حزبی دیموکراتی کوردستانی  ئێران کوشتنی ئەندامەکانی لە قەڵادزێ مەحکوم دەکات

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت ئەو دوو کەسەی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی لە گوندی هەڵشۆی دەڤەری قەڵادزێ کوژراون ئەندامی حزبی دیموکرات بوون و لەلایەن بە"کرێگیراوێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە" کوژراون.

دیموکرات لەڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت ئەو ئەندامانەی حزبەکەی " لەلایەن بەکرێگێراوێکی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراو تەقەیان لێ دەکرێت و بەداخەوە دوو کەسیان بە ناوەکانی عادل موھاجیر ناسراو بە 'سەرباز' و لوقمان ئاجی، شەھید دەبن."

بە پێی زانیارییەکان کوژراوەکان هەردووکیان خەڵکی شاری پیرانشار بوون و کەسێکی تریش بە ناوی سەعید مورادپوور کە ئەویش ئەندامی حزبی دیموکراتە لە ڕووداوەکەدا برینداربووە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئەو هێرشە لەلایەن کەسێک بەناوی ڕەسووڵ ئازەڕەخش ئەنجام دراوە کە پێشتر ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستان بووە، شەش ساڵ لەمەوبەر پاش جیابوونەوەی لە حزبەکە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران. هەروەها دەشڵێت پاش ئەنجامدانی کارەکە خۆی گەیاندووەتە سنوور و پەنای بۆ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر سنووری قەڵادزێ بردووە.

بە پێی زانیارییەکان سەعدی مورادپووریش لەلایەن هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراوە بۆ لێکۆڵێنەوەکردن.

دەیان ساڵە بنکەو بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناو هەرێمی کوردستاندان و لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر و پێشتریش لە ساڵی 2021 لە دوو ڕووداوی جیادا مووسا باباخانی، ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بێهروز ڕەحیمی، چالاکی سیاسیی کورد، وەک سەرچاوەکان ئاماژەیان پێکردووە بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان کوژران.

لە ڕاگەیاندراوەکەیدا حزبی دیموکرات داوای لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمیش کردووە بەرامبەر بەم هێرشانە هەڵوێستیان هەبێت " وێڕای مەحکومکردنی ئەم کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕادەگەیەنین کە ماشینی تێرۆری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژبە تێکۆشەرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاراتر لە جاران لە پیلانگێڕی و دەستوەشاندندایە و داوامان لە لایەنە پێوەندیدارەکانی دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە بەرانبەر بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێست بنوێنن."

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی عێراق هیچ لێدوانێکیان لەم بارەیەوە نەداوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.