دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێت، بە توندی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دەکەن

دەزگای دادوەری ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، دادگاکانی ئێران بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەرکەسێکدا دەکەن کە کاری تێکدەرانە یان تاوان ئەنجام بدات لە کاتی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دژ بە حکومەتدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران بەنیازن بە شێوەیەکی توند سزای خۆپیشاندەرانی دەستگیرکراو بدەن.

ئەم خۆپیشاندانانەی بۆ ماوەی زیاتر لە 8 هەفتە بەردەوامە سەرباری رێوشوێنە توندەکانی ئاسایشی، یەکێکە لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم سەرکردە ئاینییەکانی ئێران لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە.

تەنها لە پارێزگای تاراندا زیاتر لە هەزار کەس بە تۆمەتی ئەوەی کە حکومەت پێی دەڵێت "ئاژاوە" تاوانبارکراون.

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری مەسعود ستائیشی دەڵێت " لە ئێستادا جەماوەر، تەنانەت ئەو خۆپیشاندەرانەش کە لەگەڵ ئاژاوەدا نین، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە ئاسایشییەکان دەکەن مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە بوون بە هۆی تێکدان و ڕێگری کردن لە یاسا."

خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتی لە ئێران- مەریوان

خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران لە مانگی نۆوە لە سەرانسەری وڵاتەکە دەستیپێکرد پاش مەرگی ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردەی لەلایەن پۆلیسی ئاکار یان گەشتی ئیراشادەوە دەستگیرکرابوو.

چالاکوانی مافەکانی ژنان بەیان زەندی لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەرنامەی کورد کۆنێکشنی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ژنانی ئێران پاش 43 ساڵ توانیویانە دەنگیان بگاتە تەواوی جیهان " لە کچێکی تەمەن دە ساڵەوە بگرە تا بەساڵا چووەکان دروشمی ژن ژیان ئازادی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر دەڵێنەوە لە شەقامەکانی ئێراندا. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ 43 ساڵی نابەرابەری دژ بە ژنان. "

خاتوو زەندی دەشڵێت لە میانەی ئەم شەپۆلی نا ڕەزایەتیانەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان کوژراون و دەستگیرکراون " تەنانەت کچی ژێر تەمەن هەژدە ساڵیش لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە کوژراوە و دەستگیرکراوە."

ئاژانسی دەنگوباسی HRANA ی چالاکوانان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا 318 خۆپیشاندەر کوژراون لە ناویاندا 49 کەسیان تەمەنیان لە ژێر هەژدە ساڵە. هەروەها دەشڵێت 38 کەسیش لە هێزە ئاسایشیەکان کوژراون. بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەت دەڵێت 46 ئەندامی هێزە ئاسایشیەکان کوژراون.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم بابەتە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە.