Accessibility links

هونەرمەنێکی کورد لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەوڵی خۆکوشتن دەدات


بە پێی سەرچاوەکانی کە لە ڕێی چالاکوانانەوە هەواڵەکانی نێو ئێران بڵاو دەکەنەوە، هونەرمەندی کورد سامان یاسین لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

تۆڕی مافەکای مرۆڤی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند شەوی سێشەممە 20ی 12 هونەرمەند سامان یاسین کە سزای مەرگی بەسەردا دراوە " بەهۆی دۆخی قورسی هۆڵی 31 ی بەندی 10 ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە، لە ڕێگای هەڵادنی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە." هەروەها دەشڵێت پاش خواردنی حەبەکان دۆخی تەندروستی تێکچووەو لە هۆش خۆی چووە براوەتەوە نەخۆشخانەی زیندان و دوای شتنەوەی و پاککردنەوەی گەدەی ڕەوانەی "بەندی سیاسی هۆڵی 10 زیندانەکە کراوە."

ئاژانسی دەنگوباسی هراناش کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت هەواڵەکەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت " سامان سەیدی (یاسین)، یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، دوێنێ بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی دا و بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گواسترایەوە. ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گەڕێنرایەوە بۆ زیندان."

سەرچاوەیەکی نزیک لە خێزانەکەی سامان یاسین بە تۆڕی مافکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە " سامان یاسین لە سێ حەفتە پێشترەوە کە بەشێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو لەگەڵ سێ بەندکراوی دیکەی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شار کرا، دوابەدوای لەسێدارەدانی موحسێن شکاری لە دۆخێکی زۆر قورس و دژواردا ڕاگیراوە. هۆکاری هەوڵی خۆکوشتنەکەیشی ناڕەزایەتی بووە لەم دۆخە سەختە و هەروەها لەو گوشارانەی لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی خێرا و زووبەزووی حوکمی لەسێدارەدانی لە ئارادایە."

سامان یاسین ناسراو بە سامان سەیدی کوردێکی خەڵکی کرماشانەو هونەرمەندی ڕاپە. ئەو لە 2 ی مانگی 10 لە میانەی خۆپیشانانە ناڕەزایەتییەکانی تاراندا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر کرا. سەرەتا برایە زینانی ئێوین. بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵی نێو ئێران ئەو لە 29 ی مانگی 11 پاش ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

پاش لەسێدارەدانی موحسین شەکاری لە سەرەتای ئەم مانگە نیگەرانییەکان لەسەر ژیانی سامان یاسین زیادی کرد. دەستەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر لە سەرەتای ئەم مانگە لە بەیاننامەیەدا نیگەرانیان لەمەڕ شیانی جێبەجێکردنی سزای مەرگی سامان یاسین دەربڕی.

سامان یاسین بە تۆمەتی موحارەبە سزای مەرگی بەسەردا دراوە. تاوانی موحارەبە یەكێکە لە گرنگترین تاوانەکانی دژ بە ئاسیشی نیشمانی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر هێرشێکی ناو خۆیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە خانەی تاوانی موحارەبەوە کە ئەو تاوانەش سزای مەرگی لەسەرە. ئەم سزایە یەکەم جار لەلایەن سادق خەڵخاڵی دادوەری شەرعی داگادگای ئینقیلاب لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ لەسێدارەدانی دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکارهات.

XS
SM
MD
LG