سەرۆکی تورکیا سەردانی ژمارەیەک وڵات لە ناوچەی کەنداودا دەکات و وەک ڕاگەیەندراوەکانی تورکیا دەڵێن ئەم سەردانانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماتی و ئابورییەکانی نێوان ئەنکەرە و وڵاتانی کەنداوە.
گەرموگوڕکردنەوەی ئەو پەیوەندیانە دوا بەدوای ساردیی و پشێوییەکی زۆری نیوان تورکیا و عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دێن.
سەرۆکی تورکیا بەر لە دەستپێکردنی سەردانەکەی، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران لە فڕۆکەخانەی ئەستانبوڵ وتوویەتی " بەو هیوایەین پەرەبدەین بە پەیوەندییەکانمان و هاوکارییەکانیش لە زۆر بواردا؛ سەنگیی دەخەینە سەر وەبەرهێنان و پرۆژەی هاوبەشی بازرگانی."
دۆسێی کوشتنی جەمال خاشوقچی، ڕۆژنامەوانی عەرەبستانی سعودیە لە کونسوڵخانەی شانشینەکەدا لە ئەستانبوڵ، توڕەیی و ناڕەزاییەکی زۆری تورکیای بە دوای خۆیدا هێنا و کاریگەرییەکی زۆر خراپیشی کردە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و ئەنکەرە. ئەمە بێ لەوەی وەک دەگوترا هەوڵەکانی ئەو دوو وڵاتە ئیسلامییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ببنە پێشەنگ لە جیهانی ئیسلامیدا بەشێکی سەرەکی ناکۆکییەکانیان بوون.
میوانەکانی بەرنامە:
شوان حەمە، نوسەر و لێکۆڵەر
دکتۆر کاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی سیاسی
هەرچۆنێک بێت زۆرێک لە شیکەرەوە وەها لەم سەردانەی ئەردۆغان دەڕوانن کە سپیکردنەوەی لاپەڕەکانی ئەو ناکۆکیانەیە و وەک دەڵێن دەشێت بەرەنجامەکانی تۆکمە کردنی ئەو پەیوەندیانە ڕۆڵی گرنگیان هەبێت لە گەشەکردن و هەروەهاش لە سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەدا.
ڕای جیاوازیش هەن لەسەر ئەو سەردانانە، لێرەشدا شیکەرەوە دەڵێن حکومەتی نوێی تورکیا پێویستی بە هەموو هەنگاوێکە بۆ هەڵسانەوەی ئابوری و داراییەکەی.
ئابوری تورکیا لە ڕەوشێکی خراپدایە و نرخی لیرەی تورکیاش لە ئاستێکی زۆر نزمدایە.
شیکەرەوە ڕایەکی تریشیان هەیە لە پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و ڕوانین و سیاسەتی تاران لەو ناوچەیەی جیهاندا، وەک دەڵێن لەوانەیە ئێران خۆشحاڵ نەبێت بە نزیک بوونەوەی تورکیا و وڵاتانی کەنداو و وەک لێدانێک سەیری بکات لە بەرژەوەندییەکانی ئێران.
ئایا هەر وڵاتانی کەنداو بەسن تا بگوترێت ئابوری تورکیا هەڵدەستێتەوە سەر پێی خۆی؟
ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن دەڕوانێتە ئەم کرانەوەیەی تورکیا بە ڕووی وڵاتانی کەنداودا؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش لەم لینکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5