له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا: هه‌ده‌په‌ له‌ ئاینده‌ی تورکیادا

ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردوو له‌ تورکیا پاشه‌کشه‌یه‌کی به‌رچاوی پارتی داد و گه‌شه‌ پێدان (ئاکه‌په‌) بوو، به‌ڵام ئایا ئاکه‌په‌ هه‌نگاوه‌کانی داهاتووی له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ ده‌نێت که‌ تێگه‌یشتنی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و په‌یامه‌ی ڕۆژی 7 ی مانگی 6که‌ گه‌لانی تورکیا پێیان دا؟

پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا له‌ تێپه‌ڕاندنی ڕێژه‌ی له‌سه‌دا ده‌ له‌م پرۆسه‌یه‌دا، به‌ڵام ئایا چی پێویسته‌ له‌سه‌ری بیکات تا بتوانێت له‌ چوار ساڵی داهاتوودا پێگه‌ی خۆی تۆکمه‌تر بکات؟

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌دا ئه‌وه‌ی نکوڵی لێناکرێت ئه‌وه‌یه‌ سه‌رکه‌وتنی هه‌ده‌په‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا هیواکانی له‌ تورکیادا زیاتر کردووه‌ به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ وڵاته‌که‌دا.

میوانی به‌رنامه‌:
دکتۆر جه‌بار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا.

ئاماژه‌کان زیاتر به‌و ئاڕاسته‌یه‌دان پاشه‌کشه‌ی ئاکه‌په‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌هۆی سیاسه‌ته‌کانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌وه‌ بووه‌ که‌ ده‌خوازێت ده‌سه‌ڵاتی زیاتر له‌ په‌رله‌مان داببڕێنێت و له‌ بری ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی تورکیا زیاتربن.

ده‌نگده‌ران له‌ تورکیا توانییان ڕێ له‌ پڕۆژه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی نوێی عوسمانلی، ئه‌ردۆغان بگرن به‌ڵام ئایا ده‌کرێت ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ بێ پێشینه‌یه‌ی هه‌ده‌په‌ وه‌ک ده‌نگدانێک لێی بڕوانرێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له‌ تورکیادا؟

باشترین بژاره‌کان بۆ (هه‌ده‌په) چین له‌م چوار ساڵه‌دا؟

وه‌ک زۆرێک له‌ شیکه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی تورکیا به‌هۆی گۆڕانی هاوسه‌نگی هاوکێشه‌کانی ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاسان نییه‌ و ده‌شڵێن پێکهێنانی ئه‌م حکومه‌ته‌ نوێیه هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌ قوڵ و ئاڵۆزه‌کانی ناوچه‌که‌ و پێکدادانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ که‌ تورکیا به‌ یاریکه‌رێکی نێو هه‌موو ئه‌و ململانێیانه‌ی ناوچه‌که‌ داده‌نرێت هه‌ر بۆیه‌ ده‌کرێت بگوترێت که‌ حکومه‌تی نوێی ئه‌م وڵاته‌ کاریگه‌ری ده‌بێت به‌سه‌ر ڕووداوه‌کانه‌وه‌ وه‌ک حکومه‌تی پێشوو.

هه‌ده‌په‌ به‌پێی پڕۆژه‌یه‌ک هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ ئێستا خۆی له‌ دیدی ناسیۆنالیستی دوورخسته‌وه‌ و له‌ به‌رنامه‌ی کاریدا هینده‌ی توانیبێتی سه‌نگیی خسته‌ سه‌ر دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ ئاشته‌وایی له‌ تورکیادا.هاوکات هه‌ده‌په‌ خودموختاری کورد له‌ تورکیادا به‌ به‌شێک له‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد ده‌زانێت.

ده‌سه‌ڵاتداران له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق ، لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان، چه‌ندێک پشتیوانی ئه‌م ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ په‌رله‌مانییه‌ی هه‌ده‌په‌ ده‌بن؟

ئایا هه‌ده‌په‌ به‌شدار بێت یان نه‌بێت له‌ حکومه‌تی نوێی تورکیادا؟

ئایا بوونی هه‌ده‌په‌ له‌ په‌رله‌مانی تورکیادا ده‌کرێت وه‌ها لێی بڕوانرێت ئیمرالی چووه‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌؟

(دکتۆر جه‌بار قادر) پسپۆڕی کاروباری تورکیا له‌ به‌رنامه‌ی (له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هه‌ده‌په‌ له‌ ئاینده‌ی تورکیادا