کاردانەوەکان لەسەر کۆچی دوایی پێلێ

ئەستێرەی بەناوبانگی تۆپی پێی جیهان پێلێ، یاریزانی بەرازیلی لە 82 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

پێلێ سێ جامی جیهانی تۆپی پێی بۆ بەرازیل بردووەتەوە یەکێک بوو لە ئەستێرە هەرە بەناوبانگەکانی تۆپی پێ لە جیهاندا.

کێڵی ناسیمێنتۆی کچی لە هەژماری ئینستگرامیدا کۆچی دوایی باوکی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند " ئێمە بێئەندازە خۆشمان دەوێیت، ڕەوانت شادبێت."

ئەم هەواڵە لە تەوای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە و زۆربەی یاریزانە بەناوبانگەکانی تۆپی پێی جیهانی خەمباری خۆیان دەربڕیوە. یاریزانی بەناوبانگی فەرەنسی کە لە جامی جیهانی قەتەردا ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد، کێلییەن مباپێ لە هەژمارەی فەمی تویتەری دەڵێت " پاشای فوتباڵ بەجێیهێشتین بەڵام ئەو ئەزمونەی بۆی بەجێهێشوین هەرگیز لەیاد ناکرێت. بە ئارامی بنو."

کرستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە پۆستێکدا هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەکەی و تەواوی بەڕازیل دەردەبڕێت و دەڵێت "تەنها "ماڵئاوایی" لە شا پێلێی نەمر هەرگیز بەس نابێت بۆ دەربڕینی ئەو ئازارەی کە لە ئێستادا هەموو جیهانی تۆپی پێی گرتووەتەوە." لە پۆستەکەیدا باس لەوەش دەکات پێلێ چۆن بووە بە هۆکاری هاندانی ملۆنان کەس لە جیهاندا.

جگە لە یاریزانانی تۆپی پێ کەسایەتیە ناودارەکانی جیهانیش خەمبارییان دەربڕیوە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما لە هەژمارە تایبەتکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵەی پێلێ دەڵێت " پێلێ یەکێک بوو لە گەورەترینەکانی کە تا ئێستا یارییە جوانەکەی کردبێت. وە وەک یەکێک لە وەرزشوانە ناسراوەکانی جیهان، لە هێزی وەرزش تێگەیشت بۆ کۆکردنەوەی خەڵک پێکەوە."

هونەرمەندی هیندستانی ئەبیشێک بەچەنی کوڕی ئەمیتاب بەچەن لە پۆستیکیدا دەڵێت " کاتێک منداڵ بووم باوکم پێلێی و پەرجوەکەی پێ ناساندم. لەو کاتەوە خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەم بۆ فوتباڵ دەستیپێکرد. ڕەفەکانمان پڕ بوون لە ڤیدیۆکانی یارییەکانی ئەو و هەڵبژاردەی بەڕازیلی. من لەگەڵ باوکم سەیری یارییەکانیم دەکرد. " لە درێژەی گوتەکانیدا بەچەن دەشڵێت " سوپاس، گەورەم بۆ ئەوەی فێری یاری خۆشت کردین و بووی بەو قارەمان و ناودارە بۆ ملیۆنان کەسی جیهان."

پێلێ کە ناوی ڕاستەقینەی ئێدسۆن ئارانتێس دو ناسیمنتۆ بووە، لە کۆتایی مانگی پێشوودا بەهۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان و ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە شێرپەنجەی قۆڵۆن لە نەخۆشخانەیەکی شاری ساوپاولۆ خەوێندرابوە، هەفتەی ڕابردوو نەخۆشخانەکە ڕایگەیاند کە بەهۆی بەرەوپێشچوونی شێرپەنجەکەیەوە باری تەندروستی خراپتر بووە.

پێلێ لە ساڵی ١٩٤٠ لە شاری ترێس کۆراسۆسی بەرازیل لەدایکبووە پێش ئەوەی خێزانەکەی ڕوو لە ساوپاولۆ بکەن. ئەو وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت "من بۆ یاری تۆپی پێ لەدایک بووم، هەروەک چۆن بیتهۆڤن بۆ نووسینی مۆسیقا لەدایک بووە و مایکل ئەنجێلۆش بۆ نیگارکێشان لەدایک بووە".