لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی سلێمانی خوپیشاندان قه‌ده‌غه‌دەکات

دوای ئه‌نجامدانی ژماره‌یەک خۆپیشاندان له‌ ناوه‌ندی پارێزگای سلێمانی و قه‌زاكانی و كوژران و بریندار بوونی ژماره‌یەک خۆپیشانده‌ر و بریندار بوونی ژماره‌یەک كارمه‌ندی ده‌زگا ئه‌منییەکان لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی پارێزگای سلێمانی له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، ده‌زگا ئه‌منییەکانی ڕاسپارد كه‌ چيتر ڕیگه‌ به‌ هیچ جۆره‌ گردبوونه‌وەیەک نه‌ده‌ن، ڕێكاری یاسایش دژ به‌و كه‌سانه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر كه‌ زیانیان به‌دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت گه‌یاندووه.

له‌ راگه‌یه‌نراوەکه‌ی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی سلێمانیدا هاتووه‌ " هێزه‌ ئه‌منییەکان چیتر ڕێگه‌ ناده‌ن ، خۆپیشاندانه‌ بێ‌ مۆڵه‌تەکان به‌رده‌وامیان هه‌بێت و سه‌ربكێشن بۆ پشێوی و توندوتیژی و لێره‌ به‌ دواوه‌ هه‌موو جۆره‌ گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانێكی بێ‌ مۆڵه‌ت و زیانگه‌یاندن به‌ مومته‌لەکاته‌ گشتی و تایبه‌تەکان كه‌ بۆ خزمه‌تی هاوولاتیانن،قه‌ده‌غه‌ن هێزەکان ده‌ستكراون بۆ راگرتن و مامه‌ڵەکردن له‌ چوار چێوه‌ی یاسادا.

له‌درێژه‌ی ڕاگەیەندراوەکەی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی سلێمانیدا هاتووه‌" سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌لایه‌ن هێزه‌ ئەمنییەکانەوە به‌ڕێكاری یاسایین ده‌ستگیر دەکرێن ،كه‌ زیانیان گه‌یاندووه‌ به‌ مومته‌لەکاتی ده‌وڵه‌ت و هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ پشتی هاندانی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ بوون.

سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نه‌ سیاسیەکانی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ ڕۆژانه‌ باره‌گاكانیان له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ده‌ستوتێندرێت و رووماڵی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیش هاتووه‌ " داوا له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییەکان دەکه‌ین، كه‌ به‌رپرسانه‌ له‌گه‌ڵ دۆخەکه‌دا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن.، پێویسته‌ كه‌ناڵەکانی راگه‌یاندن به‌ گیانێكی به‌رپرسیارانه‌وه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوەکاندا بكه‌ن .

به‌پی ئامارەکان له‌ خۆپیشاندانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی (6) خۆپیشانده‌ر و پێشمه‌رگه‌یەک تا ئێستا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ژماره‌یەک دام و ده‌زگای حكومه‌ت و باره‌گای لایه‌نه‌ سیاسیەکان له‌ پارێزگای سلیمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌زاكانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی سوتێنراون و له‌ دوێنێشه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له‌ نێوان پارێزگاكان و ئیدارەکان راگه‌ینراوه‌ .