دەستەى نەزاهەى عێراق بڕیارى دەستگیركردنى بۆ بەڕێوەبەرى بانكى جەلەولاى سەربە پارێزگاى دیالە دەركرد، بەتۆمەتى ئەوەى لەكاتى شەڕى نێوان داعش و هێزى پێشمەرگەدا بڕى 24 ملیار دینارى عێراقى لەنێو بانكەكەدا بووە و دزراوە.
عەبدولحەمید ڕەشید بەرێوەبەرى بانكى جەلەولا، لەلێدوانێكدا بۆ دەنگى ئەمەریكا بڕیارەكەى دەستەى نەزاهەى بۆ دەستگیركردنى بە زوڵم وەسفكرد و ، ڕایگەیاند " لەمانگى 8ى ساڵى 2014 كاتێک پێشمەرگە و داعش لەناو جەلەولادا بوون، لەگەڵ فەرمانبەرەكانیدا و دواى ئاگاداركردنەوەى وەزارەتى دارایى عێراق بانكەكەیان جێهێشتووە."
گوتیشی "بانكەكە دوو كلیلى هەبوو كلیلێكیان لاى من و كلیلەكەى تر لاى ئەمین سندوقى بانكەكە بوو، كە ئەمین سندوقەكە عەرەب بوو ڕۆیشتە نێو داعشەوە، هەموو لایەكیش دەزانن دواى بەجێهێشتنى بانكەكە و بەهۆى بەردەوامى شەڕەوە ئێمە نەگەڕاوینەتەوە بۆ دەوام."
بەپێى وتەى عەبدولحەمید ڕەشید، كاتێک پێشمەرگە و داعش لەنێو جەلەولا شەڕیان بووە، لایەنە پەیوەندیدارەكانى ئاگاداركردووەتەوە بۆ ئەوەى پارەى نێو بانكەكە بگوێزنەوە بۆ بانكى خانەقین بەڵام داواكەى ڕەتكراوەتەوە.
بەرێوەبەرى بانكى جەلەولا، دەرچوونى بڕیارى دەستگیركردن بۆى لەلایەن دەستەى نەزاهەوە بەبریارێكى ناهەق ناودەبات و ، دەڵێت "كاتێک بانكەكە تەقێنرایەوە 5 فەرمانبەر لەناو جەلەولا بوون، ئێستا ئەو فەرمانبەرانە لەبەغداو بەسڕەو هەرێمى كوردستانن بۆ لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوان نەكراوە."
دیارنەمانى پارەى نێو بانكەكەى جەلەولا لەمانگى ئابى ساڵى 2014 بوو ، كاتێک جەلەولا بەشێكى بەدەست داعش و بەشەكەى ترى لەژێر كۆنترۆڵى پێشمەرگەدا بوو كە پارەكە بۆ ماوەى چەند مانگێک لەنێو بانكەكەدا هێڵدرایەوە و نەگوێزرایەوە بۆ جێگەى تر ، كەدواتر داعش سەرجەم ناحیەى كۆنترۆڵ كرد و بەرپرسانى پێشمەرگە داعشیان بەبردنى پارەكە تۆمەتبار كرد
Your browser doesn’t support HTML5
.