Accessibility links

ئایا ئیسرائیل بە کوشتنی نەسروڵا دەوەستێت یان سەری سەرکردەکانی تری گرووپە چەکدارییەکانی یەمەن و عێراقی دەوێ؟


ئیسرائیل و گروپی چەکداری حزبوڵا کوژرانی حەسەن نەسروڵا ڕابەری گروپەکەیان ڕاگەیاند، کە لە ئاکامی هێرشەکەی ڕۆژی هەینی 27ی مانگی 9ی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەی ژمارەیەک سەرکردەی حزبوڵا لە لە لوبنان کوژرا.

دەشێت کوژرانی حەسەن نەسروڵا، سەرکردەکەی حزبوڵای لوبنان، بەهێزترین گورز بووبێت لە حزبوڵا درابێت لە دوای کوژرانەکەی ساڵی 1992ی عەباس ئەلموسەوی، سەرکردەی ئەو کاتەی حزبوڵا.

لەگەڵ ئەوەشدا کە حزبوڵا ئەو سەرکردەیەی خۆیی بە سیمبۆل و بە قورسایی ستراتیژی خۆی دادەنا، بەڵام وەک دەگوترێت ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو لایەنە شیعەیەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران نەتوانێت سەرکردەیەکی تر بۆ خۆی دابنێت. کاردانەوەی گروپەکە و تەنانەت ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی گروپە چەکدارەکانیش بەئاراستەی هەڕەشەکردن بوو لەئیسرائیل و تۆڵەسەندنەوە لەئیسرائیل، بەڵام کەم نین ئەو بۆچونانەی پێییان وایە ئەم هەڕەشانە سنوری چەند موشەک و ڕاگەیاندن زیاتر تێناپەڕێبنێت هاوشێوەی هەڕەشەکانی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و بەرپرسە باڵا سەربازییەکانی ئێران لەسوریا و کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەتاران.

دەپرسین..
لەم سەروەختەدا کە حزبوڵا دەیان سەرکردەی لێ کوژراوە و لە زۆر ڕوانگەشەوە پەڕتەوازە بووە و لە شپرزەییەکی بێ وێنەدا دەژی، بەڕێوەبردنی کاروباری حزبوڵا شتێکی ئاسان دەبێ؟ ئایا کارو چالاکی ئەو گروپە چۆن دەبێت؟
کاردانەوە و ڕۆڵ و هەژموونی ئێران چی دەبێت ئایا ئێران تۆڵەی نەسورڵا دەکاتەوە یا هاوشێوەی ڕابردوو تەنها هەڕەشەیە؟
ئایا ڕۆڵی ئێران لەدوای کوژرانی نەسروڵا لەپشتیوانی حزبوڵا و گروپەکانی مقاوەمە چۆن دەبێت؟
جیاوازی حزبوڵای پێش کوژرانی نەسروڵا و دوای کوژرانی نەسروڵا، چی دەبێت؟

ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەبابەتی ڕۆژی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکادا، تاوتوێی پرسی کوشتنی نەسروڵا و کاردانەوە و کاریگەرییەکان دەکات، بەمیوانداری بەڕێزان؛
فازڵ قەرەداغی ، نوسەر و چاودێری سیاسی

دکتۆر سەنگەر سەید قادر، توێژەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی
هەر لەم بەرنامەیەدا، وتووێژێکی تایبەتمان هەیە لەگەڵ، ئەبو بەکر کاروانی، نوسەر و لێکۆڵەر.

فازڵ قەرەداغی:
ناتانیاهۆ و حزبە ڕاست ڕەوەکەی موناوەراتی خۆیان دەکەن، کێشەی دادگای هەیە، چاوەرێ دەکەن هەرلابچێت و دادگایی بکەن، بینیشمان بەدەیان هەزار کەس خۆپیشاندان دەکەن بۆ ئەوەی لەدەسەڵات لابچێت، ئەو(ناتانیاهۆ) دەیەوێت ململانێیەکە بگەیەنێتە لوتکە هەتا لەگەڵ دوژمنەکانی دەگاتە سەفقەیەک بەڵام شەڕەکە نەگەیەنێتە مەترسی بۆ سەر ئیسڕائیل لەبەرامبەر دەرچونێکی سەلامەت لەدەسەڵات، دەیەوێت ئەو بەڵێنە وەربگرێ کەبەسەلامەت لەدەسەڵات دەردەچێت، حزبە ڕاستڕەوەکەی خۆیشی پشتگیری دەکەن بەڵام بۆ مەبەستێکی تر ئەویش ئەوەیە دەستبگرن بەسەر فەلەستیندا، من پێم سەیرە ئێران لێرەدا لەوە تێناگات کەناتانیاهۆ دەیەوێت ئەو گرژبونەوە زیاتر بڕوات بەڵام ئەو خۆی تێناگەیەنێت هەر خەڵکی لێدەکوژرێت لێرەدا نازانرێت ئێران بەنیازی چیە ئایا وەڵامەکەی هەروەک پێشتر لەچواچێوەی چەند موشەک و هەڕەشەی میدیایی دەبێت یا چاوەڕێ دەکات،وەک ئەوەی لەپێشتر دەوترا ئەگەری ڕودانی کۆدەتای سەربازی لەئیسرائیل هەیە تا ئیسڕائیل نەگەیەنێتە ئەو ئالۆزبونە زۆرە.


کوشتنی نەسروڵا بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر حزبوڵا بەڵام وەک ئەوەنا بوترێت لەناودەچن، بەڵام ڕەنگە بۆ ماوەیەک چالاکیەکانیان کەم ببێتەوە.. ئایندەی حزبە ڕاستڕەوەکانی ئیسرئیل و دەسەڵاتیشی نادیارە چونکە وەکجاران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتیوانی نەماوە.

زۆر زەحمەتە کوشتنی نەسروڵا یا سەرکردەکانی تری حزبوڵا وا لەئێران بکات کە واز لەپشتیوانی ئەو گروپانە بهێنێت، چونکە ئەو گروپانە دەست و باڵی ئێرانن لەناوچەکە، دوای ئەوە ئێران خۆی باش دەزانێت نەمانی ئەو دەست و باڵانەی واتای قەتیسبوونی ئێران لەناو ئێراندا، چەندە ئێران لەناوخۆی قەتیس بمێنێت هێرشەکان بۆ سەرخودی ئێران زیاتر دەبێت، بەپێچەوانەوە من پێموایە ئێران دوای ئەوە بیر لەیارمەتیدانی جۆرییان بکاتەوە واتە نەک هەر چەکی ئاسایی بەڵکو هەوڵبدات پشتیوانیان زیاتر بکات چەکی جیاواز و جۆرییان(نەوعییان)بۆ دابین بکات،تا ڕوبەڕووی ئیسڕائیل ببنەوە، چونکە ئەو گروپانە بۆ ئێران وەک هێڵی بەرگری وان.

هەرکاتێک بەرژەوەندی خودی ئێران پێویست بکات سەرکردەی ئەو گروپە چەکدارانە هاوشێوەی نەسروڵا یا هەر سەرکردەیەکی گروپەچەکدارەکانی دەست و باڵی خۆی، دەکات بەقوربانی خۆی، چونکە ئێران سیاسەت و دەوڵەتی پێش لایەنی مەزهەبی خستووە.

دکتۆر سەنگەر سەید قادر:
ئەم تیرۆرانەی ئیسڕائیل دەیکات وەک ئامادەکارییەکە بۆ ئەوەی هێرشی وشکانی بکاتە سەر باشوری لوبنان، ئەگەر ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکات، چونکە ئیسڕائیل دەیەوێت خاڵی لاوازی بزوتنەوەی حەماس بقۆزێتەوە کە لەئێستادا پەیوەندی لەنێوان سەرکردایەتی و ناوەند و کادیرانی خوارەوە نەماوە بەهۆی تیرۆرکردنی سەرکردەکانیان.
بەپێی ئەو ستراتیژەی ئیسرائیل دایڕشتووە، لەداهاتوودا ئەگەر گروپە چەکدارەکان لەیەمەن و عێراقەوە بەردەوام بن لەهێرشکردنە سەر ئیسڕائیل، ئەوا بەهەمان شێوە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سەرکردەی گروپە چەکدارەکانی عێراق و یەمەن، هاوشێوەی نەسروڵا لەناویان دەبات، ئەمە جگەلەوەی هێرشەکانی بۆ ناوخۆی سوریاش زیاد دەکات

ئەوەی لە تیرۆرکردنی نەسروڵا دەبینرێت پاشەکشەکردنێکی ئاشکرای ئێرانە لەو فراوانخوازییەی لە سە ساڵی ڕابردوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی بۆ دەدا، سەرەتاکەی بەتیرۆرکردنی قاسم سلێمانی بوو، دواتر هەنییە و دواتریش سەکردەکانی حزبوڵا بەڵام کاریگەرترینیان بۆ ئێران نەسروڵا بوو.

ئێران هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی کرد کە پێشتر وەڵامی تیرۆرکردنی هەنییەی نەدایەوە لەترسی هەڕەشەکانی ئیسرائیل، ئەمەش وایکرد ئیسرائیل ترسی بشکێت و نەسروڵاش تیرۆر بکات، ڕاستە لە کاتژمێرەکانی سەرەتادا بەرپرسانی ئێران هەندێک لێدوان و ئیدانە کردنیان هەبوو، بەڵام بەڕاستی من بە دوری دەزانم ئێران بیەوێت لەمکاتەدا لەبەر دۆخی نێوخۆیی و تەنانەت نێودەوڵەتیش بچێتە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسڕائیل، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئێران دەترسێت ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر بنکە ستراتیژییەکانی لەناوخۆی ئێران، کەئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لەهەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران گوێ بەهیچ سنورێکی نێودەوڵەتی نادەن و هێرش دەکەنە سەر بنکە ستراتیژییەکان لەناوخۆی ئێران، سەرەڕای ئەوەش ئەو بۆچونەش هەیە کەئێران کوشتنی نەسروڵا بکاتە سەفقەیەک لەگەڵ ئەمەریکا، لەبەرامبەر بێدەنگبوونی لەگەڵ ئەمەرکا ڕێکبکەوێ..

بەسەیرکردنی ڕابردوو، بەدوری دەزانم اێران هج وەڵامێکی ڕاستەوخۆی بۆ کوشتنی حەسەن نەسروڵا هەبێت، ئەوە نەبێت لەڕێگای گروپە بەکرێگیراوەکانی لەیەمەن و عێراق هێرشی(نمایش)ی بکات چونکە وەک ئاماژەم پێیکرد لەتوانای ئێراندا نیە ئەو شەڕە ڕاستەوخۆیە.

ئەبوبەکر کاروانی:
حەسەن نەسروڵا کەسی دوومی بەرەی موقاوەمە بوو لەدوای ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەسەر ئاستی ناوچەکە حسابی بۆ دەکرا، دیارنەمانی لە گۆڕەپانەکە کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت، بەڵام پێش هەموو شت بەسەرکەوتن بۆ ئیسرائیل حساب دەکرێ، ئیتر هاوکێشەی نوێ دێتە ئاراوە، شکاندنی هەموو ئەو هێڵە سورانەبوو کەحوکمی لوبنان و ئیسڕائیل و ناوچەکەی دەکرد، هیچ هێڵێکی سور نەماوە ئێستا، بۆیە کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت، ئیسرائیل زیاتر هەست بەدەستکرانەوە و سەرکەوتنی خۆی و پشتیوانی خۆرئاوا دەکات،هەست دەکات دەرفەتێکە هاتۆتە ئاراوە بۆی دەبێت هەتا ئەوبەر لەگەڵی بڕوات، کە کۆماری ئیسلامی ئێرانە، دەرگای لەبەردەم کراوەیە، هەر خودی ناتانیاهۆ لە وتارەکەیدا لەنەتەوەیەکگرتووەکان ئێران و عێراق و سوریای بە نەفرەتلێکراو ناوبرد، ئەمەش پۆلێنکردنەکەی کاتی خۆی جورج بۆشمان دێنێتەوە بیر کە بۆ ئێران و عێراق و کۆریای باکوری کرد.

بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران یا دەبێت لەپای کوشتنی سەرکردەکانی حزبوڵا کاردنەوەی توندی هەبێت بۆ ئیسرائیل، یان دەبێت قبوڵی بکات ڕۆڵی وەکجاران لەناوچەکەدا نامێنێ، ئەگەر پێداگیری بکات لەسەر مانەوەی ڕۆڵی پێشتری ئەوا خۆیشی ئامانجە لەلایەن ئیسرایلەوە پەلامار بدرێت هەتا ئەگەر شتەکە گەورە بێت تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئیسرائیلیش،
کۆماری ئیسلامی ئێران دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدا نەماوە بڵێت من شەڕم ناوێت، مەگەر بەباجێکی زۆر و سازشێکی زۆر نەبێت بۆ ئەمەریکییەکان و خۆرئاوا و ئیسرائیل، وە ڕازی بێت ڕۆڵێکی نوێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت کە وەک پێشتر نەبێ .

ئەگەر ئەوەی ئیسرائیل داوایان لێدەکات، جێبەجێیی نەکەن، وە ئەگەر شتەکە کراوە بێت و شەڕەکە درێژە بکێشێت، ئەوا بەبڕوای من هەر لەسەرکردەی گروپە چەکدارەکانی یەمەن و سوریا و عێراق و هەتا ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیسرائیل بەو ڕادەیەی بۆی بکرێت و شتەکە بەو ئەندازەیە بۆی بچێتە پێشەوە و سنورێکی بۆ دانەنرێت هەموویان بەئامانج دەگرێ.

XS
SM
MD
LG