ئه‌دهه‌م بارزانی به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان له میانی وتووێژێکی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مەریکا باس له چه‌ند ته‌وه‌رێک و پرسی ئێستای کوردستان و سلێمانی ده‌کات.
له٢٤-٥-٢٠١٦ ئه‌دهه‌م بارزانی به‌فه‌ڕمی له‌لایه‌ن پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه نێردرایه شاری سلێمانی و وه‌ک به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه له‌سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه ده‌ست به‌کاربوو.
ئه‌دهه‌م بارزانی له‌م گفتۆگۆ تایبه‌تیه‌دا ده‌ڵێت "له‌و ماوه‌یه‌ی ده‌ست به‌کاربووم له‌م دوو پارێزگایه هه‌ستم به‌وه کردووه که ئه‌م دوو دهڤههره(سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه) زۆر که‌م خزمه‌ت کراون و وه زۆر پڕۆژه هه‌یه که ده‌بوو بۆیان بکرێت به‌ڵام نه‌کراوه وه ئه‌و ململانێیه‌ی که لێره هه‌یه له شوێنه‌کانی تر به‌و جۆره نیه بۆیه ئه‌مه کاری کردۆته سه‌ر ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌کان له‌م ناوچه‌یه‌دا."
ده‌شڵێت "ڕه‌نگه قورس بێت بوترێت کێ به‌رپرسه له‌م خزمه‌تگوزاریانه له‌و دوو سنوره به‌ڵام له ڕابردوودا به پێی ڕێکه‌وتننامه‌ی ستراتیژی ناوچه‌کان دابه‌ش کران و ئه‌و ناوچانه که‌وتنه ژێر ده‌ستی یه‌کێتی وه له دوای ٢٠٠٩ ش که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دروست بوو وه له ٢٠١٣ که به‌شداری له حکومه‌ت کرد بۆیه ناکرێت بڵێین لایه‌نێک به‌ته‌نها به‌رپرسه،له ئێستادا وه ئه‌و ململانێ سیاسیه‌ی که له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه بۆته بارگرانیه‌ک به‌سه‌ر خه‌ڵکی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه."
ئه‌دهه‌م بارزانی وتیشی "من چه‌ند جار له پێشوتریش ئیشم کردووه له‌م سنوره‌دا(سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه)،بۆیه له‌گه‌ڵ پارتیدا وه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌که‌م حیزبه وه وه‌ک ئه‌وه‌ی پارتی له حکومه‌ته له‌و دوو ئاسته داوام کردووه که پارتی زیاتر گرنگی به‌م ناوچه‌یه بدات و زیاتر چاوپێداخشاندن بکرێت چونکه وه‌ک پێشوتر وتومه پێویست پارتی به هێز و گوڕ و تین و به‌رنامه‌یه‌کی داڕێژراو وه چاو زیاتر بخشێنێته‌وه له‌باره‌ی ێه‌م دوو پارێزگایه‌وه. "
ئه‌دهه‌م بارزانی خۆشه‌ویستی خۆی بۆ شاری سلێمانی دووپاتکرده‌وه و وه‌ک جهختکردنهوهیهکیش وتی "من هه‌میشه سلێمانی به به‌شێک له ده‌ڤه‌ری بارزان زانیومه و ده‌زانم وه سلێمانی به بارزان و بارزانیش که نیشتمان و پێشتر لێی ژیاوم و به سلێمانی ده‌زانم و عیشقم بۆی هه‌یه،وه ئه‌گه‌ر پێشتر و چه‌ند ساڵه له‌به‌ر ڕێکه‌وتنی ستراتیژی پارتی ده‌ستی وهرنهدابێته ئه‌م ناوچه‌یه هیوادارم له‌مه‌و دوا پارتی به به‌رنامه‌و به‌پێی توانای خۆی بیخاته خزمه‌تی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه به تێکڕایی."
له به‌شێکی تری گفتوگۆکاندا به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان له سنوری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه ئاماژه‌ی به‌و که‌سانه کرد که ته‌قه‌یان له باره‌گای ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی کردووه له سلێمانی و وتی:ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌قه‌یان کرد دیاره ژماره‌یان له یه‌ک که‌س زیاتر بووه چونکه کاتێک ئۆتۆمبێله‌که که‌وتۆته ڕێ ئنجا ته‌قه کراوه دیاربووه یه‌کێک ته‌قه‌ی کردووه ئه‌وی دی ئۆتۆمبێله‌که‌ی لێخوڕیووه
هه‌روه‌ها وتی"به‌ڵام ئاسایش یه‌ک که‌سیان ده‌ستگیر کردووه و ئێمه وه‌ک پارتی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه دانه‌خرێت سه‌ردانی ئاسایشمان کردووه،چونکه چێند هه‌وڵێک له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه برینداره‌که‌ی باره‌گاکه‌ی پارتی و که‌سوکاره‌که‌ی دراوه که به سوڵحی عه‌شایه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه دابخه‌ن به‌ڵام ئێمه ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه و سورین له‌سه‌ر جێ به‌چه کردنی یاسا و چاره‌سه‌رکردنی له ڕێگای دادگاوه."
دوای ته‌قه‌کردن له باره‌گاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان له سنوری سلێمانی، ڕاگه‌یه‌نرا ئه‌و که‌سه پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بووه و به هۆی نه‌بونی موچه‌وه ته‌قه‌ی له باره‌گای حیزبه‌که‌ی کردووه.
ئه‌دهه‌م بارزانی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت"ئه‌وه ڕاسته پێشتر ئه‌و یه‌کێک بووه له پاسه‌وانی باره‌گاکانی پارتی به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاشکرابوو له‌ژێره‌وه کاری بۆ لایه‌نێکی سیاسی ئه‌و سنوره ده‌کرد پارتی ده‌ریکرد."
له‌باره‌ی ناوی ئه‌و لایه‌نه‌ی که ئه‌و که‌سه کاری بۆ ده‌کرد،ئه‌دهه‌م بارزانی وتی:ئه‌و که‌سه ژێر به‌ژێر کاری بۆ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ده‌کرد و هه‌موو شته‌کان له‌وباره‌یه‌وه لای ئاسایش هه‌یه.
لهبهشهکی تری گفتۆگۆکه‌دا ئه‌دهه‌م بارزانی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو که له‌و کاته‌وه‌ی له سلێمانی ده‌ست به‌کاربووه هه‌وڵی داوه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان دا‌نیشێت و بۆ ئه‌مه‌ش چاوی به که‌سی یه‌که‌می باڵه جیاوازه‌کانی ناو یه‌کێتی که‌وتووه، وتیشی"به‌ڵام هه‌ندێک لایه‌نی وه‌ک گۆڕان و لایه‌نی تر ده‌رگای گفتوگۆیان نه‌کردۆته‌وه و پێشتر ڕایانگه‌یاندووه ئاماده نین له‌گه‌ڵ(ئه‌دهه‌م بارزانی )دابنیشن."
له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی کۆبونه‌وه‌ی لوتکه له نێوان لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر داوای مه‌سعود بارزانی له‌م کاته‌دا،ئه‌دهه‌م بارزانی وتی:به‌دوری ده‌زانم کۆبونه‌وه‌ی لوتکه بکرێت له‌م کاته‌دا و هیچ ئامادهکاریهکم له‌وباره‌یه‌وه نه‌بیستووه.
سه‌باره‌ت به پارێزگاری سلێمانی،ئه‌دهه‌م بارزانی وتی،هه‌روه‌ک وه‌زاره‌تی ناوخۆ له ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌یدا ئاماژه‌ی پێ‌کرد تا ئێستا پارێزگاری شه‌رعی سلێمانی(د.ئاسۆ فه‌ره‌یدوون)ه.
له وه‌ڵامی پرسیارێکدا ئایا مه‌سعود بارزانی ئاماده‌یه واژۆی ده‌ستبه‌کاربوونی کاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگار(د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر)بکات؟ ئه‌دهه‌م بارزانی وتی:من دڵنیام ئه‌گه‌ر ڕێکاره یاساییه‌کان ته‌واو بکرێت و بکرایه و به‌س له‌سر واژۆی سه‌رۆکی هه‌رێم بمایه کاک مه‌سعود بارزانی به پێی یاسا واژۆی ده‌کرد،به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه له ناو ئه‌نجومه‌ن بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار کرا یاسایی نه‌بوو به‌ڵکو جێ به‌جێ کردنی ڕێکه‌وتنی نێوان دوو حیزب بوو.
ده‌رباره‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان له سلێمانی،ئه‌دهه‌م بارزانی ستایشی خۆپیشانده‌رانی کرد و که وه‌ک ئه‌و وتی خۆشحاڵین که خه‌ڵک گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته ڕۆشنبیریه‌ی که هیچ لایه‌نێک نه‌توانێت ناڕهزایهتیکانیان بۆ مه‌به‌ستی سیاسی خۆی به‌کار بهێنێت.
ده‌رباره‌ی کێشه ناوخۆییه‌کانی یه‌کێتی ،بارزانی وتی"به‌داخه‌وه ئه‌و کێشانه کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ناوچه‌کانی یه‌کێتی و ته‌نانه‌ت پارتی و هاوڵاتیانیش.وه‌ک پارتی هه‌وڵمان داوه هاوسه‌نگانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو باڵه جیاوازه‌کان بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ش جه‌نابی سه‌رۆک کاتێک سه‌ردانی به‌غدادی کرد کاک کۆسره‌ت و مه‌لا به‌ختیاری له یه‌کێتی له‌گه‌ڵ خۆی برد."
وتیشی"به‌داخه‌وه هه‌رچه‌نده ئه‌و کێشه ناوخۆییانه وا ده‌کات نه‌ک بۆ حیزبێکی گه‌وره‌ی وه‌ک پارتی بۆ حیزبێکی بچوکیش مامه‌ڵه کردن بۆی قورس بێت له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا."
Your browser doesn’t support HTML5