کۆمیسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادی ئایینی جیهانی، ڕاپۆرتی ساڵانەی لەسەر ڕەوشی ئازادی ئایینی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو کردەوە و لە ڕاپۆرتەکەدا بەشێکی زۆری تەرخان کرداوە بۆ بابەتی ئازادی ئایینی لە ئێران و پێشناز دەکات کۆماری ئیسلامی ئێران وەک یەکێک لە " وڵاتانی جێی نیگەرانی تایبەت " پۆلێن بکات.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت "لە ساڵی 2022دا بارودۆخی ئازادی ئایینی لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچوو. دوابەدوای مردنی مەهسا ژینا ئەمینی دوای دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی لەلایەن پۆلیسەوە بەهۆی لەبەرکردنی 'پۆشاکی نابەجێ'، ئێران بە هێزێکی کوشندە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی سەرکوت کرد، منداڵانی دەستبەسەرکرد و کوشت، دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکرا و هەروەها پێشێلکاریی گەورەی دیکەی مافەکانی مرۆڤی ئەنجام داوە، لە ناویاندا لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران بەبێ پرۆسەی یاسایی."
ڕاپۆرتەکە دەشڵێت " ژمارەیەک خۆپیشاندەر ڕووبەڕووی تۆمەتەکان لەسەر بنەمای چەمکە ئایینییە ئیسلامییەکان بوونەوە کە لە ئێراندا سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە، ئەمەش نیگەرانییەکی جددی لەبارەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ دروستکرد."
کەمینە ئایینییەکان
ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات حکومەتی ئێران سەرکوتکردنەکانی بەهاییەکانیشی زیادکردووە "دەستڕاگەیشتنیانی بۆ شوێنە ئایینییەکانیان سنوردار کردووە، بڕیاری یاسایی دەرکردووە کە پشتگیری لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی بەهاییەکان دەکات، مافی چوون بۆ زانکۆی بەهاییەکانی زەوت کردووە و دەستگیرکردنی سیستماتیکی ئەنجام دەدات."
سەبارەت بە یارسانەکانیش دەڵێت " هێزە ئاسایشییەکان لە کرماشان 30 یارسانیان دەستگیر کرد و دوو یارسانیش کە یەکێکیان سەرکردەیەکی کۆمەڵگەکە بوو، بە تۆمەتی 'پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت' سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا."
دەشڵێت "هێزە ئاسایشییەکانی ئێران مزگەوتێکی سوننەیان لە زاهیدان وێران کرد و هەڕەشەیان لە مەلا سوننەکان کرد کە کوشتنی 97 خۆپیشاندەریان لە پاش نوێژی هەینی 30ی مانگی 9 ی شەرمەزار کردبوو." هەروەها باس لە ئەشکەنجەدانی مامۆستای ئایینی سوننە ئاینزا موسا ڕەحمانیش لە زیندانا دەکات. جگە لە سوننەکان ڕاپۆرتکەی کۆمسیۆنی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی باس لە سزا نابەجێکان دژبە کرستیانەکان، جووەکان و سوفییەکانیش دەکات.
توندوتیژی دژ بە ژنان و هاوڕەگەزخوازان
ڕاپۆرتەکە نمونەی بەردەوامی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەفی هێناوەتەوە و دەڵێت "لە ساڵی 2022دا ژنان و کچان لە ئێران بەردەوام بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکردنی ئازادییەکانیان. یاساکانی کە لەسەر بنەمای ئایینی دانراون ڕێگەیان دا بۆ دەربازبوونی لە سزا بۆ ئەو پیاوانەی ژنانیان بە ناو 'شەرەفەوە' کوشتووە."
هەروەها دەشڵێت "هێزە ئاسایشییەکان ژنان و کچانیان دەستگیرکردووە و توندوتیژییەکی زۆریان بەکارهێناوە دژ بەو ژن و کچانەی کە ڕووبەڕووی حیجابی زۆرەملێ بوونەتەوە."
سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازانیش دەڵێت ئێران هاوڕەگەزخوازان و ترانسجێندەرەکان بەردەوام دەکاتە ئامانجە و لەسێدارەیان دەدات " بەرپرسانی زیندان لە مانگی یەکدا (2022) دوو پیاوی هاوڕەگەزخوازیان بە تۆمەتی تاوانی گەورە لەسێدارەدا و لە مانگی حەوتیشدا دوو پیاوی تری هاوڕەگەزخوازیان لەسێدارە دا. لە مانگی هەشتدا، دادگایەک لە ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو چالاکی LGBTQI+ بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی لەسەر زەوی" سەپاند.
پێشنیازەکان بۆ حکومەتی ئەمەریکا
ئەم ڕاپۆرتە ساڵانەیە چەند پێشنیازێکی بۆ حکومەتەکان تێدا دەکرێت و لە ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵدا چەندین پێشنیاز لەسەر ئێران بۆ حکومەتی ئەمەریکا کراوە ئەوەش برتییە لەوەی ئێران لە نێو "وڵاتانی نیگەرانی تایبەت"دا بهێڵێتەوە، سزا بەسەر تاک و دامەزراوە ئێرانییەکاندا بسەپێنێت کە بەرپرسن لە سەرکوتکردنی ئازادییە ئایینیەکانی هاووڵاتیان.
هەروەها پێشنیازیش دەکات کار بکرێت لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی ئازادی یان باوەڕی ئایینی و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بۆ پشتیوانیکردن لە ئەرکی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بۆ ئێران و پشتیوانی بکرێت لە ڕەوانەکردنی دۆسێی ئێران بۆ دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە دژی ئەو کەسانەی ئازادی ئایینی یان باوەڕ پێشێلدەکەن.
ئەم کۆمیسیۆنە هەروەها داوای لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کە هاوکاریی نیشتەجێکردنی پەنابەرانی ئێرانی بکات کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەچەوسێندرێنەوە.
وێنەی سەرەکی ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵ، پۆستەرێکی ژینا ئەمینییە (مەهسا) کە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستگیرکراو و پاشان لە کاتی دەستبەسەریدا گیانی لەدەستدا، کە ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێراندا. لە پاڵ ئەو پۆستەرەی ژیناوە ناوی بەشێک لە زیندانیانی ئایینی و سیاسی نوسراوە.