Accessibility links

ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی ئێران بۆ عێراق


مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران هەفتەی ڕابردوو بە سەردانێکی سێ ڕۆژی لە عێراق بوو. لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا لە بەغداد و هەرێمی کوردستان و شارەکانی باشوری عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەستانی عێراقی کۆبووەوە. ئەوەی بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن گەیشتووە، لە میانەی سەردانەکەی پزیشکیان، ئێران و عێراق 14 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژو کردووە، هەر لە بوارەکانی وزە و کشتوکاڵ و پیشەسازی و گواستنەوە و تەندروستی و خوێندن هەتا ئاسایشی.

شێوازی سەردانەکەی پزیشکیان بۆ عێراق بەراورد بە سەردانی سەرۆکەکانی پێشووی ئێران بۆ ئەو وڵاتە جیاوازبوو، بەو پێـیەی سەردانی چەندین شاری وڵاتەکەی کرد، لەوانە هەردوو شاری سەرەکی هەرێمی کوردستان (هەولێر و سلێمانی) و هەردوو شاری پیرۆزی شیعەکان (کەربەلا و نەجەف)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەردانی هیچ کام لە شارە سوونەکانی نەکرد. هەروەها لێدوانی بە زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان و لە شاری بەسرەی باشوری عێراق کە وەک دەڵێن یەکەم ڕێبەری ئێرانییە لە ماوەی 100 ساڵدا سەردانی ئەو شارەی کردبێت، عەبای عەرەبی لەبەرکرا.

دەپرسین:

جیاوازی شێوازی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق، هەڵوێستی خۆیەتی یان تەکتیکێکی نوێی ئێرانە لە بەرامبەر عێراق؟

ئەوەی باسدەکرێت لە میانەی ئەو سەردانەدا یاداشتنامە لە نێوان هەردوو وڵات واژوکراون، ئایە ڕێکەوتننامەش کراوە؟

ئەو یاداشتنامانەی پەیوەستن بە بواری ئاسایشی لە نێوان هەردوو وڵات، چین؟

ئایە سەردانەکە هیچ پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ناوچەکەوە هەیە، لەوانە کوژرانی ئیسماعیل هەنییەی حەماس لە تاران؟

لە هەرێمی کوردستان چی لەگەڵ پزیشکیان باسکرا؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان .

پرۆفیسۆری یاریدەدەر پەروێز ڕەحیم قادر، شارەزای ئاسایشی نێودەوڵەتی و مامۆستای زانکۆ.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر سەردار موسا شەریف، پسپۆڕی لە بەشی پەیوەندی نێودەوڵەتی و مامۆستای زانکۆ.

please wait

No media source currently available

0:00 1:03:49 0:00

دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر:

سەردانی پزیشکییان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان سەردانێکی مێژوویی بوو، جۆرێک بوو لە جورئەت بەخۆدان کە بەو کوردییە ڕەوانەش قسەی کرد، کە لەسەرۆکایەتی هەرێمیش لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کۆبوەوە زۆر خاکیانە تەوقەی لەگەڵ نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد و بە زمانی کوردی خۆناساندن دەستیپێکرد، تێڕوانینی بۆ گەل و نەتەوەی جیاواز تێڕوانینی قورئانیانە بوو کە دەفەرموێت(وجعلناکم شعوبا وقبائیل ان اکرمکم عند اللە اتقاکم) ئاماژەی بەوەکرد هیچ نەتەوەیەک لە سەرووی نەتەوەیەکی تر نییە، بەڕێزتر و گەورەتر ئەوەیە کە بە تەقواو واتە کاری دروست و ڕاست بکات، گوتیشی، کۆکماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە باشتر بکات، پزیشکییان بە گوزارشتی کوردی مەهابادیانە وتی، ئەو گرفتانەی ماون لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئینشااللە لەناوی دەبەین (واتە نایهێڵین)، من پێموایە ئەو وتانەی پزیشیکییان وتی، ئەگەر تەرجومەی بکات بۆ کردار کە ئومێدەوارین بکرێت ئەوا گەشەسەندنێکی باش لە پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێران دێتە ئاراوە، لە کۆبوونەوەکە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوەکرا کە ئێران دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت خودی سەرۆک کۆمار دەتوانێت ئەو ڕۆڵە زیاتر ببینێت، هەروەها بە ناڕاستەوخۆ ئەوە وترا کە (ئێران) بە دۆستەکانی لە بەغداد بڵێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر چاک بکات.

سەردانی پزیشکییان بۆ سلێمانی، دەتوانین بە چەند لایەک خوێندنەوەی بۆ بکرێت، وەک ئەوەی بەڵگەیە لەسەر پەیوەندی دورودرێژ و باشی ئێران لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەروەها وەک ئەوەی ڕاگەیەنرا بۆ دانانی تاجە گوڵینەیە لەسەر مەزاری (مام جەلال) ئەمە بەدیووە ئەرێنییەکەی ئەگەر خوێندنەوە بۆ ئەو سەردانە بکرێت.

بەڵام لە نێوان دێڕەکاندا ئەگەر خوێندنەوە بۆ سەردانی پزیشکییان بکرێت بۆ سلێمانی جۆرێکە لە (تەکریس\پیرۆزکردنی) دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان کە ئەمە خزمەت بە ئێستای هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵام با هۆکارەکەی بڵێیین کە بۆچی ئەم سەردانە کرا ئەگەر بەوجۆرە خوێندنەوەی بۆ بکەین، هەرچەندە تیمی پڕۆتۆکۆڵی سەرۆک کۆماری ئێران ئازادن چۆن سەردان و پێشوازییەکان ڕێکدەخەن بەڵام بە ڕاستی پەیوەندی خراپی نێوان پارتی و یەکێتی ئەو درزەیە کە ئەو جۆرە سەردانانەی لێوە ڕێکدەخرێت، چونکە خۆ کاک قوباد بەنوێنەرایەتی یەکێتی لە کۆبونەوەکەی پزیشکییان لە سەرۆکایەتی هەرێم ئامادەبوو، هەروەک چۆن من بەنوێنەرایەتی یەکگرتوو بەشداربووم، بۆیە سەردانی پزیشکییان بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەکتەب سیاسی یەکێتی ئەوەیە ئێران بە کردەوە پێمان دەڵێت کە هەرێمی کوردستان بەکرداری دوو زۆنە، زۆنێک پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەی دەبات زۆنەکەی تر یەکێتی، بەڵام لە ڕووکەشدا حکومەتێکی یەکگرتووی هەرێم هەیە، ئەوەش خەتای خۆمان یا بابڵم پارتی و یەکێتیە کەوایانکردووە لەئ ەرزی واقیعدا دوو ئیدارەیی هەبێت.

سەردانی نەکردنی پزیشکییان بۆ ناوچە یان پارێزگایەکی زۆرینە سوننە خاڵێکی سلبی ئەو سەردانەی سەرۆک کۆماری ئێران بوو، چونکە ئەگەر ئێران دەیویست یا دەیەوێت پەیامی بە یەکسانی و بە یەکچاو سەیرکردنی هەموو پێکهاتەکانی عێراقی بگەیەندایە دەبوو سەردانی ناوچەیەکی زۆرینە سوننەی بکردایە و لەگەڵ سەرکردە سوننەکانی عێراقیش کۆببوایە، بێگومان سوننەکان ئەوەیان پێناخۆشبووە.

د.پەروێز ڕەحیم

پێش هەرشتێک باسکردن لە هۆکاری سەردانی پزیشکییان بۆ عێراق و هەرێم، بەتایبەت هەرێمی کوردستان کەچی وایکرد بۆ یەکەمین جار سەرۆک کۆمارێکی ئێران لە یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی سەردانی هەرێم بکات؟ دەبێت باس لەوەبکەین کە ئێرانییەکان ترسی زۆرییان هەیە، هەم لەهاتنەوەی ترامپ بۆ سەرحوکم، ناکۆکی نێوخۆیی نێوماڵی شیعە لە عێراق، گەمارۆ تاقەت پڕوکێنەکانی سەر ئێران، لێکەوتەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، جگە لە دۆخی خراپی نێوخۆیی ئێران لە ڕووە جیاوازەکانەوە پێمان دەڵێت، کە سەردانەکەی پزییشکییان ڕەهەندی ئابوری هەبووە، چونکە ئێران ترسی هەیە بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابورییە تاقەت پڕوکێنانەوە ئەمجارە لە پاڵ ناڕەزاییە سیاسییە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، ناڕەزایش لەخراپی دۆخی خراپی ئابوری گوزەرانی جەماوەری ڕوبدات،ئەمجارە هاوشێوەی 2022 نەتوانێت کۆنترۆڵی بکات، بۆ هەرێمی کوردستانیش ئەو سەردانە زۆر گرنگ بوو،بەجورئەتەوە دەتوانم بڵێم، بەڕێز سەرۆکی هەرێم سیاسییەکی زۆر زیرەکە لەقۆستنەوەی دەرفەتەکان دەبینێ و هەست پێدەکات کە ئێمە دۆخی ئێران وەک خۆی بخوێنینەوە، هەروەها ڕاگرتنی باڵانس لە پەیوەندییەکاندا، لە فەزا گشتییەکەی عێراقدا دەرچەی ڕزگاربوونی ئێرانە، ئێران لەوپەری لاوازی و بێدەرەتانی خۆی هەرێمی کوردستانی موشەک باران دەکرد، هەروەها هۆکارێکی تریش ناڕوونی سیاسەتی ئەمەریکا و بێهەڵوێستی لەوبارەیەوە بوو.

بۆ هەرێمی کوردستان و ئەمنی هەرێمی کوردستان باشترە حکومەتی هەرێم بەهێز بێت، ڕەنگە ئێران تەنانەت تورکیاش حەزبکات بەوجۆرە بجوڵێتەوە وەک دوو ئیدارە هەروەک (میوانەکەتان-دکتۆر سەڵاحەدین بابەکر) ئاماژەی پێدا، بەڵام ئەوە ئێمەین کە دەبێت خۆمان بەهێز بکەین، کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان بگەنە ئەو بڕوایەی کە ئەمنی سیاسی هەرێم بەوجۆرە لاواز دەبێت دەبێت بەشێوازێکی تر و یەکگرتوویی وەک حکومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ ئەکتەرێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.

ئەوەی گرنگە ئەوانەی سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی سەردانەکەی کردی ڕێککەوتننامە نەبوون بەڵکو یاداشتنامە بوون، چونکە ڕێککەوتنی عێراق لەگەڵ هەر وڵاتێکی دەرەوە پێویستی بەوەیە بچێتە پەرلەمانی عێراق لەوێ پەسەند بکرێت، تەنانەت، لێکتێگەیشتنە ئەمنیەکەش ڕێککەوتننەبوو چونکە نەک نەچۆتە پەرلەمانی عێراق بەڵکو تەنانەت ناوەڕۆک دەقەکەشی نەبینراوە.

د. سەردار شەریف

ئێران، عێراق و ئەفغانستان وەک حەوشەی پشتەوە لە ڕووی جیۆپۆلەتیک و جیۆستراتیژی خۆی دەبینێت، بەپێچەوانەوە هاتنی پزیشکییان بۆ هەرێمی کوردستان مانای بەهێزی هەرێمی کوردستانە، ڕاستە ئێران ڕەنگە هەرێمی کوردستان لە ڕووییەکەوە بە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی بزانێت، بەڵام لە هەمانکاتدا پێی خۆشە کە هەرێمی کوردستان بوونی هەبێت و هەماهەنگ بێت لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی هاوسەنگی هێزەکان لە عێراق بپارێزرێت، چ هاوسەنگی هێزە شیعەکان یاخود هێزە سوننەکان بێت، هاتنی پزیشکییان بۆ هەرێمی کوردستان ئەگەر خۆشیرینکردن نەبێت، بەڵگەیە لەسەر گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان، هەمووشییان دەزانن بێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی کورد لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە، ئێران، عێراق، تورکیا، ئاسایش ناتوانێت بەرقەرار ببێت، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فەرمی دانپێدانراوە، ئێران دەزانێت لە ڕووی جیۆپۆلۆتیکیەوە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران گرنگە.

XS
SM
MD
LG