەتی هەرێم ، خەڵکی شنگال لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی پەکەکە لە شنگال دەنگیان دا بە خاتوو ڤیان دەخیل و کاک مەحما خەلیل و کاک شەریف سلێمان کە ئێستا پەرلەمانتارن، ئاوارەکان ئازادانە دەنگی خۆیان دەدەن هیچ کات نەبەکارهێنراون نەفشارییان لێی کردووە، تەنانەت شنگالی دەنگی داوە بەحەشدی شەعبی و لایەنی دەرەوەی کوردی ئازاد بووە و کەسیش فشاری لێنەکردووە.


XS
SM
MD
LG