دوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆی دوور کەوتنەوەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانی لە شاری سلێمانی، مەکتەبی تایبەتی شێخ نەهرۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو "لە پێناو چاکەی گشتیدا" بڕیاریداوە لە سلێمانی دوور بکەوێتەوە و تەنها لە بۆنەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە.
مەکتەبی تایبەتی شێخ نەهرۆ لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، "لە ماوەی شەش مانگدا کە کێشەی زۆر گەورە هەبووە لە نێوان یەکێتی و پارتی و ئەو برایانەدا، شێخ نەهرۆ زۆر هەوڵیداوە کە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و نێوەندگیریان بکات، بەڵام هەموو هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون. سەرباری ئەوەی کە هەوڵماندا بەینیان چاک بکەین، تاوانباریان کردین. ئەو تاوانبارکردنەش هەمووی دوور بوو لە ڕاستیەوە."
دەشڵێت،" سەرباری هەوڵەکانی شێخ نەهرۆ بەمەبەستی نێوەندگیری نێوان حزبە سیاسیەکان و باشتر کردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوانبارکراون و تۆمەتیان بۆ دروستکردوون، بۆیە شێخ نەهرۆ بڕیاری داوە سلێمانی بەجێبهێڵێت. داوامان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی مەرکەزی کرد کێییە ئەم تاوانانەمان بۆ دروستەکات، باڵام کەس وەڵامی نەداینەوە."
لە ماوەکانی ڕابردوودا، لە پەیجێک بە ناوی"پانۆراما میدیا" چەند ڤیدیۆیەک بڵاو کرایەوە لەسەر یەکێک لە کەسە نزیکەکەنی شێخ نەهرۆ بە ناوی "سەربەست ساڵح" کە لە ڤیدیۆکاندا تۆمەتبار کرابوو بە تێوەگلان لە هەبوونی پەیوەندی ژێڕ بەژێر لەگەڵ پارتی و چەندین تۆمەتی تریش.
سەرچاوەیەک لە تەکیەی کەسنەزانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە لێدان بوو لە کەسایەتی سەربەست ساڵح، چونکە وا بڕیار بوو سەرۆکی ئەو ڕەوتە سیاسیە بێت کە بڕیاربوو لە ماوەیەکی نزیک ڕایبگەیەنن و مۆڵەتیشی بۆ وەرگیرابوو."
وتیشی، "هۆکارێکی تریش ئەوەبوو کە کاک سەربەست بەرپرسی کارە بارزگانیەکانی تەریقەت و شێخ نەهرۆیە، بۆیە ویستیان بە هەموو شێوەیەک لە تەریقەت بدەن و شێخیش زۆر نیگەران بوو بۆیە دوور کەوتۆتەوە."
هەروەها نوسینگەی تایبەتی شێخ نەهرۆ لە سلێمانی ڕایگەیاند، "سەیری بارودۆخەکەمان کرد کە چاکە و ئیسڵاح لەوەدایە کە دوور بکەوینەوە لە سلێمانی، لەبەر ئەوەی کەس باسمان نەکات. جەنابیشی وای بەباشزانی کە دوور بکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی نەیتوانی کە خزمەتی خەڵکەکەمان بکات و دەرفەتیان نەدا کە ئاسودەیی بۆ خەڵک بنیاد بنێت."
نوسینگەکە جەختیکردەوە لەوەی دوورکەوتنەوەی ڕێبەری تەریقەتەکە کاریگەری بکاتە سەر چالاکیەکانی لەو شارە. ڕاشیگەیاند، "تەریقەت وەک و جاران بە ئاسایی ئیش و کاری خۆی بەڕێ بکات بێ کێشە. هیچ کەس وەکیل و بەرپرسی تەریقەت نیە بێجگە لە خۆی (شێخ نەهرۆ) نەبێت. خۆی شەخسی سەرپەرشتی تەریقەت لە سەرانسەری جیهان دەکات؛ هەموو دەروێش و کەس و خەلیفەکان وەک و کچ و کوڕ و براو خوشکی خۆیی سەیردەکات."
ئەو حزبەی شێخ نەهرۆ ویستی ڕایبگەیەنێت
دەنگی ئەمەریکا زانیویەتی ناوی حزبەکەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانی کە بڕیاربوو بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و مۆلەتیشیان بۆ وەرگرتبوو بریتیبوو لە حزبی ئایندەی ڕووناکی کوردستان. لە ئیستادا ئەندامانی ئەو تەریقەتە ئامادەکاریەکانیان بۆ ڕاگەیاندن و کارە سیاسیەکانیان وەستاندووە.
سەرچاوەکەی تەکیەی کەسنەزانی ڕایگەیاند "شێخ لە شارە عێراقیەکان و لە ناو جەماوەرە عەرەبەکانیدا درێژە بە کارە سیاسی و ئایینیەکانی دەدات."
پێشی وایە بە دەمەوە هاتنی شێخ نەهرۆ چی لە ڕووی ئاینی و سیاسیەوە لە هەرێمی کوردستان وەک پێویست نەبووە، بۆیە چالاکیەکانی بردۆتە شارە عەرەبیەکان.
سەرچاوەکە ڕایگەیاند، "بەدەمەوە نەهاتنی کورد و سەرۆک عەشیرەتەکان و خەڵکی بەگشتی؛ لە بەرامبەردا عەرەب زیاتر بەدەمییەوە دەهاتن و ژمارەیان زۆرتر بوو، بۆیە نزیکەی ساڵێک دەبێ شێخ لەمە نیگەرانە و گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە لە کوردستان جەماوەری زۆر نابێت و سەرکەوتوونابێت. بۆیە لەئێستادا چالاکییە ئایینی و سیاسییەکانی بردۆتە شارە عەرەبییەکان."
ئەو سەرچاوەیە خۆپیشاندانەکەی شوێنکەوتوانی تەریقەتەکەی کە پێنجی ئەم مانگەی لە شاری ڕومادی ئەنجامدرا وەک "یەکەم هەنگاو" ئەژمارکرد.
وتیشی، "لە یەکەم هەنگاویشدا و دروشمی دژی گەندەڵی بەرزکرایەوە."
بەگوێرەی سەرچاوەکە بێت، بەدەر لە پرۆژە سیاسی و تەریقەتە دینیەکەی شێخ نەهرۆ، پرۆژە بازرگانیەکانی یەکێکی تر بووە لە کێشەکانی شێخ نەهرۆ لەگەڵ بەرپرسانی کورد لە هەرێمی وکوردستاندا.
سەرچاوەکە وتی، "تەریقەت دەیویست لە هەرێمی کوردستان چەند پڕۆژەیەکی بازرگانیی هەبێت، بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەردوولا ڕێگربوون. بەدەر لەوەی لە پرۆژە سیاسیەکەش ڕێگر بوون و ئێران ڕۆڵی هەبوو لەوەی پرۆژە سیاسیەکە فەشەل پێبهێنێت."
وتیشی"لەگەڵئەوەشدا تەریقەت پڕۆژەیەکی واقیعی و سەردەمیانەی پێ نەبوو بۆ هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان یەک بگرێتەوە. زیاتر بە تێڕوانینی عەرەبی کار دەکرا، نەک بە تێڕوانین و دیدگایەکی کوردییەوە."
بەڵام مەکتەبی تایبەتی شێخ نەهرۆ هۆکاری بڕیارەکەی سەرۆکەکەیان تەنیا بۆ دژایەتی کردن و تاوانبارکردنیان گەڕاندەوەو وتی"تەنیا لە پێناو خەڵکی هەرێمی کوردستان کە شێخ پێی وابوو ناتوانێت خزمەتیان وەک پێویست بکات ئەمانە ڕوویانداوە."