سەرتیپ جەوهەر: هیچ لایەنێکی هەرێمی کوردستان، پاوانخوازی پارتی قبووڵ ناکات

دەنگوباسی دروست کردنی حکومەتی هەرێم لە نێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن ناڕوون دەردەکەوێت، پارتی دیموکرات کە زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنێت، ڕوون نییە چەند لایەنی سیاسی بە تایبەتی یەکێتی کە بەشێکی هەرێمەکەی بەدەستەوەیە دەچنە ئەو حکومەتەوە کە وادەردەکەوێت پارتی بیەوێ بە هێندی بردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان پێگەی خۆی بۆ چەند ساڵی داهاتوو پتەوتر بکات. لە بەرامبەردا یەکێتی نیشتیمانی لە زاری بەرپرسەکانیانەوە دەیانەوێ شەریکی ئەو دەسەڵاتەبن نەوەکو بەشدارییان پێ بکرێت.

لەو بارەیەوە سەرتیب جەوهەر وەک ڕۆژنامەوان و نووسەر دەڵێت "دیموکراسی لەم هەرێمە ئەوەندە کامڵ نەبووە تاوەکو زۆرینەی پەرلەمانی کاریگەری وای هەبێت بتوانێت بە تەنها حکومەت دروست بکات، هێشتا هەرێمی کوردستان لە ژێر هەژموونی شەڕی نێوخۆدایە، زۆنی زەردو سەوز هەیە، دوو هێزی چەکدار لە گۆڕەپانەکەن، پارتی و یەکێتی پێکەوە دەتوانن دەسەڵات بەڕێوە بەرن، کەسیان ناتوانن ئەوی تر پەراوێز بخات."

سەرتیپ لای وایە ئەم کابینەی حکومەتە ئەرکی زۆری لەئەستۆدایە بەتایبەتی زۆر مەلەف کە لەڕابردوودا لە ژێر هەژموونی پارتیدا بووە، زەرورەتە ببێتە مەلەفێک، گشت لایەنە سیاسییەکان بڕیاری لەسەر بدەن نەک بە تەنها پارتی و یەکێتی. دەشڵێت "دۆسێی نەوت و پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و داهات و ئەو کۆمپانیایانەی نەوت و چارەنوسییان لە ڕووی بە یاسایی کردنیانەوە هەمووی دۆسێی زۆر گەورەن و لایەنەکان ڕازی نابن بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، کەس نازانێت چەند نەوت هاوردە دەکرێت وچەندیش بە قاچاغ دەبرێت، ئەو کەسانەی لە تورکیا سەرپەرشتی بڕی هاوردە دەکەن هەموویان پارتین لەبەر ئەوە ناروونە چەند هاوردە دەکرێت، پێم وایە یەکێتی و لایەنەکانی دیش پرسی هەرە گەورەیان لەسەر ئەو دۆسێیانەیە، لەبەرامبەردا پارتیش، رەنگە ئاسان دەست بەرداری ئەو دۆسێیانە نەبێت کە ناروونییەکی زۆری تێدایە."

دەقی وتووێژەکەی یەحیا بەرزنجی لەگەڵ سەرتیپ جەوهەر

Your browser doesn’t support HTML5

یەحیا