ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی هۆشداری لەمەڕ مەترسی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی ئێران دەردەبڕێت

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی نیگەرانییەکی زۆری دەربڕی لەسەر مەترسی لەسێدارەدانی حەوت کەسی تر کە بەهۆی پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری وڵاتەکەوە سزای مەرگ دراون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەم نیگەرانییە لە کاتێکدایەکە دەیان کەسی تری کە دەستگیرکراون لە مەترسی ئەوەدان سزای مەرگیان بەسەردا بسەپێندرێت.

ئەمنستی ئەنتەرناشنال (ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ) دەڵێت "دەسەڵاتداران سەرپێچییان لە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان کردووە و ژمارەیەکی زۆریان ئەشکەنجە داوەو مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کردوون لە ناویاندا بەکارهێنانی تەزووی کارەبا، هەڕەشەی کوشتن و توندوتیژی سێکسی."

ئەو ڕێکخراوەی بنکە لە لەندەن ڕۆژی سێشەممە ڕایشیگەیاند " هاوکاتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدان لە کۆتاییەکانی مانگی چوارەوە، لە 19 مانگی پێنج ، دەسەڵاتداران بە شێوەیەکی هەڕەمەکی خۆپیشاندەرانی ئەشکەنجەدراو ماجید کازمی، سەعید یەعقوبی و ساڵح میرهاشمییان لە ئەسفەهان لەسێدارە دا."

میرهاشمی،کازمی و یەعقوبی لە دۆسیەیەکدا لە ژێر ناوی 'خانەی ئەسفەهان' بە کوشتنی دوو ئەندامی بەسیج و ئەفسەرێکی پۆلیس تۆمەتبار کرابوون، لە کاتێکدا کە هەر سێ تۆمەتبارەکە و بنەماڵەکانیان چەندین جار تۆمەتەکانیان ڕەتکردبووەوە و هەر سێ تۆمەتبارەکەش ڕایانگەیاندبوو کە لە ژێر ئەشکەنجەیەکی زۆردا ناچارکرابوون دان بە تاوانەکەدا بنێن.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە "دەستبەجێ هەموو ئەو سزایانەی کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە سەپێندراون هەڵبوەشێننەوە، خۆیان لە داوای سزای لەسێدارەدانی زیاتر بەدوور بگرن."

گروپەکە دەشڵێت دەبێت دەستگیرکراوان دەستیان بە پارێزەری دڵخوازی خۆیان ڕابگات و ڕێگەیان پێبدرێت چاویان بە کەسوکاریان بکەوێت و لە مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەدان بپارێزرێن.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی لە ڕاپۆرتی ساڵانەشیدا کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بڵاوی کردەوە ڕایگەیاند ئێران ئەو ولاتەیە کە لە ساڵی 2022 دا زۆرترین لەسێدارەدان تیایدا ئەنجام دراوە. بە گوێرەی ڕێکخراوەکە لە ساڵی ڕابردوو بەلایەنی کەم 576 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.