Accessibility links

ئایا مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراون؟


تەقینەوەی نزیکەی چوار هەزار ئامێری پەیجەرەکانی ئەندامانی حزبوڵای لوبنان، کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە لەسەر هەردوو ئاستی جیهانی و ناوچەکەش، هاوکاتیش بەبڕوای بەشێک لەچاودێران شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بردە قۆناغێکی تر.

لەئاستی شەقام و جەماوەریشدا مشتومڕ و گومان و پرسیار لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و تەنانەت بەکارهێنانی تەلەفونی مۆبایلیش دروستکردووە.
لە دوای ئەو تەقینەوانە، کە بە دەیان کوژراو و بە هەزاران برینداری لێکەتوونەتەوە، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی ئەوە شەڕە بەڵام، کەم نین ئەوانەی لەوبڕوایەدان چەمکی شەڕ لە گرێژنە دەرچووە لەو ناوچەیەدا.

دەپرسین؛
دوای تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیجەر، شەڕ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستر شەڕی ئیسرائیل و گروپە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران، بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات؟
ئامێرەکانی پەیجەر چۆن تەقێنرانەوە و چۆن دەکرێت ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بەو شێوازە بتەقێنرێتەوە؟
کاردانەوەی حزبوڵا و پشتیوانانی چۆن دەبێت؟ ئایا توانای ڕووبەڕوبونەوەی شەڕی ئەلیکترۆنییان هەیە؟
ئایا مۆبایلە زیرەکەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان جێگای مەترسین بۆ خەڵک بەگشتی؟ ئەو ترس و گومانە لەڕووی زانستییەوە تاچەند دروستە؟
ژیار محەمەد، لەبەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەبابەتی ڕۆژدا تاوتوێی پرسی، شەڕ و ئەگەرەکانی هێرشە تۆڵە ئامێزەکانی ڕێکخراوە میلیشیاییەکان دەکات.
بۆ بابەتی ڕۆژی ئەمڕۆمان، میوانداریی ئەم بەڕێزانە دەکەین:
مامۆستا حسێن ڕابی، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی
ئەندازیار شەماڵ سەباح، ئەندازیاری پڕۆگرامساز و ڕاوێژکاری ورچەرخانی دیجیتاڵی

حسێن ڕابی:
*تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیجەر گورزێکی کوشندەبوو بەر حزبوڵا کەوت، چونکە ئەو ئامێرانەی پەیجەر بەدەست سەرباز و ئەندامی ئاسایی حزبوڵاوە نەبوون، بەڵکو ئەوانە لەدەستی فەرماندە باڵاکانی حزبوڵادا بوون، ئەوانەی شەڕ دژی ئیسرائیل بەڕێوەدەبەن.
*ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێران و حزبوڵا جەنگی تەکنەلۆژییان یەکجێ و لەڕێوە بەئیسڕائیلیان دۆڕاند، ئەوەی پێشتر بانگەشەیان بۆ دەکرد وا بەهێز و پێشکەوتون و موشەک و درۆنیان هەیە و دەچنە ناو ئیسڕائیل و هاکی دەکەن، دەرکەوت ئەوانە هیچی ڕاست نیە، ئێستا تەنها شەڕی ڕووبەڕوو ماوە بدۆڕێن.

*ئێران و حزبوڵا لەشەڕی هەواڵگری و تەکنەلۆژیا یەکجێ و لەڕێوە ئێستا بە ئیسرائیل دۆڕاون، چونکە ئەو شەڕە شەڕێکی ئاڵۆزە و شەڕی ئاوێتەییە، ئێران کەوتۆتە ناو تەڵەی ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانیەوە.

* ئێران نایەوێت ئەم شەڕە گەورەتر بێت لانی کەم هەتا هەڵبژاردنی ئەمەریکا تەواو دەبێت و هەتا کار نەکاتە سەر دەنگی دیموکراتەکان، ئێران حەزدەکات هاریس دەربچێت، نایەوێت ترامپ دەربچێت چونکە ترامپ بەدێوەزمە دەزانێت.
*ئێران ویستی ئاڕاستەی شەڕەکە بەرەو یەمەن بڕوات، بەڵام ئیسڕائیل تێگەیشت و بەپێچەوانەوە بێ ئەوەی یەک سەربازی بکوژرێت لەناو لوبناندا ئەو کردە گەورەیەی کرد.
* ئەگەری زۆرە ئیسڕائیل سنور ببەزێنێت و بچێتە ناو لوبنان وە هێرش بکاتە سەر گروپە چەکدارەکانی تری سەر بەئێران لە عێراق و سوریاش، ئەم شەڕە بەم نزیکانە کۆتایی نایەت، ئێران دەبێت هەموو گروپەکانی سەر بە تاران لەوڵاتانی دەوروبەری ئیسرائیل ڕادەست بکات.
*دەبێت هەرێمی کوردستان پڕۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆ نوێ بکاتەوە بەجۆرێک کە لە کاری تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد تێبگەین، من ناڵێم درۆن دروست بکەن و هێرشی پێبکەنە سەر وڵاتان بەڵکو لانی کەم با کەدرۆنمان بۆ هات بتوانین بەرگری بکەین.

*دەبێت هەرچی زووە حکومەتی هەرێم لەڕێگای وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پرۆگرامەکانی خوێندن نۆژەن بکاتەوە، ئەگەرنا وەک کۆمەڵگەی لوبنانیمان لێدێت کە ئەوەتا لەدوای تەقینەوەی پەیجەرەکان هەموو مۆبایل و تەکنەلۆژیایان فڕێداوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئاستی نزمی خوێندەواریی ئەو کۆمەڵگەیە و تێنەگەیشتن لە تەکنەلۆژیا.

*سەد لەسەد گریمانەی ئەوە هەیە ئەوەی بەسەر حزبوڵادا هات لە لوبنان بەسەر گروپە چەکدارە شیعەکانی سەر بەئێران لە عێراقیشدا بێت، چونکە ئەو گروپە چەکدارە شیعانە و سوپای پاسداران و حزبوڵا بۆ ئیسرائیل جیاوازی نیە.
*ڕاستە تا ئێستا ئیسرائیل بەفەرمی نەیوتووە ئەو هێرشە من بووم، قەتیش نایڵێ، چونکە کردەوەیەکی تیرۆریستیە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کاردانەوە و مەحکومکردنێکی ئەو کردەوەیە نیە لەلایەن ئەو وڵاتانەی خۆیان بەخاوەنی عەرەب و موسڵمانان و وڵاتانی عەرەبی دەزانن، لەبەرئەوەی حزبوڵا و ئەو گروپانە مەترسین بۆسەر سعودیە و ئەردەن و وڵاتانی تری عەرەبیش نەک بەتەنها ئیسرائیل.

ئەندازیار شەماڵ سەباح:
*بەشێک لەو ئامێری پەیجەرانەی کە لەدەستی چەکدارانی حزبوڵا تەقێنرانەوە، لە ڕاستیدا ئەو کۆمپانیا ژاپۆنییە ماوەی دە ساڵە ئەو ئامێرانە دروستناکات و وەستاون، نزیکترین سیناریۆ ئەوەیە کۆمپانیایەکی فەیک هەبێت لەژێر هەمان ناو دروستکرابێت، ئیسڕائیل لەو ڕێگایەوە چەند گرامێک تەقینەوەی کردبێتە ناو ئەو ئامێرانەوە دواتر لەڕێگای گەرمبوونی پاتریەکانەوە ئەو ئامێرانە تەقیبنەوە.

*پێموایە سیگناڵ بۆ ئەو ئامێرانە لەرێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان سەتەلایت یاخود ئەو کەشتیانەی نزیکبوون لەلوبنان سیگناڵەکان بۆ ئەو ئامێرانە نێردرابن، ئەمەش بەیەک نامە یا کردنەوەی یەک نامە نیە بڵێی نامەیەک چووە بۆ ئەو ئامێرانە و پاش کردنەوەیان تەقێنرابێنەوە نەخێر چەند نامەیە و مەرجیش نیە کرابێتنەوە چونکە ئامێری وەها هەیە بەدەستەوە نەبووە لەسەر مێز یا شوێنێک دانراوە بەڵام پاش چوونی چەند سیگناڵ و گەرمبونی پاترییەکان تەقێنراونەتەوە.
*پێویست ناکات خەڵک لەخۆڕا لەئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و مۆبایلەکەی دەستیان بترسن، بەڵام بۆ سەلامەتی هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی سەرچاوەی کڕین، گواستنەوە، تەسلیم کردن گرنگە.
*لە هەر وڵاتێک وەزارەتێکی سەربازی و بەرگری هەبێ دەبێت بەشی(پشکنینی) ئامێرەکان هەبێت کە بزانرێت ئەو ئامێرانە چۆن و لەکوێوە دێن، چونکە تەکنەلۆژیا ئێستا بە ئەندازەیەک پێشکەوتووە کە چاوەڕواننەکراوە، بۆیە لەمەودوا ئەو شەڕانە ئیتر زۆر دەبن.

*ئێستا تەکنەلۆژیا بەڕادەیەک پێشکەوتووە لەبواری جەنگیشدا تەکنەلۆژیا سەرکەوتووە بەسەر ئایدۆلۆژیادا وایلێهاتووە ملیۆنێک سەربازیش نەتوانن دەرەقەتی تەکنەلۆژیا بدەن، تەنانەت ڕەنگە لەئایندەدا تەکنەلۆژیا واپێشبکەوێت فڕۆکەیەک دروست بکرێت لەبواری جەنگیدا کەبەئەندازەی لەپێکی دەست بێت بۆ چەندین ڕۆژ بفڕێت و بۆ چ ئامانجێک بینێرن بەدروستی بیپێکێت.

*پێویستە هەرێمی کوردستان بایەخ بداتە بابەتی تەکنەلۆژیا، سەرەتا لەڕێگای خوێندن و پڕۆگرامەکانی خوێندن دواتریش لەبواری سەربازی هەوڵبدرێت پێشبکەون،ڕاستە گەلی کورد بەئازایەتی و بەجەرگی پێشمەرگە ناسراوە بەڵام ئێستا سەردەمی سەڕی تەکنەلۆژیایە،سەردەمی ڕادار و درۆنە.

*پێویستە هێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان یا هەر کەلوپەلێک لەژێر چاودێریی حکومەتدا بێتە کوردستان، بەتایبەت ئەو ئامێرانەی مۆبایل و ئەلیکترۆنی کە لەدوبەیەوە دێن و کراوەبوون پێشتر چونکە نازانرێت جی پی ئێسی تێدایە، یا تەنانەت تەقەمەنی، یاخود پاتریەکانیان زوو گەرم دەبن و دەتەقێنەوە.

*پێویستە هەر مۆبایل و ئامێرێکی ئەلیکترۆنی ئەوانەی لەدوبەی یا هەر شوێنێک دەهێنرێن بەراوردی بکات لەگەڵ کۆمپانیا ئەسڵییەکە لەڕووی هاتنیەوە نەوەک بەفەیک هێنرابن و دواتر کارەسات دروست ببێت.

زانیاری زیاتر لە دەقی بەرنامەی بابەتی ڕۆژدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:55:00 0:00

XS
SM
MD
LG