عه‌لی که‌ریمی: ئێران خۆی بنچینه‌ی توندڕه‌ویی ئیسلامیه‌ بۆیه‌ نابێته‌ به‌شێک له‌ هاوپه‌یمانێتی جیهانی

عه‌لی که‌ریمی

په‌نتاگۆن ده‌ڵێت وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ئاماژه‌ی له‌لا هه‌ن که‌ ئێران له‌ عێراقدا ژماره‌یه‌ک هێرشی ئاسمانی کردوونه‌ته‌ سه‌ر تێرۆریستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.

وه‌ک ده‌مڕاستی په‌نتاگۆن ده‌ڵێت ئه‌مریکا له‌وبڕوایه‌دایه‌ یه‌که‌م جاره‌ ئێران ئه‌و جۆره‌ هێرشانه‌ بکاته‌ سه‌ر توندڕه‌وان.

هه‌ندێک له‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ئێستادا به‌شدارییان هه‌یه‌ له‌و شه‌ڕه‌ زه‌مینیانه‌ی له‌ عێراقدا دژی تێرۆریستانی داعش ده‌کرێن.

عه‌لی که‌ریمی نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر ده‌ڵێت هه‌موو به‌شداریه‌کانی ئێران له‌ شه‌ڕی تێرۆریستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدا له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌ که‌ تاران ده‌ستێکی باڵای له‌ناو حکومه‌تی به‌غدادا هه‌یه‌ و ده‌شڵێت ئێران حکومه‌تی به‌غدا به‌ کۆرپه‌یه‌کی خۆی ده‌زانێت.

به‌ڕێز که‌ریمی ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌کات نه‌بوونی ئێران به‌ به‌شێک له‌ هاوپه‌یمانێتی جیهانی دژی تێرۆریستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ تاران ده‌ست له‌ پشتیوانی و ده‌ست له‌ باڵ به‌سه‌ردا کێشانی ده‌وڵه‌تی شیعه‌ی به‌غدا به‌ربدات.

له‌ میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، به‌ڕێز که‌ریمی ئاماژه‌ش به‌ لاوازیی ڕۆڵی عێراق ده‌کات و ده‌ڵێت له‌وه‌ لاوازتره‌ بتوانێت به‌ ته‌نیا له‌م ڕه‌وشه‌ی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاستدا داڕێژه‌ری سیاسه‌ت بێت یان پلانێکی هه‌بێت بۆ چۆنیه‌تی به‌رگری کردن.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه‌:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ له‌گه‌ڵ عه‌لی که‌ریمی