دکتۆر فه‌رسه‌ت سۆفی: هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک له‌ هه‌رێم هیچ کێشه‌یه‌ک به‌دوای خۆیدا ناهێنێت

دکتۆر فه‌رسه‌ت سۆفی

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق بڕیاری داوه‌ ڕۆژی 20 ی مانگی 8 هه‌ڵبژاردنی گشتی بکرێت بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم.

سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ڕاگه‌یاندنێکدا ده‌ڵێت "مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشت به‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (1) ی ساڵی2005ی هه‌مواركراوو به‌ فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌ (٩١) ی ساڵی٢٠١٥بڕیاریدا هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت."

دکتۆر فه‌رسه‌ت سۆفی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ ئه‌رکێکی یاسایی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ که‌ به‌ 60 ڕۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ فه‌رمانێک کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی ڕابسپێرێت بۆ ‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و ده‌شڵێت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ته‌رخانکردنی بودجه‌وه‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ دواداچوونی بۆکراوه‌ و شه‌ست ملیۆن دۆلاری پێویسته‌ ئه‌مه‌ش بڕه‌ پاره‌یه‌که‌ وه‌ک ده‌ڵێت وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ قه‌یرانی داراییداین به‌ڵام حکومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ دابین بکات.

ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ کاتێکدایه‌ که‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان به‌ جیا هه‌ر یه‌که‌ لای خۆیه‌وه‌ پێشنیازی خۆیان داوه‌ته‌ په‌رله‌مان تا سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تی کردن له‌ هه‌رێمی کوردستان ببێته‌ سیسته‌مێکی په‌رله‌مانی.

له‌ میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، دکتۆر فه‌رسه‌ت سۆفی ده‌ڵێت پێی وایه‌ هه‌م بزوتنه‌وه‌یت گۆڕان و هه‌میش یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانله‌وه‌ تێده‌گه‌ن که‌ ئه‌مه‌ ئه‌رکی یاسایی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ و گۆڕینی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی دۆسێیه‌کی تره‌ و ده‌شڵیت ئه‌مه‌ش گوڕێنی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تی نییه‌ به‌ڵکو ناوی لێده‌نرێت میکانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه‌:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ له‌گه‌ڵ دکتۆر فه‌رسه‌ت سۆفی