Accessibility links

هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا بۆ سەر شارێکی ئۆکرانیا، دوو کوژراو و 12 برینداری لێدەکەوێتەوە


بەرپرسانی هەرێمی سومی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا رایانگەیاند لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیادا بۆ سەر شاری سومی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دوو کەس کوژراون و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون.

پۆلیسی نیشتیمانی ئۆکرانیا وتی بەهۆی هێرشەکەوە دوانزە بینای نیشتەجێبوون و چوار خانوو و دووکانێک و سێ ئوتومبێل زیانییان پێگەیشتووە.

فەرمانڕەوای هەرێمی سومی ڤلۆدیمیر ئارتیوخ وتی هێزەکانی ڕووسیا هێرشەکەیان لە ناوچەیەکی قەرەباڵغی شارەکەدا ئەنجام داوە.

وتی " ئەم چەکە بە تایبەتی بۆ خەڵک کوشتن دروستکراوە." ئاماژەی بەوەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان پارچەیان پێوەبووە. وتیشی " چەکەکان بۆ لە ناوبردنی دامەزراوەیەک نەبوون بەڵکو بۆ کوشتنی خەڵکی زیاتر بوون."

ڕووسیا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بۆردومانی ناوچەکەی کردووە و ژێرخانی هەستیاری هەرێمەکەی کردووەتە ئامانج.

شەوی سێشەممە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بۆ سەر شارۆچکەی بچووکی هلوخیڤی سومی دوانزە کەس کوژراون و منداڵێکیش لە نێو کوژراوەکاندا بووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشێکی موشەکیدا بۆ سەر سومی 11 کەس کوژران و 89 کەسی دیکە برینداربوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG