شکەستهێنانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سەبارەت بە هەڵبژاردنی کاندیدێکی هاوبەش

لە کاتێکدا تا هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاتێکی کەم ماوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی تورکیا تاکو ئێستا نەیتوانیوە لەسەر ناساندنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ڕێکبکەون و هاوپەیمانی شەش قۆڵی تورکیا لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان نزیک بووەتەوە لە هەڵوەشاندنەوە و ئەمەش دەتوانێت لە بەرژەوەندی ئەردۆغاندا کۆتایی پێبێت.

بڕیارە نزیکەی دوو مانگی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا دەستپێبکات و هاوپەیمانی شەش لایەنەی دژ بە حکومەتەکەی ئەردۆغان تاکو ئێستا شکستی هێناوە.

سەرەڕای ڕەخنەکان سەبارەت بەچۆنییەتی مامەڵەکردنی حکومەت بەرامبەر بە بوومەلەرزە کاولکارەکانی مانگی ڕابردوو کە زیاتر لە 50 هەزار کەس تێیاندا گیانیان لەدەستدا، بەڵام ئەردۆغان لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنەکان لە 14ی مانگی پێنجدا وەک خۆی بەڕێوەدەچێت.

مەرال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی 'باش'( IYI)، لە تەلەفزیۆنی تورکیا ڕایگەیاند "هاوپەیمانی شەش قۆڵی چیتر ناتوانێت ئیرادەی گەل لە بڕیارەکانیدا بگونجێنێت."

بەپێی ڕاپرسییەکان پارتی باش وەک دووەم پارتی بەهێزی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن، بە پشتبەستن بە ئەنجامی ڕاپرسییە گشتییەکان پلانی هەڵبژاردنی کاندیدێکی هاوبەشیان لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانییەکەدا دانابوو.

مەرال ئاکشەنەر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکەی ڕوونیکردەوە کاندیدە پێشنیارکراوەکانی بە ناوەکانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و مەنسور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانی ئەنکەرە کە هەردووکیان لە پارتی کۆماری گەلن، لەلایەن ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانییەوە ڕەتکراونەتەوە.

سەرۆکی پارتی باشی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردوە کە ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانی لەبری پێشنیازەکانی ئەو پارتە، دەیانەوێت کەمال کلچدارئۆغڵو، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، واتە پارتی کۆماری گەل هەڵبژێرن.

پێگەی ئەردۆغان بە هۆی قەیرانی ئابووری و تێچووی ژیان لەو وڵاتەدا، تەنانەت پێش بوومەلەرزەکانی مانگی ڕابردووش لە دابەزیندابووە، بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن ناکۆکی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت لە بەرژەوەندی ئەردۆغان و هاوپەیمانە نەتەوەپەرستەکەی واتە پارتی مەهەپەدا تەواو بێت.

ئاتیلا یەشیلادا، شرۆڤەکاری کۆمپانیای گڵۆباڵ سۆرس پارتنەرز(GlobalSource Partners) دەڵێت "بەڕوونی ئەم پێشهاتە چاوەڕواننەکراوە سەرکەوتنێکی گەورەی دەروونی دەبەخشێتە ئەردۆغان و باخچەلی، هەروەها ئەو باوەڕە بەهێزتر دەکات کە ئۆپۆزسیۆن بێتوانایە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگەکانی حوکمڕانی تورکیا".

هاوپەیمانی شەش قۆڵی لە ئۆپوزسیۆنی تورکیا دوای ساڵێک لە پێکهێنانی ڕۆژی پێنجشەممە 2ی ئەم مانگە ڕایگەیاندبوو کە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ کێبڕکێ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕێککەوتوون.

بڕیار وایە ڕۆژی دووشەممە 6ی ئەم مانگە ناوی ئەو کاندیدە ئاشکرا بکرێت، بەڵام تا ئێستا ناوەکەی دیاری نەکراوە. چاودێران ئەمە بە پاشەکشەیەکی جیددی لە هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکومەت بۆ شکستپێهێنانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی مانگی پێنج دەزانن.

ئەردۆغان بڕیاریداوە جارێکیتر خۆی وەک سەرۆکی تورکیا کاندید بکات، هەرچەندە پێگەی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام بەپێ ڕاپرسییەکان هیچ کام لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بە تەنها ناتوانن دەنگێکی ئەوتۆ بەدەستبهێنن کە بتوانن جێگەی حکومەتەکەی ئەردۆغان بگرنەوە و هەر بۆیەش نەیارەکانی هیوایەکی زۆریان هەبووە بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێکی هاوبەش.

بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە