شه‌ڕی چه‌ند ڕۆژه‌ی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا درێژه‌ی كێشاوه و تا دێت توندتر ده‌بێته‌وه. ته‌نانه‌ت له دوا دانیشتنی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ، ته‌نها ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی مرۆیی بۆ یارمه‌تیدانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی كراوه‌ته‌وه. تاوه‌كو ئه‌و خه‌ڵكه گه‌مارۆدراوانه بتوانن له ده‌ست داگیركاریهكهی ڕووسیا هه‌ڵبێن و پێداویستی خۆراك و پزشكیان پێ بگات، یاخود بتوانن برینداره‌كانیان بگوازنه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌كان. ئه‌م ڕێكهوتنهش به یه‌كه‌م پێشڕه‌وی دیاری گفتوگۆكانی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ داده‌نرێت.
له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كان له شاره جیاوازه‌كاندا، رووسه‌كان توند تر له جاران كه‌وتونه‌ته بۆردومانی شاره‌كان، له به‌رامبه‌ریشدا تا دێت رۆحی به‌رگری ئۆكرانیه‌كان له وڵاته‌كه‌یان زیاتر ده‌بێت.
له به‌رنامه‌ی ئەم هەفتەیەی هه‌له‌و واشنتن، تاوتوێی ئه‌و مژاره دەکەین، له‌گه‌ڵ لێکۆڵەر دكتۆر سه‌ردار عه‌زیز كه شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له باره‌ی ئۆكرانیهكاندا هه‌یه و سه‌رده‌مانێكی زۆریش له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه.
دكتۆر سه‌ردار پێی وایه ئه‌م شه‌ڕ فرۆشتنه‌ی رووسیا به ئۆكرانیا شتێكی نوێ نییه. له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت ''ئه‌گه‌ر ئێستا له ئۆكرانیه‌كان بپرسیت، ده‌ڵێن پوتن له‌گه‌ڵ مێژوودا شه‌ڕی هه‌یه، ئه‌م بۆچوونه هه‌ر له سه‌رده‌می لینینه‌وه بۆ سه‌رده‌می گورباشۆف، تاوه‌كو سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان كه ئۆكرانیا سه‌ربه‌خۆ بوو، هه‌ر هه‌بووه و له ئاستی تردا ئه‌و دژایه‌تی كردنانه به‌رده‌وام بووه. روسیا ناخوازێت ئۆكرانیا بێته ئه‌ندامی ناتۆ. هه‌روه‌ها ده‌شخوازێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئۆكرانیا به‌ڕێوه ده‌بات نزیك بێت له خۆیان . له ئاستی تریشدا ئه‌م شه‌ڕه چاوه‌روان كرا‌و بووه، له ساڵی ٢٠١٥ دا كه‌سانی وه‌كو هێنری كهیسینجهر و جۆن مێرشمایه‌ر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كه ئه‌م جێگایه ئه‌و شوێنه‌یه به‌ریه‌ك كه‌وتنی ناتۆ و روسیای تیا روو ده‌دات، رووسیا رازی نیه به‌وه‌ی كه ناتۆ بچنه ئۆكرانیاوه، وه‌ك چۆن له شه‌سته‌كاندا ئه‌مریكا رازی نه‌بوو روسیا بچێته نێو كوباوه''.
وه‌زیری به‌رگری ئۆكرانیا به‌ر له شه‌ڕه‌كه له‌و باوهڕیهدا بووه كه رووسیا له ماوه‌یه‌كی كورتدا ، ئۆكرانیا داگیر ده‌كات. به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه وه‌ها ده‌رنه‌چوو. له‌و باره‌یه‌وه دكتۆر سه‌ردار عه‌زیز پێی وایه نه‌ك هه‌ر ئه‌و بۆچوونه، بۆچوونی هێرش به‌ره‌كانیش له‌و چاوهروانیهدا نه‌بوون، كه ڕووبه‌ڕووی به‌رگریه‌كی ئاوها ببنه‌وه. له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت ''رووسیا له‌و باوهڕیهدا نه‌بوو، داگیركاریهكهی ئه‌وه‌نده بخایه‌نێت، هه‌ر بۆیه چاوه‌روانی ئه‌وه‌ش نه‌بووه كه رووبه‌ڕوی سزای ئابوریش ببێته‌وه. له كاتێكدا سیاسه‌تی ئه‌م بەڕێوەبەرایەتیەی ئه‌مەریكا زۆر روونە و هه‌موو پلانێكیشیان راگه‌یاند كه رووبه‌ڕووی سزای ده‌كه‌نه‌وه. پوتن واچاوه‌روان بوو، ده‌ست وه‌ردانه‌كانی بكا و كه‌س لێی به ئاگا نه‌بێت. له كاتێكدا فه‌ره‌نسا سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردنن، هه‌روه‌ها ئه‌ڵمانیا حكومه‌تێكی تازه بوو، ئه‌مەریكاش گیرۆده‌ی ئه‌و دابه‌ش بوونه سیاسیه‌ی نێو خۆی وڵاته‌كه‌یه.
له نێو ئۆكرانیاشدا به‌رگریه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، دروست بوونی رایه‌كی ناسیونالستی ئۆكرانی كه ئه‌وروپا به‌گشتی پشتگیری لێ ده‌كه‌ن، به‌رگری كردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی، بووه‌ته هۆكارێك داگیركاریهكهی دوا خستووە."
له سه‌ره‌تای داگیركارییه‌كه‌ی رووسیا بۆ ئۆكرانیا هه‌ست به ساردییه‌ك له جموجۆڵی سه‌ربازی و ته‌نانه‌ت روبهڕووبونهوهكانیش ده‌كرا، تا راده‌یه‌ك سوپای روسیاش وه‌ها ده‌رده‌كه‌وت كه ده‌ستیان ده‌پاراست، ته‌نانه‌ت گرته ڤیدیۆی ره‌فتاری ئۆكرانیهكانیش له‌گه‌ڵ دیله روسیهكاندا نهرمو نیان ده‌رده‌كه‌وتن.
هه‌رچه‌نده له ئێستادا ئاستی شه‌ڕه‌كه قۆناغێكی دیكه‌یه و بۆردومانی روسیا له ئه‌وجی به‌هێزیدایه. دكتۆر سه‌ردار پێی وایه روسیا له قێزه‌ونترین پلانه‌كانی نزیك بووه‌ته‌وه له سه‌ره‌تاوه هۆكاری ساردی ئه‌و شه‌ڕه له وه‌دایه كه روسه‌كان نایانه‌وێت ئۆكرانیا وێران بكه‌ن، ده‌یانه‌وێ ئۆكرانیا ببه‌ن. ده‌یانه‌وێ ئه‌و نوخبه‌یه‌ی كه حوكمی ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لایان دهن و كه‌سی دیكه‌ی سه‌ر به‌خۆیان دابنێن. خۆیان ببن به حاكمی وڵاته‌كه. كێشه‌ی ئه‌مان له‌وه‌دایه ئه‌گه‌ر توند بن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا ناشیونالستی ئۆكرانی دروست ده‌بێت. هه‌رجه‌نده دروستیش بووه‌و زۆریش به‌هێزه. له لایه‌ن رووسیاوه ئێستا قۆناغی ئه‌و نه‌رمی نواندنه كۆتایی هاتووه، ببینه ئه‌و هه‌موو موشه‌ك بارانه له‌سه‌ر شاره‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه ئه‌و قۆناغه كۆتایی هاتووه، ده‌ست كردن به‌و پلانه قێزه‌ونه‌ی له سوریا و چیچان و زۆر جێگه‌ی تر پیاده‌یان كردووه. گه‌مارۆدانی شاره‌كان و رێگه نه‌دان به چوونی خواردن و پێداویستی بۆیان، تاوه‌كو ناچار ببن شاره‌كه به‌ده‌سته‌وه بده‌ن، ده‌خوازن له شارێكی گه‌وره‌وه ده‌سه‌ڵاتی خۆیان پیاده بكه‌ن و وڵاته‌كه كه‌رت‌و په‌رت بكه‌ن."
له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانیش، ئه‌م شه‌ڕ و داگیركاریه‌ی روسیا به‌شێوه‌یه‌ك كه‌وته‌وه، زۆربه‌ی وڵاتان جگه له ٤ وڵات، دژی ئه‌و داگیركاریه بوون. له‌سه‌ر ئاستی ئهمریكاو ئه‌وروپاش كۆمه‌ڵێك سزا روبه‌ڕووی رووسیا بووه‌ته‌وه، به تایبه‌تی ده‌ركردنی روسیا له تۆڕی سیوفت، له‌و باره‌یه‌وه دكتۆر سه‌ردار ده‌ڵێت ''یه‌كێك له‌و میتۆدانه‌ی كه حكومه‌تی ئه‌مەریكا ئه‌مجاره گرتبوویە به‌ر زۆر به ڕوونی زانیاریه‌كانی ئاشكرا كرد كه ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له ئامرازه‌كانی شهر، له مه‌شدا روون بوو كه ئه‌مەریكا ئابڵوقه ده‌خاته سه‌ر رووسیا. ئه‌وه‌ی پوتن و ده‌وروبه‌ره‌كه‌شی چاوه‌ڕوانیان نه‌ده‌كرد كه ئه‌م شه‌ڕه ئه‌وه‌نده بكێشێت و ئه‌وروپاش یه‌ك بخات و هۆكاری دیكه بۆ ناتۆ دروست بكات. ئه‌و ئابڵوقه ئابوریانه‌ش به جۆرێك داڕێژراوه كه چۆن روسیا بكه‌نه هاوشێوه‌ی پاكستان، وڵاتێكی هه‌ژاری خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی."
پوتن سه‌رۆكی رووسیا به‌ر له‌م داگیركاریه رایگه‌یاندووه كه گوێ به ئابڵوقه‌ی ئابووری نادات و گوایه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی روسیا له مه‌ترسیدایه، ئایا به داگیركردنی وڵاتێكی وه‌كو ئۆكرانیا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی روسیا ده‌پارێزێت؟
له‌و باره‌یه‌وه دكتۆر سه‌ردار ده‌ڵێت ''كه سۆڤێت كۆتایی هات دوو مه‌دره‌سه له واشنتن هه‌بوون، یه‌كێكیان دیدگای وابوو هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ روسیادا كۆتایی پێ بهێنن. مهدرهسهكهی دیكه رای وابووه كه هه‌یبه‌ت و حورمه‌تی روسیا بهڵرێته‌وه . چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ست به نكوڵی و برینداری بكه‌ن، ئه‌وا ناسیونالستی رووسی دروست ده‌بێت. به‌ڵام مهدرهسهكهی یه‌كه‌میان سه‌ركه‌وت له‌وه‌ی كه هه‌تا بتوانرێت ناتۆ له سنووره‌كانی رووسیا نزیك بكرێته‌وه، جۆرێك له ئابڵوقه دروست بكرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی رووسه‌كان ده‌یبینن. بینیمان له ٢٠٠٨ له جۆرجیا ڕوویدا كه ویستیان ببنه ئه‌ندامی ناتۆ، رووسیا هه‌مان شتی كرد كه ئێستا ده‌یكات و جۆرجیای داگیر كرد. دوو كۆماری بچكۆله‌ی تیا دروست كرد و پاشتر كشایه‌وه. رووسیا وای ده‌بینێت، نزیك بوونه‌وه‌ی ناتۆ و خواستی ئه‌مەریكا ئه‌وه‌یه تاوه‌كو ده‌ستوه‌ردان له كاروباری نێوخۆی رووسیا بكه‌ن. ئه‌وه دیدی رووسیایه. ئه‌مه‌ش نهرهتیڤێكه پوتن به‌رده‌وام ئیشی له‌سه‌ر ده‌كات."
Your browser doesn’t support HTML5