ڕۆژی هەینی ئێران ڕایگەیاند دەست دەکات بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک " سەنتەرفیوجی نوێ و پێشکەوتوو " لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کە تێیدا کۆت وبەند دەخاتە بەردەم تاران لەسەر " هاریکاریی نەکردنی ئێران لەگەڵ دەزگاکەدا."
سنووردارکردنی ئێران لەلایەن بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەمەریکا و ئەڵمانیاوە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا خرایەڕوو، ئەنجومەنەکە لە 35 وڵات پێکهاتووە، لە مانگی شەشیدا ڕێوشوێنێکی هاوشێوە دژی ئێران گیرایەبەر.
بڕیارەکە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە زیادبووندان، ڕەخنەگران لەوە دەترسن تاران هەوڵی دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمی بدات، کۆماری ئیسلامیش چەندین جار ئەوەی ڕەت کردووەتەوە.
دوو دیبلۆماتکار بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسییان وت بڕیارەکە کە ڕووسیا و چین و بورکینا فاسۆ ڤیتۆیان لە دژی بەکارهێناوە، لەلایەن 19 وڵاتەوە پشتگیریکرا و 12 وڵات خۆیان بە دوورگرت لە دەنگدانەکە و ڤەنزوێلاش بەشداری نەکرد.
ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتییان " بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران فەرمانی کردووە دەستبەجێ کۆمەڵێک ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر، لەوانەش بەکارهێنانی کۆمەڵێک ئامێری جیاکەرەوەی نوێ و پێشکەوتوو لە چەند جۆرێکی جیاواز."
ئامێرەکانی جیاکەرەوە ئامێرێکن کە یۆرانیۆمی پیتێندراو دەگۆڕن بۆ گاز، ئەوەش لە ڕێی سوڕاندنەوەی یۆرانیۆمەکەوە بە خێراییەکی زۆر، بەوەش بڕی ماددەی پارچەی هاوتا زیاتر دەکات کە بە U-235 ناسراوە.
بەیاننامە هاوبەشەکەی ئێران ئاماژەشی بەوەدا کە " لە هەمان کاتدا هاریکارییەکان لە ڕووی تەکنیکی و پارێزراوییەوە لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا وەکو پێشوو بەردەوام دەبێت " و ئەوەش بەپێی ئەو ڕێککەوتنانە دەبێت کە ئێران واژۆی کردوون.
بەهرۆز کەمالڤەندی وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕۆژی هەینی وتی ڕێوشوێنە نوێیەکان زۆربەیان پەیوەستن بە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە.
وتی " بە شێوەیەکی بەرچاو توانای پیتاندن زیاتر دەکەین لەگەڵ بەکارهێنانی جۆری جیاوازیی ئامێرە پێشکەوتووەکاندا."
شرۆڤەکاری سیاسیی هادی موحەمەدی لە تاران بە فرانس پرێسی وت ڕێوشوێنە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران " دەکرێت پێچەوانە بکرێنەوە ئەگەر کردەوە دوژمنکارییەکەی ڕۆژئاوا پێچەوانە بکرێتەوە یاخود گفتوگۆکان بکرێنەوە."
بڕیارێکی نهێنی کە لەلایەن دەزگای هەواڵی فرانس پرێسەوە بیندراوە دەڵێت " ئەوە کارێکی زۆر گرنگ و بەپەلەیە " بۆ ئێران " تاوەکو پابەندی بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی " بێت لە ژێر پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکدا کە لە ساڵی 1970 دا پەسەند کراوە.
نوسراوەکە داواش لە ئێران دەکات " ڕوونکردنەوەی متمانەپێکراویی تەکنیکی " بدات لەسەر بوونی تەنۆلکەی یۆرانیۆم کە لە دوو کارخانەی نهێنی ئەتۆمی ئێراندا دۆزراونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا زلهێزەکانی ڕۆژئاوا داوای " ڕاپۆرتێکی گشتگیر " ی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەکەن لەسەر نوێترین هەوڵە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕاپۆرتەکە دەبێت تاوەکو بەهاری ساڵی 2025 ئامادە بێت.
بڕیارەکە دوای سەردانەکەی ڕافایل گرۆسی سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دێت بۆ ئێران، کە وادیار بوو سەردانەکەی سەرکەوتوو بووبێت. لە ماوەی سەردانەکەدا ئێران ڕازیبوو بە داواکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئێران بە ڕێژەی لە سەدا 60 یۆرانیۆم دەپیتێنێت، ڕێژەی لە سەدا 90 پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی.
لە ساڵی 2015 دا ئێران و زلهێزەکانی جیهان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی کە تێیدا ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار دەکرد لە بەرامبەر لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەری. بەڵام لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. تارانیش لەو کاتەوە بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا پشتگوێ خستووە و قۆناغ بە قۆناغ ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر کرد. گفتوگۆکانیش بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە تاوەکو ئێستا شکستییان هێناوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس