Accessibility links

لە هێرشێکدا لە عێراق دوو چەکداری لایەنگری ئێران دەکوژرێن


سەرچاوەیەکی حەشدی شەعبی و هێزەکانی ئاسایشی عێراق دەڵێن لە هێرشێکدا لە عێراق دوو چەکداری حەشدی شەعبی لایەنگری ئێران کوژراون، هێرشەکەشی خستەپاڵ ڕێکخراوی داعش.

حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا کە دەزگای هەواڵی فەڕمی ئینا بڵاویکردووەتەوە دەڵێت دوو چەکدارەکە " دوای برینداربوونییان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی داعشدا " لە پارێزگای سەڵاحەدینی باکووری عێراق گیانییان لە دەستداوە.

سەرچاوەیەکی ئاسایشیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت کوژرانی دوو چەکدارەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی شەوی شەممە داعش هێرشی کردووەتە سەر خاڵێکی " سەربازیی" حەشد لە ناوچەی ئەل زەرقەی باکووری پارێزگاکە.

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە. یەکەی ڕاگەیاندنی حکومەت بۆ کاروباری ئاسایش وتی سوپای عێراق بۆردومانی " حەشارگەکانی " داعشی کردووە لە پارێزگای دیالە، بۆردومانەکانیش بوونەتە هۆی کوژرانی پێنج چەکداری داعش.

ڕێکخراوی داعش لە عێراق هێشتا ماوە بە ماوە هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی عێراق و پۆلیس، بە تایبەتی لە ناوچە دەشتاوی و دوورەدەستەکاندا.

لە مانگی حەوتدا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وتی داعش " 5000 بۆ 7000 چەکداری لە سەرانسەری عێراق و کۆماری عەرەبی سوریادا هەیە، زۆربەیان چەکدارن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG