وتەبێژی ڕەوتەکەی ئەدهەم بارزانی: چەقی قورسایی سیاسیمان سلێمانی و کەرکوک دەبێت

ئەدهەم بارزانی

وتەبێژی جوڵانەوە سیاسیەکەی ئەدهەم بارزانی ڕایدەگەیەنێت، هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن یاخود نا. دەشڵێت لەگەڵ ئەوەی دەیانەوێت لە هەموو هەرێمی کوردستاندا ڕێکخستنی سیاسی دروست بکەن بە ناوچەکانی بادینانیشەوە، چەقی کارەکانیان لە سلێمانی و کەرکوک دەبێت.

وریا سەعید ڕەواندزی، وتەبێژی ڕەوتە سیاسیەکەی ئەدهەم بارزانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بارەگامان لە زۆر شوێن دەبێت، بە ناوچەی بادینانیشەوە. لە ئێستادا ڕێکخراوەکانمان لە هەندێ ناوچەدا دەستیان بەکارەکانیان کردووە، بەڵام چەقی قورسایی سیاسیمان سلێمانی و کەرکوک دەبێت."

دەشڵێت، "گفتووگۆمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە کردووە، کە ئایە بەشدار بین یاخود نا، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە، چونکە دەبێت قەبارەت خۆمان بزانین؛ دووەم ئایە دەتوانین داخوازی خەڵك لە ڕەوتە سیاسیەکەمان جێبەجێ بکەین؟ بۆیە تا ئێستا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە لەسەر ئەو بابەتە و لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدەین."

"هێڵی سێیەم"

جوڵانەوە سیاسیەکەی ئەدهەم بارزانی ناوی هێڵی سێیەمە. دامەزرێنەرانی دەڵێن ئامانجیان ئەوەیە جیاواز لە حزبە دەستەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێستای هەرێم کار بکەن.

وریا سەعید دەڵێت، "ئامانجمان لە هێڵی سێیەم ئەوەیە ئێمە نە بەشێکین لەو حزب و ڕێکخراوانەی کە ئێستا دەسەڵاتیان هەیە لە هەرێمی کورستان، نە بەشێکین لەو معارەزەیەی هەیە. ئێمە پرۆژەیەکی سیاسیمان هەیە بۆ چارەسەر کردنی کێشە سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتیانەی بەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە لە ئەنجامی سیاسەتی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی ڕابردووی کە نەیانتوانیوە ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن."

بەشێک لە چاودێران لە هەرێمی کوردستاندا پێشتر تۆمەتی ئەوەیان ئاراستەی ئەدهەم بارزانی کردووە کە گوایە لە ژێر ئەجێندای ئێراندا کار دەکات و لە تارانەوە پشتگیری دەکرێت.

بەڵام وتەبێژی هێڵی سێیەم ئەوە ڕەتدەکاتەوە دەڵێت ڕەوتەکەیان تەواو سەربەخۆیە. دەشڵێت، "سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرامان هەیە. لە هەمانکاتدا ئامادەین گفتووگۆ بکەین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندیەن هەیە لە هەرێمدا. ئەگەر هەر پەیوەندیەکمان هەبێت بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێم لەبەر چاو دەگرین."

"دژایەتیمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە"

پەیوەندی ئەدهەم بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەستەڵاتدار یەکێکی ترە لە پرسە سەرەکیەکانی پەیوەست بەم جوڵانەوەیە.

پێشتر لە 11ی مانگی یازدەی 2022، ئەدهەم بارزانی ڕایگەیاند، بەرپرسی پاسەوانەکانی بەناوی فەرید عەبدولعەزیز بازی لە ناوچەوی بارزان لەلایەن ئاسایشەوە ڕفێندراوە. دوای چەند مانگێک و لە18 ی مانگی چواری 2023 ئەو بەرپرسە ئازادکرا.

لەمبارەوە وتەبێژی هێڵی سێیەم دەڵێت،" ئێمە زانیاریمان نییە کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە کاک ئەدهەم کرابێت، تەنها ئەوە نەبێ کە لەم دواییە بەرپرسی پاسەوانەکانی گیرابوو، ئەوەش دوای چەند مانگێک مانەوە لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام ماوەی ساڵێکە ئەدهەم بارزانی لە ئێرانە و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان."

دەشڵێت، "ئێمە وەک ڕەوتی سێیەم، دژایەتیمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە؛ وە سیاسەت بە ڕق و کینەش ناکرێت. بەرنامەیەکی سیاسیمان هەیە. لەسەر ئەو بنەمایەش توانیومانە کۆمەڵێک خەڵکی سیاسی و ڕۆشنبیر لە ناوە و دەرەوە لە دەوری بەرنامەکەمان کۆ بکەینەوە."

پشتیوانی پرۆژە سیاسیەکە

سەرەڕای لێدوانەکەی وریا سەعید سەبارەت بە پشتیوانی کۆمەڵێک "کەسی ناسراوو لە نوخبە و ڕۆشنبیر و سیاسی"، بەڵام ئەو ئامادە بەبوو ناوەکانیان ئاشکرابکات و تەنها وتی، "لە داهاتوودا بڵاوی دەکەینەوەو ئێستا با بمێنێت."

لە هەرێمی کوردستان چەندین حزب بوونیان هەیە، کە بەشیکیان لە دەسەڵاتن و بەشەکەی تریشیان وەک ئۆپۆزسیۆن لەدەرەوەی دەسەڵاتن.

وتەبێژەکەی "هێڵی سێیەم" دەشڵێت لە ماوەیەکی "زۆر نزیکدا" چالاکیەکانیان لە دیدار و کۆڕ و کۆبونەوە دەستپێدەکەن بۆ ئەوەی پەیامەکەیان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاشنابکەن.

ئەدهەم بارزانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیابۆتەوە و دوایەمین بەرپرسیارێتیشی لەناو پارتیدا ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە بوو. پێشتر هۆکاری وازهێنانی لە پارتی گەڕاندەوە بۆ ناڕازیبوونی لە حزبەکەی و گوێنەگرتن لە داواکاریەکانی بۆ "چاکسازی".

وریا ڕەواندزی دەڵێت، "کاک ئەدهەم وەک مرۆڤیکی ڕیفۆرمخواز کۆمەڵێک پێشنیاری خستووەتە بەردەم سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتی داوای لێکردوون ڕیفۆرم بکرێت لە بەرنامەی حکومەت و هەروەها لە سیاسەتی ناوخۆی حزبەکە. دوای ئەوەی بێ هیوا بوو، ئیتر لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵک لە هەوڵی هێڵی سێیەمە. ئێستا سەرپەرسشتیاری ‌هێڵی سێیەمە، تەنانەت ئامادەیە لەو ڕەوتەدا وەک کادرێک بێت بێ ئەوەی بەرپرسیارێتیەک وەرگرێت."

بەو پێیەی ئەدهەم بارزانی ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە بوو لە شاری سلێمانی، لە پرسیاری ئایە لە ماوەی بەرپرسیارێتی ئەدهەم بارزانی لە ناو پارتی و بە تایبەتیش لە سلێمانی چی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە؟

وریە سەعید دەڵێت "کاک ئەدهەم ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بووە، سیاسەتی پارتی جێبەجێ کردووە، ئەویش ناڕازی بووە بۆیە بڕیاریداوە هێڵی سێیەم ڕابگەیەنێت."