مێزگرد: ئەردۆغان و وەرچەرخانەوە بەرەو ڕۆژئاوا

سەرۆکی تورکیا لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆدا ڕایدەگەیەنێت، دۆسێی ئەندامێتی وڵاتی سوید لە هاوپەیمانێتییەکەدا دەخاتە بەردەوم پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ بڕیاردان.

پێشتر ئانکەرە جەختی دەکردەوە لەوەی هەرگیز دەنگ نادات بە ئەندامێتی وڵاتی سوید، ئەگەر بێتوو بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە بەجێنەگەیەنێت کە پێشتر لە مەدرید مۆریان کردبوو.

وەک زۆرێک لە شیکەرەوە ئاماژەیان پێدەکرد؛ تورکیا ئەو مافی ڤیتۆیەی هەیەتی لە ناتۆدا بەکاریدەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر.

داوا و مەرجەکانی تورکیا لە سەرەتادا سەبارەت بە کورد بوون و بەتایبەتیش لە پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە کوردییەکانیش لە سوریادا.

ئانکەرە، واشنتۆن، برۆکسل، پەکەکە بە هێزێکی تێرۆریست دەناسێنن لە ناوچەکەدا؛ هەرچەندە تورکیا جەخت دەکاتەوە لەوەی پەیەدە و یەپەگە لە سوریادا بەشێکن لە پەکەکە، بەڵام ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا وەک هاوبەش لەو دوو هێزەی کورد دەڕوانێت لە سوریادا، هاوبەش لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و مەترسییەکانی تری ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان.


میوانەکانی مێزگرد:

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا

شوان حەمە، نوسەر و لێکۆڵەر

لە سەروبەندی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ناتۆدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا هیچ باسێکی نەکرد لە داوا و مەرجەکانی پێشووی، بەڵکو داوایەکی نوێ دەخاتە بەردەم هاوپەیمانێتییەکە و دەڵێت "ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا پەیوەستە بە ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا."

لە دوای کڕینی موشەکەکانی جۆری ئێس 400 لە ڕوسیا و پاش دەستپێکردنی شەڕی سەپێندراوی ڕوسیا بەسەر وڵاتی ئۆکرایندا، پەیوەندییەکانی ئانکەرە و مۆسکۆ بوژاندنەوەیەکی گەورەیان بە خۆوە بینی و بە ئەندازەیەکیش بوو کە چاودێر بە گومانێکی زۆرەوە لێیان دەڕوانی و دەیانووت "ئەندامێکی ناتۆ، دەڕوات بەرەو مۆسکۆ."

لێرەدا پرسیارگەلێکی گرنگ هەن، لەوانە، ئایا تورکیا بەم سیاسەتە ناوخۆییانەی هەیەتی دەتوانێت مەرجەکانی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا بپارێزێت؟ یانیش ئەوەی ئایا وڵاتی سوید دەستبەرداری پرەنسیپ و بەهاکانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت؟

ئەی دەبێت ئەم وەرچەرخانەوەیەی تورکیا بەرەو جیهانی ڕۆژئاوا لەبەرچی بێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش لەم لینکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

مێزگرد