هێرشه‌کانی تورکیا بۆسه‌ر پارتی کرێکارانی کوردستان

هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ ده‌که‌ن به‌وه‌ی له‌ دره‌نگانێکی ڕۆژی هه‌ینیه‌وه‌ تا نیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ئانکه‌ره‌ 4 هێرشی ئاسمانی کردۆته‌ سه‌ر بنکه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ سوریا، به‌ڵام زیاتر له‌ 12 جار بۆردومانی بنکه‌کانی پارتی کرێکارانی کوردستانی کردووه‌ له‌ ناو هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا.

دکتۆر ئۆفرا بێنجیۆ، له‌ نێوه‌ندی موشی دایان بنکه‌ له‌ ته‌لئه‌ڤیڤ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی که‌ ڕووده‌دات جۆرێکه‌ له‌ ڕێککه‌وتنی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا تا ئه‌مریکا بنکه‌ی هێزی ئاسمانی ئینجه‌رلیک به‌کاربهێنێت و له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مریکا چاوی خۆی بگرێت له‌و کارانه‌ی تورکیا به‌رامبه‌ر کورد ده‌یکات.

دکتۆر ئۆفرا بێنجیۆ

برێت مه‌کگورک، جێگری نێردراوی تایبه‌تی سه‌رۆک ئۆباما بۆ هاوپه‌یمانێتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نوسیویه‌ "هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک نییه‌ له‌ نێوان هێرشه‌ ئاسمانیه‌کانی دژی په‌که‌که‌ و ئه‌و لێکتێگه‌یشتنه‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوو هاتۆته‌ ئاراوه‌ بۆ چڕکردنه‌وه‌ی هاوکاریه‌کانی ئه‌مریکا- تورکیا دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی."

دکتۆر ئۆفرا بینجیۆ: به‌داخه‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی تورکیا ده‌ستپێکی ڕه‌وشێکی خراپه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی وڵاته‌که‌دا.

دکتۆر بینجیۆ ده‌شڵێت دوو هۆکار هه‌ن بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی تورکیاوه‌ و یه‌که‌میان بۆ سزادانی هه‌ده‌په‌یه‌ و دووهه‌میشیان ده‌شێت خۆ ئاماده‌کردنێک بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌ وڵاته‌که‌دا.

دکتۆر جه‌مال عه‌بدولجه‌واد

له‌ قاهیره‌ش دکتۆر جه‌مال عه‌بدولجه‌واد، سه‌رۆکی نێوه‌ندی ئه‌لئه‌هرام بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی ده‌ڵێت تورکیا کورد به‌ مه‌ترسییه‌کی زیاتر و گرنگتریش داده‌نێت و نه‌یشی ده‌توانی ڕه‌وایی بدات به‌ لێدانی ڕێکخراوه‌ چه‌کداره‌ کوردیه‌کان یانیش به‌ فشار خستنه‌ سه‌ر ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کورد له‌ تورکیادا ئه‌گه‌ر هێرش نه‌کاته‌ سه‌ر ڕێکخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.

دکتۆر جه‌مال عه‌بدولجه‌واد: حکومه‌تی تورکیا ڕژده‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد به‌ڵام هه‌نگاوه‌کانی کاریگه‌ر نین.

دکتۆر عه‌بدولجه‌واد ده‌شڵێت بڕیاری تورکیا بۆ لێدانی په‌که‌که‌ بڕیارێکی دروست نییه‌ به‌ڵام هه‌ستیاریی ڕه‌وشی سیاسه‌تی ناوخۆی وڵاته‌که‌ و سیاسه‌تی ناوچه‌که‌ش له‌وانه‌یه‌ هۆکاربووبن بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی تورکیا، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند ساڵێکه‌ په‌که‌که‌ ئاگربه‌ستی تاک لایه‌نه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ و پرۆسه‌ی ئاشتیش هه‌یه‌.

له‌سه‌ر بنچینه‌ی وتووێژه‌کانی له‌گه‌ڵ دکتۆر ئۆفرا بێنجیۆ، له‌ نێوه‌ندی موشی دایان بنکه‌ له‌ ته‌لئه‌ڤیڤ وله‌ قاهیره‌ش دکتۆر جه‌مال عه‌بدولجه‌واد، سه‌رۆکی نێوه‌ندی ئه‌لئه‌هرام بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی بنکه‌ له‌ قاهیره‌، به‌ڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئاماده‌کردووه‌.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی ڕاپۆرته‌که‌دایه‌:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی هێرشه‌کانی تورکیا بۆسه‌ر پارتی کرێکارانی کوردستان